بافڵ تاڵەبانی: سیخوڕیكردن بەسەر كەسایەتییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانەوە بنبڕدەكەین
  2021-08-05       1584       

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بافڵ تاڵە‌بانی و قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک سە‌رۆك عەشیرەت و کەسایەتی کۆمەڵایەتی کۆبونەوە. بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، "لێدان لە سەروەری یاسا و سیخوڕیکردن بەسەر کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکەوە بنبڕ دەکەین و هیچ کەسێکیش نابورین و رادەستی دادگای دەکەین."

ئاوێنە: نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی، كەمێك لەمەوبەر لەبارەی كۆبونەوەكە كە تێیدا رزگار عەلی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و سەعدی ئەحمد پیرە، ئاسۆ مامەند، د.سۆران جەمال تاھیرو ئەمین بابە شێخ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئامادەیبون، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە بافڵ تاڵەبانی لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی"هەر بڕیارێک درابێت لەپێناو چاکسازی و بەرژەوەندی گشتیدا بوەو خەڵکی خۆشەویستی سنوری سلێمانی و هەرێمی کوردستان سودمەندی یەکەم دەبن. گۆڕانکارییەکان بەردەوام دەبن و دەمانەوێت ژینگەیەکی لەبار و ئارام بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەر بکەین و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بکەین. هیچ کەسێک لەسەرو یاساوە نەبێت و هەموان هەست بە ئارامی و سەلامەتی بکەن. پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بە ئەرکی خۆمان دەزانین و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتییان کاری لەپێشینەمان دەبێت."

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە "وەکچۆن لە رابردودا هاوکارو پشتیوانی یەکێتی بون، داواتان لێدەکەین ئێستاش بەھەمان رۆحییەتەوە لەگەڵمان بن و پێکەوە هەنگاو بەرەو سەرکەوتن بنێین."

بەپێی راگەیەندراوەكە هاوسەرۆكی یەكێتی دڵنیاییشی دایە ئامادەبوان کە "چیتر دەستەگەری و کارکردن لەپێناو بەرژەوەندی شەخسی قبوڵ ناکەین. لێدان لە سەروەری یاسا و سیخوڕیکردن بەسەر کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکەوە بنبڕ دەکەین و هیچ کەسێکیش نابورین و رادەستی دادگای دەکەین."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لای خۆیانەوە سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان رایانگەیاند، ئێمە لەرابردودا پشتیوانی یەکێتی و سەرۆک مام جەلال بوین، لەداهاتوشدا هەروا دەبین. داواکارین یەکێتی بە هەمان رۆحییەتی مام-ەوە بەردەوام بێت لە خەبات و لەناو خەڵکدا بێت. پشتیوانتان دەبین بۆ چاکسازی و هەموان پێکەوە بە ئاراستەی ژیانێکی ئارام هەنگاو دەنێین و بەها باڵاکانی کوردەواری دەپارێزین."

دەقی راگەیەندراوەكە...

بافڵ تاڵە‌بانی و قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک سە‌رۆك عەشیرەت و کەسایەتی کۆمەڵایەتی کۆبونەوە.

لە‌كۆبونە‌وە‌یە‌كدا کە رزگار عەلی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و سەعدی ئەحمد پیرە، ئاسۆ مامەند، د.سۆران جەمال تاھیر  و ئەمین بابە شێخ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئامادەیبون، بافڵ تاڵەبانی بەگرنگییەوە ڕۆڵی سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییە کۆمەڵاتییەکانی لە کۆمەڵگای کوردەواری بەرزنرخاند و رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕێزێکی زۆرەوە لە مێژوی خەبات و قوربانیدانی عەشیرەتەکانی کوردستان دەڕوانێت و ئەوان داینەمۆی شۆڕش و پێشەنگی گیانفیدایی بون لەپێناو کوردستان و یەکێتییەکەی مام. ئێمە ئەو مێژوە درەوشاوەیەی ئێوە لەبیرناکەین و یەکێتی حیزبی ئێوەیە.

لەبارەی گۆڕانکارییەکانی نێو یەکێتییەوە هاوسەرۆک بەرچاوڕونی دایە ئامادەبوان و وتی، هەر بڕیارێک درابێت لەپێناو چاکسازی و بەرژەوەندی گشتیدا بوە و خەڵکی خۆشەویستی سنوری سلێمانی و هەرێمی کوردستان سودمەندی یەکەم دەبن. گۆڕانکارییەکان بەردەوام دەبن و دەمانەوێت ژینگەیەکی لەبار و ئارام بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەر بکەین و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بکەین. هیچ کەسێک لەسەرو یاساوە نەبێت و هەموان هەست بە ئارامی و سەلامەتی بکەن. پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بە ئەرکی خۆمان دەزانین و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتییان کاری لەپێشینەمان دەبێت.

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد وەکچۆن لە رابردودا هاوکار و پشتیوانی یەکێتی بون، داواتان لێدەکەین ئێستاش بەھەمان رۆحییەتەوە لەگەڵمان بن و پێکەوە هەنگاو بەرەو سەرکەوتن بنێین. دڵنیاییشی دایە ئامادەبوان کە چیتر دەستەگەری و کارکردن لەپێناو بەرژەوەندی شەخسی قبوڵ ناکەین. لێدان لە سەروەری یاسا و سیخوڕیکردن بەسەر کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکەوە بنبڕ دەکەین و هیچ کەسێکیش نابورین و رادەستی دادگای دەکەین.

لای خۆیانەوە سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان رایانگەیاند، ئێمە لەرابردودا پشتیوانی یەکێتی و سەرۆک مام جەلال بوین، لەداهاتوشدا هەروا دەبین. داواکارین یەکێتی بە هەمان رۆحییەتی مام-ەوە بەردەوام بێت لە خەبات و لەناو خەڵکدا بێت. پشتیوانتان دەبین بۆ چاکسازی و هەموان پێکەوە بە ئاراستەی ژیانێکی ئارام هەنگاو دەنێین و بەها باڵاکانی کوردەواری دەپارێزین.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×