سەرۆکی نوێی ئێران: کار دەكه‌ین بۆ لابردنی سزاکانی ئەمریکا
  2021-08-03       434       
ئیبراهیم ڕەئیسی
دوای ئەوەی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی وەکو سەرۆکی نوێی وڵاتەکە پەسەندی کرد، ئیبراهیم ڕەئیسی وتی، ئێران هەنگاو دەنێت بۆ لابردنی سزاکانی ئەمریکا له‌سەر وڵاتەکەی.

ئاوێنه‌: ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی نوێی كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران لەوتارێکدا دوای دەستبەکاربوونی رایگه‌یاند، "کاردەکەین بۆ لابردنی ئەو سزا ناڕەوایانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە سەپێندراون." 

ئاماژەشی بەوەشدا كه‌ حکومەت هەوڵدەدات گوزەرانی هاوڵاتیانی باشتر بکات کە بەهۆی سزاکانەوە زیانێکی زۆرییان بەرکەوتووە.

دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا لەڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015ی نێوان ئێران‌و زلهێزەکانی جیهان کشایەوەو سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا کە بونە هۆی پەکخستنی ئابوری ئەو وڵاتە.

لەمانگی چوارەوە ئێران و شەش وڵاتی زلهێز لەگفتوگۆدان بۆ زیندوکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، بەڵام بەرپرسانی ئێران و ڕۆژئاوا دەڵێن هێشتا کۆسپی گەورە ماون.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەفتەی ڕابردو لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەکوەیت وتی، "لە ڤیـیەننا دانوستاندنی ناڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئێرانیـیەکاندا کردو نیازپاکی و خواستی گەڕانەوە بۆ سەر ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەمان پیشانداوە." وتیشی، "ئێستا تۆپەکە لەگۆڕەپانی ئێراندایەو دەبێت بڕیار بدات." جەختی کردەوە لەوەی ناکرێت دانوستاندنەکان بۆ هەتاهەتایە بەردەوامبن.

لە 20ی شەشدا خولی شەشەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران دواخرا، دوو ڕۆژ دوای ئەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ سەرۆکایەتی ئێران هەڵبژێردرا.

لایەنەکانی بەشدار لە دانوستانەکاندا هێشتا ئاشکرایان نەکردووە کەی خولی دواتری دانوستانەکان لە ڤییەننا دەستپێدەکەنەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×