ئەردۆغان: لە هەشت رۆژدا ١٨٧ ئاگر لەتوركیا كەوتووەتەوە
  2021-08-05       489       

سەرۆك كۆماری توركیا دەڵێت، لەماوەی هەشت رۆژدا 187 ئاگر لەوڵاتەكەیدا كەوتووەتەوەو تائێستا 15یان بەردەوامە.

ئاوێنه‌: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەبارەت بەو ئاگرەی لە سەرانسەری وڵاتەكەیدا دارستانەكانی گرتووەتەوە رایگەیاند: " لە هەشت رۆژدا ١٨٧ ئاگر كەوتووەتەوە. تا ئێستا لەو ئاگرانە ١٥یان بەردەوامە و بەشێكیان قەتیس كراون".

ئەردۆغان ئاماژەی بەوە كرد، وەك زۆرێك لە وڵاتانی جیهان لە وڵاتەكەشیاندا هەڵكشانێكی بەرچاو لە كەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەكاندا روویداوە، و بەپێویستی زانی ئەوە بە سیاسەت تێكەڵ نەكرێت.

سەبارەت بە هەڵمەتەكانی كوژاندنەوەی ئاگرەكان، سەركۆماری توركیا رایگەیاند: " لە ئێستادا ١٦ فڕۆكە لەبەردەستە، بەوانەوە كە ئەمڕۆ گەیشتوون ژمارەكە گەیشتووەتە ٢٠. لەپاڵ ئەوەشدا ٥١ هێلیكۆپتەر هەیە. بەردەوام ئەوانە لە كاردان".

وتیشی: "هەوڵ و كۆششمان لەبەرامبەر ئاگرەكان بەردەوامە، رێگە نادەین دزە بكات و بەردەوام بەگژ ئاگرەكاندا دەچینەوە".

لەبارەی بانگەشەكانی ئۆپۆزسیۆن لەبارەی كارەكانی كوژاندنەوەی ئاگرەكان، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "درۆی وەك بۆچی لێرە فڕۆكە نییە، بۆچی هێلیكۆپتەر نییە، بڵاوكردنەوەی تیرۆرە".

ئەردۆغان جەختی لەوەكرد، ئاگر و كارەكانی ناوچەكانی نیشتەجێبوون بەرپرسیارێتیی گەورە شارەوانییەكانە و، رایگەیاند: "سیاسەتی توركیا سیاسەتێكی بێ ئۆپۆزسیۆنە. لە توركیادا ئۆپۆزسیۆن تیرۆر بڵاودەكاتەوە".

رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "لە توركیا تیرۆری درۆ هەیە، بەڵێ هەیە. كێ دەیكات؟ ئۆپۆزسیۆن. هەندێك پێی دەڵێن ئۆپەراسیۆنی بەلاڕێدابردن بەڵام ئەمە لە بنەڕەتدا تیرۆری درۆیە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×