جەمیل هەورامی: كێشەی هاوسەرۆكانی یەكێتی لەسەر دەسەڵاتە نەك چاكسازی
  2021-08-04       1472       

جەمیل هەورامی، سەرۆکى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکانى کوردستان رایگەیاند، کۆبونەوەى ئەمڕۆى مەکتەبى سیاسى یەكێتی لەبارەى كێشەی نێوان هاوسەرۆکانى حزبەكە بێ ئەنجام بوە. دەشڵێت "ناکۆکی هاوسەرۆکانی یەکێتی لەسەر دەسەڵاتە نەک لەسەر چاکسازی." هەروەها هەوڵدانی بۆ رێککەوتنی لاهور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی وەکو "كوتینی ئاسنی سارد" ناوبرد.

ئاوێنە: جەمیل هەورامى، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە كەناڵی ئێن ئاڕ تی، رایگەیاند، کۆبونەوەى مەکتەبى سیاسى لەبارەى کێشەکانى هاوسەرۆکانى یەکێتى بێ ئەنجام بوە و باس لەو بابەتەش کراوە و نەگەیشتونەتە هیچ ئەنجامێک.

سەرۆکى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکانى کوردستان وتیشى، چاوەڕێ دەکرێت کۆبونەوەى ئەنجومەنى سەرکردایەتى بکرێت و لەوێدا کێشەکان تاوتوێ بکرێن و یەکلایى بکرێتەوە.

جەمیل هەورامى رونیکردەوە، پێکهاتەى حزبەکەى بۆ سیستمى هاوسەرۆکى ناگونجێت و وتى، ناکرێت حزبێکى وەک یەکێتى دو کەس بەڕێوەى ببات، ئەوەشی خستەڕو، ئەگەر سەرۆکێک و دو جێگرى هەبوایە باشتر بو.

راشیگەیاند "ناکۆکی هاوسەرۆکانی یەکێتی لەسەر دەسەڵاتە نەک لەسەرچاکسازی"، ئەوەشی وت"ناکۆکییەکانی یەکێتی زیانی گەورە لە حزبەکە دەدات لە هەڵبژاردندا."

لەبارەى رۆڵى ئەنجومەنى باڵاى سیاسى یەکێتى لەچارەسەرکردنى کێشەکان، جەمیل هەورامى ئەنجومەنەکە بە بێ رۆڵ و بێ کاریگەری ناوبرد لە کێشەکان و ئاماژەى بەوە کرد، لەوەتەى دامەزراوە هیچ بڕیارێکى نەبوەو هیچ کێشەیەکیان پێ چارەسەر نەکراوە و وتیشى، لەبەر ئەوە بێدەنگن.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەنجومەنى سەرکردایەتیش دابەشبوە و بەوتەى ئەو بەو حاڵەتەش ناتوانێت بڕیار بدات لە کێشەکان.

سەرۆکى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکانى کوردستان هەوڵدان بۆ رێککەوتنی لاهور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی وەکو "كوتینی ئاسنی سارد" ناوبردو ئاشكراشی كرد كە سەردانی لاهور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی کردوە بەڵام بێ ئومێدیان کردوەو سودی نەبوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×