عەسائیبی ئەهلی حەق : به‌ یه‌ك مه‌رج هێرشه‌كانمان بۆ سه‌ر ئه‌مریكا راده‌گرین
  2021-08-05       397       


بەپرسێکی میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەق بەسەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی کە یەکێکە لەگروپە گەورەکانی ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی نزیک لەئێران ڕایگەیاند، هێزەکانیان بەیەک مەرج ئامادەیە هێرش‌و پەلامارەکانیان بۆسەر هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق ڕابگرن.

محەمەد بەلداوی پەرلەمانتارو ئەندامی مەکتەبی سیاسیی میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگه‌یاند، "هەرکاتێک بەشێوەیەکی ڕون‌و ڕاشکاوو بەنوسراوی فەرمی خشتەی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا ڕاگەیه‌نرا، ئەوکاتە ئەوان بەئامانجگرتنی هێزو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەعێراق ڕادەگرن".

ڕاگەیاندنی کوتلەی عەسائیب لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش لەزاری بەلداوییەوە بڵاویکردۆتەوە، بابەتی بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق کاتێک کۆتایی دێت کە بەپێی خشتەیەکی کاتیی ئەرکی هێزە سەربازییەکان ئەمریکا لەعێراق‌و ژمارەو شوێنی مانەوەیان‌و کاتی کشانەوەیان لەعێراق دیاریبکات، نەوەک بەو شێوەیە گوماناوەییەی ئێستا لەلایەن بەغداو واشنتۆنەوە باسی لێوەدەکرێت.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، بەرپرسەکەی عەسائیبی ئەهلی حەق باسی لەوەکردوە، لەئەنجامی کارەکانی پێشوی ئەمریکییەکان، هیچ جۆرە متمانەیەک لەنێوان گەلی عێراق‌و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا نەماوە.

جەختیشیکردۆتەوە، "ئەوەی لەماوەی ڕابردودا لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق‌و ئەمریکا ئەنجامدرا ناکرێت پێی بوترێت ڕێککەوتن، لەبەرئەوەی ڕێککەوتن دەبێت لەلایەن هەردولاوە هەنگاوەکانی نوسراوو واژۆکراوبن، جگەلەوەی بەهیچ جۆرێک بەشێوەیەکی ڕون‌و ڕاشکاو باسی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق ناکات، بەڵکو تەنها باس لەگۆڕینی ئەرکی هێزەکان دەکات".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×