لە عێراق 73 توشبوی دیكەی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
  2021-08-04       382       

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا 12 هەزارو 713 توشبوی نوێی كۆرۆنا تۆماركراون و هاوكات 73 توشبوی دیكەی ڤایرۆسەكەش گیانیان لەدەستداوە: سێ هەزارو 172 توشبو و 24 گیانلەدەستدانیان لە پارێزگاكانی هەرێم تۆماركراون.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 51 هەزارو 899 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان 12 هەزارو 713 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون كە سێ هەزارو 172 توشبویان لە هەرێم بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە كەمتر بون لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە شەش هەزارو 574 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 73 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە 24یان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بون.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە یەك ملیۆن و 673 هەزارو 84 كەس و لەوانە 18 هەزارو 938 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو یەك ملیۆن و 494 هەزارو 760 كەسیان چاكبونەتەوەو 159 هەزارو 386 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە هەزارو هەشت توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×