بافڵ تاڵەبانی: گۆڕانکارییەکان لەسەر بنەمای پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و ڕزگاربوون بووە لە بەرژەوەندیی شەخسی
  2021-07-31       355       
بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، گۆڕانکارییەکان لەسەر بنەمای پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و ڕزگاربوون بووە لە دەستەگەری و بەرژەوەندیی شەخسی، بەم ھەنگاوانەش یەکێتییەکەی مام و شەھیدان و تێکۆشەرانمان لە ھەڵدێر پاراست.

ئاوێنه‌: بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەمڕۆ یەكشەممە پێشوازی لە مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و وەفدێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئامادەیبوون، گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشھاتە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەکانی ھەرێم و عێراق کرا و هەردوولا بۆچوونی خۆیان لەبارەی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خستەڕوو.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش، ھەردوولا بەگرنگییەوە جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانییان کردەوە بە ئاڕاستەی لێکنزیکردنەوەی زیاتر و ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتی، ھاوڕاشبوون کە ئەم قۆناغە وادەخوازێت ماڵی کورد ڕێکبخرێتەوە و دوای ھەڵبژاردنەکانیش زەمینەی لەبار بڕەخسێنرێت بۆ کاری پێکەوەیی تاوەکو ھەموو لایەنەکانی کورد لە چوارچێوەی بەرەیەکی نیشتمانی لە بەغداد پێکەوە یەک پەیامی کوردستانی بگەیەننە عێراق و داکۆکی لە مافە دەستوورییەکان بکرێت.

ھەر لەکۆبوونەوەکەدا بەوردی باس لە سیاسەتی نوێی یەکێتی کرا و بافڵ تاڵەبانی وەفدی میوانی دەربارەی گۆڕانکارییەکان بەرچاوڕوونکرد و ڕایگەیاند، “ڕێڕەوی حیزبیی یەکێتی لەسەر شاڕێیەکی تەندروستی ڕێکخراوەییە و درێژە بە ھەمان سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدرێت و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دۆستەکانمان بونیاد دەنێنەوە، بە گیانی لێبوردەییەوە لەگەڵ ھەمووان پێکەوە درێژە بەخەبات دەدەین لەپێناو کوردستانێکی بەھێزتر و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی خۆشەویستی کوردستان”.

جەختی لەوەش کردەوە گۆڕانکارییەکان لەسەر بنەمای پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و ڕزگاربوون بووە لە دەستەگەری و بەرژەوەندی شەخسی، بەم ھەنگاوانەش یەکێتییەکەی مام و شەھیدان و تێکۆشەرانمان لە ھەڵدێر پاراست.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×