هۆشیار زێباری :ئێستا زەمینەکە لەبارترە بۆ نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی
  2021-08-05       937       


ئەندامێکى مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، سیناریۆى کێشەکانى ناو یەکێتى ئەوان نەیاننوسیوە و ئێستا زەمینەکە لەبارترە بۆ نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە داهاتوودا.  

ئاوێنه‌: هۆشیار زێباری لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى رووداو لەبارەى گۆڕانکارییەکانی نێو یەکێتی وتى "ئەمە کێشەیەکی نێوخۆی یەکێتییە، پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە، بەڵام بەڕاستی لە دوای دروستبوونی ئەو کێشە نیوخۆییانە، ئێمە بێلایەن بووینە".

لە وەڵامى پرسیارێکدا لەبارەى ئەەى بۆچی هەندێکجار تۆمەتبار دەکرێن بەوەی لە بنەڕەتدا سیناریۆیەکە پارتی نووسیویەتی، زێباری دەڵێت "نەخێر، ئێمە هەرگیز نە سیناریۆیەکەمان نووسیوە، نە دەستوەردانمان کردووە، بە پێچەوانەوە لە ماوەی دروستبوونی ئەو کێشەیە هەموو لایەنەکان تەقدیری هەڵوێستی ئێمە دەکەن".

دەشڵێت "ئەمە کێشەی نێوخۆیە و خۆیان بڕیاری خۆیان دەدەن، بەپێی بنەماکانی نێو یەکێتی، حەز دەکەین بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر ببێت، چونکە نە لە بەرژەوەندی هەرێم و نە لە بەرژەوەندی سلێمانییە، نە لە بەرژەوەندی ئێمەیە وەکو پارتی، چەند زووتر بتوانن زاڵ بن لەسەر ئەمە ناوماڵی خۆیان رێکبخەن، بە دڵنیاییەوە بەپێی تەوافوقی خۆیان".  

زێبارى جەختیکردووەتەوە، زەمینەکە لەبارترە بۆ نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە داهاتوودا، ئاراستەکە بەرەو ئەوەیە.  

 میدیا فەرمی و نیمچە فەرمییەكانیتری یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی پێداگرن لەسەر ئەوەی بازنەی دەوروبەری لاهور جەنگی و دووان لە براكانی هۆكاری سەرەكی تەشەنەكردنی قاچاخچێتی و پارە سپیكردنەوە و داگیركردنی زەوی و بەكارهێنانی هێزە ئەمنییەكانیان بوون بۆ مەرامی شەخسی لەژێر دەسەڵاتی یەكێتی، لە بەرامبەریشدا لاهور شێخ جەنگی جەخت لەوە دەكاتەوە ئەوەی بەرامبەری كراوە پیلانگێڕی توركیا و پارتییە و هۆكارەكەشی هاوكاریكردنی بووە بۆ رۆژئاوای كوردستان و هەوڵدانی بووە بۆ گۆڕینی باڵانسی هێز لەنێوان پارتی و یەكێتی.     

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×