داوا دەکرێت، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق بە کەسێکی دیکە بگۆڕدرێت
  2021-08-01       528       
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی داوادەکات، جنین بلاسخارت، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق بە کەسێکی دیکە بگۆڕدرێت.

ئاوێنە: خەڵەف عەبدولسەمەد، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا داوایکردووە، بلاسخارت بەهۆی لێدوانەکانی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، لە پۆستەکەی دوربخرێتەوە.

پێشتر هاوپەیمانی سەدر و حزبی شیوعی و حزبەکەی ئەیاد عەلاوی کشانەوەی خۆیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، لە دوای ئەوەش دەنگۆکانی دواخستنی هەڵبژاردن ڕووی لە زیاد بوون کردووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نوری مالکی ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی بلاسخارت کرد، ئەویش بەهۆی ئەوەی باسی لەوەدەکرد، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە ڕۆژی 10-10-2021 ئەنجامبدرێت، دوادەخرێت.

نیگەرانى بەشێک لەلایەنە عێراقییەکان لەسەر نوێنەرى نەتەوەیەکگرووەکان لە عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەى کە ناوبراو دەست لەکاروباری ناوخۆی عێراق وەردەدات و لەبارەى هەلبژاردنەکانەوە دەستوەردان دەکات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×