“مانەوەی ئەمریكا لە سوریا، بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلە”
  2021-07-31       320       

ئەندامێكی ئەنجومەنی نیشتمانی كورد ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا ئەمریكا بەدوای ئەوەدا نییە قەیرانی سوریا چارەسەر بكرێت.

ئاوێنه‌: فادی مەرعی ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمریكا لە سوریا ناكشێتەوە و وڵاتێكی گرنگیشە بۆ سوریا بەتایبەت بۆ كوردەكان.

وتیشی”سیاسەتی ئەمریكا لەبارەی سوریاوە لەسەرەتای گۆڕانكارییەكانی ئەم وڵاتەوە هێشتا نەگۆڕدراوە و لە ئێستادا ئەمریكا بەدوای چارەسەرێكدا نییە بۆ قەیرانی سوریا و جەخت لەسەر شەڕی تیرۆر دەكاتەوە لەو وڵاتە”.

ئاشكراشیكرد، باسكردن لە كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا وەكو ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوویدا، هێشتا زووە، چونكە لەوێ بۆ ماوەی بیست ساڵ مایەوە پاشان بڕیاری كشانەوەی دا.

ڕوونیشیكردەوە، كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا هاوسەنگیی دەگۆڕێت و ناكۆكییەكانی نێوان ئێران و ڕوسیا و توركیا لەبارەی سوریاوە زیاتر دەردەخات، چونكە پاش ئەمریكا ئەم سێ لایەنە بۆ بەدەستهێنانی پشكی زیاتر لە سوریا دەكەونە ڕكابەریی یەكترییەوە و بەدوای ئەوەدان بنكە و پێگەیان لە سوریا ببێت.

جەختی لەوەش كردەوە، بەگشتی ئەمریكا نایەوێت لە سوریا بكشێتەوە و بوونی ئەوان بۆ پاراستنی ئاسایش و سنوورەكانی ئیسرائیلە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×