گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لە عێراق گەیشتە 19 هەزار كەس
  2021-08-05       217       
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا 11 هەزارو 871 توشبوی نوێی كۆرۆنا تۆماركراون و هاوكات 62 توشبوی دیكەی ڤایرۆسەكەش گیانیان لەدەستداوە: سێ هەزارو 220 توشبو و 14 گیانلەدەستدانیان لە پارێزگاكانی هەرێم تۆماركراون.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 50 هەزارو 706 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان 11 هەزارو 871 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون كە سێ هەزارو 220 توشبویان لە هەرێم بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە كەمتر بون لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە حەوت هەزارو 461 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 62 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە 14یان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بون.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە یەك ملیۆن و 684 هەزارو 955 كەس و لەوانە 19 هەزار كەسیان گیانیان لەدەستداوەو یەك ملیۆن و 502 هەزارو 221 كەسیان چاكبونەتەوەو 163 هەزارو 734 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 933 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×