سەفین دزەیی: دەبێت بەغدا رێگری لەو هێرشانە بكات كە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان
  2021-08-05       650       

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كومەتی هەرێم دەڵێت، حكومەتی فیدڕاڵی بەرپرسی یەكەمە بۆئەوەی كە ڕێگە نەدات دەستدرێژی بكرێتە سەر خاكی هەرێمی كوردستان.

ئاوێنه‌: سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت، هەرێمی كوردستان هەمیشە هەوڵیداوە فاكتەرێكی سەقامگیر بێت لەناوچەكە، هەروەها دەستی دۆستایەتی بۆ وڵاتانی دەوروبەر و گەلانی دەوروبەریش درێژ بكات بەهەمان شێوە چاوەڕوانی ئەوە دەكەین كە ئەو دۆستایەتییە دوولایەنە بێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكان و ڕێزگرتن لە سەروەری یەكتر بێت.

سەبارەت بەو دەستدرێژییانەی كرانە سەر خاكی هەرێم سەفین دزەیی دەڵێت، ” ئەو دەستدرێژیانەی كە لەسەر هەرێمی كوردستان كراوە چ بە موشەك و چ بە درۆن جێی نیگەرانی هەموولایەكمانە و پێویستە جێی نیگەرانی هەموو لایەك بێت، بەڵام بەداخەوە ئەو لیژنە هاوبەشانەی كە لەنێوان هەولێر و بەغداد پێكهاتووە بۆ بەدواداچوون و بە مەلموسی دیاریكردنی لایەنەكان هیچ ئەنجامێكی نەبووە، هەرچەندە لەڕووی شوێن یاخود ئەو زانیاریانەی كە لەبەردەست بووە سەبارەت بە كەسانێك كە لەپشتەوە بوون، ئەو زانیاریانە هەیە، بەڵام پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زیاتر هەیە.”

دزەیی زیاتر وتی” سنوردانان بۆ ئەو هێزانە بەپلەی یەكەم حكومەتی فیدڕاڵی لێی بەرپرسە چونكە هەرێم بەشێكە لەعیراق، وە ئەو ملیشیانەش ئەوانەی كە ناویان دێت لەناو خاكی عیراقن و بەشێكیشیان لەسەر بودجەی دەوڵەتی عیراق تەمویل-پارەدار دەكرێن بۆیە حكومەتی فیدڕاڵی بەرپرسی یەكەمە بۆئەوەی كە ڕێگە نەدات ئەو دەستدرێژیانە لەسەر هەرێمی كوردستان بكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×