شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: حزبەكەمان خەریك بو دەبوە هێزێكی موخابەراتی تۆقێنەر
  2021-08-06       3118       

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی دەستەی كارگێڕی یەكێتی رایگەیاند، كێشەی نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی كێشەیەكی خێزانی نییە بەڵكو كێشەیەكی حزبییە. دەشڵێت: " بافڵ تاڵەبانی ژەهراوی كراوە"و جەختیش دەكاتەوە كە "حزبەكەی ئێمە خەریك بو دەبوە حزبێكی موخابەراتی و تۆقێنەر كە جەماوەری خۆی بتۆقێنێت" و دەشڵێت: هەڕەشەی جوڵاندنی هێز بۆ سەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی "پڕوپاگەندەیە."

ئاوێنە: ئەو قسانەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا هاتون لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوكراوەتەوە.

كێشەكان "حزبی"ن نەك "خێزانی"
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لە سەرەتای چاوپێكەوتنەكەدا رەتیدەكاتەوە كێشەی نێوان هەردو هاوسەرۆكی حزبەكە، "كێشەیەكی خێزانی" بێت بەڵكو بە "كێشەیەكی حزبی" ناوی دەبات بەو پاساوەی هاوسەرۆكی یەكێتی، دو كەسایەتی گشتین.


"كاری لیژنەكانی چاكسازی گەیشتە شوێنێك و ئەچەقین"
ئەو ئەندامەی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی باسی لەوەشكردوە كە ئەوان 27 لیژنەیان بۆ چاكسازی لەنێو حزبەكە بڕیار لێدابو، بەڵام بەقسەی ئەو "لەگەڵ ئەوەشدا کە لیژنەکان ئیش و کارەکانی خۆیان جێبەجێ دەکردو پێشنیارەکانی خۆیان بەرز دەکردەوە ئەگەیشتە شوێنێک و ئەچەقی."

وتوشیەتی"بۆیە ئەم کێشانەی کە ڕویانداوە بە ڕاستی هەر وەکو وتم کێشەی حزبین. ڕاستە ئەو دو کەسە خزمی یەکتری بونە کە لەو ڕوەوە ئەکرێت تۆ بڵێیت خراوەتە چوارچێوەی خێزانییەوە، بەڕەئی من هەر لە سەرەتاوە هەڵەبو کە بە ناوی کێشەی خێزانی ناوی لێبنرێت چونکە کێشەکە زیاتر پەیوەندی بە حزبەکەمانەوە هەبو."

"ئەو گۆڕانكارییانەی كراون بەشێكیان پەیوەندییان بە حكومەتەوە هەبوە"
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەیدا لەبارەی ئەوەی بڕیارەكانی بافڵ تاڵەبانی بەرامبەر بە لاهور بەبێ گەڕانەوە بۆ ئۆرگانەكانی یەكێتی، "پێشێلكاری" نین؟ وتویەتی"نەخێر. ئەگەر تۆ لە چوارچێوەی حزبیدا تەماشای بکەیت، ئەو گۆڕانکارییانەی کە کراون، ئەو هەڵوێستانەی کە وەرگیراون بە ڕاستی بەشێکی پەیوەندی بە حکومەتەوە هەبوە، بەشێکی پەیوەندی بە حزبەوە هەبوە، هەمو ئەو گۆڕانکاریـیانەی کە بەرنامەی بۆ دانراوە و پێشتر باسی لێوەکراوە، هەندێکی وەکو وتم پەیوەندی بە حکومەتەوەیە. ڕاستە ئەوانە هەندێکی نوێنەری حزبن، بەڵام حزب داوا لە حکومەت دەکات بیگۆڕێت و هەروەها ئێمە چەند جار لە کۆبونەوەکانی مەکتەبی سیاسیدا باسی ئاڵوگۆڕمان کردوە کە پۆستەکان هەندێکی دەبێت گۆڕانکاری تێدا بێت، هەندێکی زۆر دەمێکە لەو شوێنانە ماوەتەوە، هەندێکی پێویستە خەڵکی بە ئەزمون بێنە پێشەوە، هەندێکی بەو شێوازە مامەڵەی نەکردوە لەگەڵ خەڵکدا، لەبەر ئەوە خەڵک لێی ڕازی نیـیە، تەنانەت لە کۆبونەوەکانی لەگەڵ گۆڕانیشدا باسی ئەوەمان کردوە کە پۆستە خۆجێییەکان و پۆستەکانی کە هەمانە، پێداچونەوە بە هەر هەمویاندا بکرێت و ئەو گۆڕانکارییانە بکرێن."

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەتوانم بڵێم ئەو گۆڕانکارییانەی کە داوامان کردوە گۆڕانکاری هەمو حزبەکە بوە، چونکە پێم وتن لە چەندین مەحزەردا ئێمە داوای گۆڕانکاریمان کردوە، بە ڕەئی من گۆڕینی دو پۆست لەناو حزبێکدا بە ڕاستی پێویستی بەم هەمو کێشە و گرفت و ئاڵۆزییە نەدەکرد، چونکە هەر کەسێک دەبێت تەوەقوعی ئەوە بکات کە لە پۆستێکدا لاببرێت بە تایبەتیش ئەو کەسانەی کە چەند سکاڵای خەڵک لەسەر کەسێک کە لە پۆستێکدا دانراوە تۆ وەکو حزب و وەکو حکومەتیش دەبێت ئیجرائات بەرامبەر بەوانە بکەیت."

"پێكەنینم بەوە دێت كە دەوترێت وەك ئەندازیاری لادانی لاهور شێخ جەنگی رۆڵم هەبوە"
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لەبارەی ئەوەی كە وەك ئەندازیاری لادانی لاهور شێخ جەنگی رۆڵی هەبوبێت، وتویەتی"زۆر پێکەنینم بەو مەوزوعە دێت. زۆر کەس باس لەوە دەکات و زۆر کەسیش دەیخاتە چوارچێوەی کودەتاوە و نازانم لەم قسانەی کە دەکرێت لەمبەر و لەوبەردا، من خۆم کارگێری ئەم حزبەم و لە پلەیەکی زۆر بەرزدام و هیچ وەختێکیش تموحی ئەوەم نەبوە کە شەخسی یەکەم بم و ناشمەوێت بەرپرسیارێتی حزبێکی 46 ساڵە بخەمە سەر شانی خۆم."

دەستی دەرەكی لەم كێشەیەدا "نییە"
لەبەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەیدا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، وەڵامی ئەو كەسانەی داوەتەوە، كە ئەو روداوانە بە "كودەتا" ناودەبەن و باس لە بونی دەستی دەرەكی دەكەن لەوانە رۆڵی توركیا، ئێران و تەنانەت پارتیش و وتویەتی"لە ڕاستیدا ئەمە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نیـیە و بە هیچ شێوەیەک ڕاستی تێدا نیـیە، درۆیەکی شاخدارە، زۆر زۆر بە داخەوە، ئەوە کێشەیەکی حزبیە من هەرگیز لەو بڕوایەدا نیم، هەر یەکێک لەو وڵاتانە کێشەیەکی زۆر زۆری ناوخۆی خۆی هەیە، کێشەی وڵاتەکانی خۆیان هەیە، ئایا ئەوان هیچ ئیش و کاریان نییە دابنیشن دەسیسە دابنێن و داوا لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بکەن بەرپرسی کەرتێک یان بەرپرسی کۆمیتەیەک یان بەرپرسی دائیرەیەکمان لاببرێت! من نازانم بۆ ئەو خەڵکە ئەم گۆڕانکارییەی خستوەتە بابەتێکی ئیقلیمی و دەولییەوە، من دوبارەی دەکەمەوە ئەسڵ و ئەساسی نیـیە و درۆیەکی زۆر گەورەیە."

"بەڵێ بافڵ تاڵەبانی ژەهرخوارد كراوە"
ئەندامەكەی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی دەكرێن لە "گەندەڵی، ژەهراویکردنی هێرۆ خان و بافڵ تاڵەبانی"و بونی بەڵگە لەوبارەیەوە، وتویەتی"هەندێک شت هەیە کە زۆر زو دەتوانی ئیسپاتی بکەیت، هەندێکی پێویستی بە لیژنە هەیە، پـێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە، پێویستی بە کۆکردنەوەی بەڵگەی زۆرتر هەیە، هەندێکی من دەتوانم بڵێم بەڵێ بەڵگە هەیە، بەڵێ بەڵگەکان هەموی ئامادەن، هەندێک لەو بەڵگانەو ئەو هەڵوێستانەی کە دەبێت بەرامبەر بەو تۆمەتە وەکو کە خۆتان دەڵێن ئەو تۆماتانەی خەڵک باسی دەکات، ئەوە دەبێت لە ڕوی یاساییەوە ڕوبەڕوی یاسا بکرێتەوە، چونکە ئێمە حاکم نین و مەحکەمە نین، ئێمە کۆمەڵێک شت هاتۆتە پێشەوە، بە بەڵگەوە هەیەو هێشتا لیژنەکانیش بەردەوامن لە ئیش و کارەکانی خۆیان... بۆ مەسەلەی ژەهر خواردنی بافڵ من ناتوانم ئینکاری ئەوە بکەم کە ئەو کارە نەکراوە، بەڵێ کراوە."

وتوشیەتی"ئەوەش کارێکی زۆر زۆر ناشرین بو، نە ئەبوایە هەرگیز هیچ کەسێک لەم سەدەیەدا لە ساڵی 2021 دا پەنا بەرێتە بەر ئەو شێوازەی لەناوبردنی ڕکابەرەکەی یان براکەی یان ئامۆزاکەی یان هاوسەرۆکەکەی خۆی، ئەوە کارێکی زۆر زۆر نابەجێ بو."

"هەمو بەڵگەكان دەبرێنە بەردەم ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی"
ئایا یەكێتی ئەو بەڵگانە بڵاودەكاتەوە؟ لەوەڵامی ئەمەدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتویەتی"بەڵێ، هەر کاتێک، وەکو وتم ئەوانەی پەیوەندی بە حزبەوە هەیە کە دەبێت حزب ئاگاداری بێت، بەڵێ دڵنیاتان دەکەمەوە کە هەمو ئەو بەڵگانە دەبرێنە بەردەمی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەروەها ئەوانەشی کە پەیوەندی بە خەڵکەوە هەیە، بە بژێوی خەڵکەوە هەیە، بە ئارامی خەڵکەوە هەیە، بە ئەرزو زەوی و موڵک و ماڵ و سەروەت و سامانی ئەم میللەتەوە هەیە، هەمو ئەوانە هی گشتین و دەبێت هەمو ئەوانە ڕوبەڕوی دادگا بکرێنەوەو لە ڕوی یاساییەوە یەکلابکرێنەوە."

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد باسی لەوەش كردوە كە ئەوە تەنها هەر لاهور و براکانی ناگرێتەوەو "ئێمە وەکو حزب کە بەڵێنی ئەوەمان داوە چاکسازی بکەین، چاکسازی دەبێت هەر هەمو کەسێک بگرێتەوە، بەبێ گوێدانە پلەو پایەی حزبی و کۆمەڵایەتی ئەو کەسە."

بۆچی ساڵێك یاخود چەند مانگێك لەمەوبەر باس لەو تۆمەتانە نەكراوە؟

 بۆچی ساڵێك یاخود چەند مانگێك لەمەوبەر باس لەو تۆمەتانە نەكراوە؟ ئەندامەكەی دەستەی كارگێڕی یەكێتی لەوەڵامدا وتویەتی"لە ڕاستیدا ئەم شتانە هەموی وەکو باسیشم لێوەکرد هەموی مقۆ مقۆ بو، خەڵک باسی دەکرد، لەناو شار باس دەکرا، لەناو حزبدا باس دەکرا، بەڵام ئەوە بو بە ئیجرائاتێکی حزبی بەرامبەر بەم هەمو مقۆ مقۆ و بەم هەمو قسەو بێنە و بەردانە نەئەکرا، من نایشارمەوە بەشێک لەوانەش دەگەڕێتەوە بۆ میدیا و ئەم سۆشیاڵ میدیایانە کە شتەکانیان بە شێوازێک تێکەڵ بە یەکتری دەکرد کە وەهای لێدەهات تۆ بڕوا بەم قسانەش نەکەیت."

هەروەك وتویەتی"بەڵێ ئەم ئیجرائاتانە لە ڕاستیدا وەکو پێم وتن، ئێمە 27 لیژنە تاوەکو ئێستا ئیشی کردوە، بەشێک لەو لیژنانەش پەیوەندی بەو چاکسازییانەوە بوە بە ڕاگرتنی ئەم هەمو دیعایە بوە، ئەو هەمو زەوییە داگیرکراوە، ئەو هەمو زەوییە فرۆشراوە، ئەو هەمو تەجاوەزە بوە، هەندێک مەسەلە هەبوە پەیوەندی بە فڕۆكەخانەی سلێمانیەوە هەبوە، هەندێکی پەیوەندی بە سەرانە سەندن هەبوە لە سەرمایەدارەکان، هەمو ئەمانە کێشە بونە هاتونەتە پێشەوە، ئەم کێشەیەی کە ئێستا لە فڵان ڕۆژەدا یان لە فڵان دەقە و سانیەدا ڕویانداوە شتێک نەبوە کە بڵێیت لە ناو حزبدا ڕویان‌ دابێت. نەخێر پێشتر لێکۆڵینەوە بۆ زۆر بابەتی لەوانە کراون، ئەو کاتە هەوڵدرا کە بەبێ تێوەگلاندنی هەمو شتێک ئەو شتانە چارەسەربکڕێن و ڕێگری بکرێت و ڕابگیرێت، بەڵام بە داخەوە نەکرا، کە نەکرا تۆ ناتوانیت هەر بەردەوام بیت و بهێڵیت ئەو خەڵک بەو شێوەیە ئازار بکێشێت."

"ناڵێین هەرچی گەندەڵییە كەسێك كردویەتی"
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، رەتیكردۆتەوە هەرچی تۆمەتە لە پەیوەست بە گەندەڵییەوە بخرێتە سەر لاهور شێخ جەنگی و وتوشیەتی"ئێمە ئەڵێین چەندین لیژنە دانراوە، تەحقیق کراوە، پیاداچونەوە کراوە، مەسەلەی ئەرزەیە، مەسەلەی جگەرەیە، مەسەلەی فڕۆكەخانەیە، مەسەلەی نازانم چیـیە، خەڵکێکی تریش دەستی هەیە لەو شتانە، دەرمانە، هەر شتێکە، ئەمە تەنها کەسێک نییە کە تۆ ڕوبەڕوی بڵێیت هەمو ئەمانە فڵان کەس کردویەتی، نەخێر وەها نیـیە، لە هەمو کێشەیەکدا کۆمەڵێك خەڵکن، هەمو ئەو کەسانە دەبێت ڕوبەڕوی دادگا ببنەوە. ئەم مەسەلەیە تکایە با ناچێتە چوارچێوەی ئەوەی کە هەمو ئەو شتانە ئەو بە تەنیا کردونی، نەخێر هەندێک شت کە کراوە لەوانەیە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بەوەوە نەبێت، پەیوەندی بە کەسێکی نزیکیەوە هەبێت یان پەیوەندی بە هاوڕێیەکمانەوە هەبێت، یان پەیوەندی بە کەسێکی ترەوە هەبێت لەناو حزبەکە یان پێشوتر لە حزبەکەدا بوبێت، ئەوانە هەموی من دڵنیام کە هەمو ئەو کەیسانە هەمو ئەو بابەتانە کە لێکۆڵینەوەی لێکراوە بە ویژدانەوە، بە سدقەوە دەدرێتە دەستی یاسا و لە ڕێی یاساوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."

"تەحریمكردنی شەڕی پەكەكە بڕیاری یەكێتییە نەك شەخس"
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا رەتیكردۆتەوە لەدوای لاهور شێخ جەنگی، ترسی ئەوە هەبێت یەكێتی بچێتە شەڕی پەكەكەوەو هاوكاری توركیاو پارتی بكات و وتوشیەتی"ئەو بڕیارە، بڕیاری تەحریمکردن و تەجریمکردنی شەڕی کورد و کورد لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە ئیمزاکراوە، بە لاچونی من یان بە لاچونی لاهور یان بە لاچونی هیچ کەسێک ئەو بڕیارە ناگۆڕێت، ئەوە بڕیارێکی تەواو حزبییە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو بڕیارەی داوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ئەسڵ و ئەساسی نیـیە، ئەو بڕیارانە بڕیاری شەخس نەبون، بەڵکو بڕیاری خودی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە."

"ماڵی كۆسرەت رەسوڵ ئازیزی ئێمەن"
لەبارەی ئەوەی كە باس لەوە دەكرێت ئەگەر لاهور دوربخرێتەوە لە داهاتودا، ترس لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ عەلی-ش دروست دەبێت كە كوڕانی مام جەلال ئەوانیش پەراوێز بخەن، شاناز وتویەتی"نازانم ئەسڵەن بۆ باس لەوە وەدەکرێت، چونکە هیچ شتێک نابینم، هەڤاڵێکیان ئەندامی دەستەی کارگێڕییە، ئەوی تریشیان ئەندامی سەرکردایەتییە، هەردوکیشیان زۆر زۆر کەسانی نزیک و ئازیزی ئێمەن."

"من چی بكەم ئەو برادەرە  پێش هەڵبژاردنەكان هەوڵی لەناوبردنی هاوسەرۆكەكەی تری دا"
هەتا چەند ئەمە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکاندا هەیە؟ نەدەکرا چاوەڕوانبن هەتا دوای هەڵبژاردن ئەم کارە ئەنجامبدرێت؟ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەوەڵامدا وتویەتی"لە ڕوی مەنتقەوە دەبوایە وەها بوایە، بەڵام من چی بکەم ئەو برادەرە پێش هەڵبژاردنەکان هەوڵی لەناوبردنی هاوسەرۆکەکەی تری دا، ئەبوایە تۆزێک رابوەستایە تا دوای هەڵبژاردن."

هەڕەشەی جوڵاندنی هێز بۆ سەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی "پڕوپاگەندەیە"
ئەندامەكەی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، هەڕەشەی جوڵاندنی هێزی بۆ سەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی بەمەبەستی دەستگیركردنی بە "پڕوپاگەیەكی تری ئەو لەشكرە ئیعلامییە" ناوبردوە كە بەقسەی ئەو "تاکو ئێستا بەو شێوەیە ئیشیانکردوە لە دژی هەمو تاکێکی ئەم حزبە، لە دژی هەمو کەسایەتییەکی ئەم شارە و هەمو کەسایەتییەکی ئەم کوردستانە."و وتوشیەتی"چەند ساڵێکە ئەو حەملانە بەردەوام هەبوە بۆ چەواشەکردنی خەڵک، بۆ نیگەرانکردنی خەڵک، بۆ تۆقاندنی خەڵک، بۆ ئەوەی وەها لە خەڵک بکەن ئاوڕ لە کێشە گەورەکان نەدەنەوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "هێز نەجوڵاوە، ئەو هێزانە نەئەجوڵێن، نەجوڵاون، نە هیچ کەسێکیش بە تەمای ئەوەیە هێز بجوڵێنێت. ئەوە تەنیا پڕوپاگەندەیەکە بۆ راکێشانی عەتفی خەڵک، بۆ ئەوەی بڵێت من مەترسیم لەسەرە. مەسەلەن دوێنێ شەو لە شاری سلێمانی یان پێرێ شەو ئەو بەزم و هەڵایە دروستبو، کە بوە هۆی نیگەرانکردنی خەڵکی ئەم شارە، مەترسییەکی لەلا دروستکردبون، کە وەرن ئەوە هێز هاتۆتە سەرمان، خەڵکەکە هەموی بینی بە چاوی خۆی نەهێز رۆیشتوە، نە کەس رۆیشتوە، نە کەس توخنی کەس کەوتوە، بە پێچەوانەوە سەیردەکەیەت لایەنێکی ترە هێز کۆدەکاتەوە و چەکدار دەهێنتە شارەکەوە کە ئەوەش بە ڕاستی بابەتێکی زۆر زۆر نایاساییە، بابەتێکی زۆر زۆر خەتەری ئەمنییە، ئەو کەسانەی کە کۆئەبنەوە لەو کۆڵان و لە بەردەرکی ئەو ماڵانە، تۆ نازانیت کێن، نازانیت بە چ نیازێک رۆیشتونەتە ئەوێ، ئەوا هەموی ئەڕوات، خەڵک لەوێ ئەژی، خەڵکی تری لێیە، ژنی لێیە، مناڵی لێیە. رۆیشتنی ئەو خەڵکە هەروا بە ئیعازێکی تەلەفونی، ئەمە بە ڕاستی کارێکی زۆر زۆر نەگونجاو و نامەقبولە."

ئەمریكی، بەریتانی و فەرەنسییەكان لەگەڵ هەردو لا دانیشتون و "گوێیان لە راستییەكان" بوە
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، باسی لەوەش كردوە كە ئەمریكییەكان، بەریتانییەكان و فەرەنسییەكان، دانیشتنیان كردوەو رای هەردو لایان گوێ لێبوەو رای خۆیشییان وتوەو "گوێیان لەراستییەكان" بوە، بەڵام وتویەتی"من ناتوانم بە ڕاستی بە ناوی ئەوانەوە قسە بکەم، هەر ئەوەندە دەتوانم بڵێم کە ئەوان وەفدی خۆیان ناردوەو بە ڕەسمی دانیشتون و گوێیان گرتوە لە هەمو بابەتەکان و ڕاستی و دروستی شتەکان. لەو باوەڕەدام لەلای خۆیان یەکلایی بوبێتەوە."

"حزبەكەی ئێمە خەریك بو دەبوە حزبێكی موخابەراتی و تۆقێنەر كە جەماوەری خۆی بتۆقێنێت"
لەبارەی ئەوەی ئاخۆ هیچ دەرچەیەك ماوە بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخەی یەكێتی تێكەوتوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتویەتی"مەسەلەی دەرچە لەم دۆخە، هەروەکو وتیشم بەشیکی مەسەلەی حزبییە کە لەڕێی ئەو کێشانەوە کە پەیوەندی بە خودی حزبەوە هەیە لە ڕێی پەیڕەوی حزبەکەمانەوە دەبێت یەکلایی بکرێتەوە، ئەوەشی پەیوەندی بە مەسەلەی یاساییەوە هەیە دەبێت لە ڕێی یاساو دادگاوە یەکلایی بکرێتەوە، ئیتر بەو ئومێدەی کە ئەم شتانە زیاتر درێژە نەکێشن، خەڵکیش ئەو شتەی لەلا دروست نەبێت کە ئەمە مەسەلەیەکی خێزانی بوە، نەخێر ئەمە خێزانی نیـیە، ئەمە مەسەلەیەکی ئیقلیمیی نییە، ئەمە بابەتێکی تەواو یاساییە، بابەتێکی تەواو حزبییە، حزبەکەی ئێمە حزبێکی سۆشیاڵ دیموکراتە، حزبەکەی ئیمە خەریک بو بە ڕێڕەوێکی زۆر زۆر نادروست و ناشایستەدا ئەڕۆیشت. حزبەکەی ئیمە خەریکبو ئەبو بە حزبێکی موخابەراتی، حزبێکی گوێگر، حزبێکی تۆقینەر، حزبێک کە بەڕاستی لایدابو، لە هەمو ڕێبازێک کە ئەم حزبەی لەسەر دروستبو بو، لایدابو لە ڕێبازی مام جەلال، لایدابو لەو پەیڕەوە جوانەی کە حزبی خەڵکە، لایدابو لە خوێنی شەهیدان، خەریکبو ئەبو بە حزبێک بە ڕاستی دودڵ دەبوی لەمانەوە تیایدا. چونکە بەو شێوەیە نەتدەتوانی قبوڵی ئەوە بکەیەت کە حزبەکەی مام حزبی شەهیدان ببێت بە حزبێکی موخابەراتی و حزبێکی تۆقینەر کە جەماوەری خۆی بتۆقێنێت. ئەو دەزگایانەی کە ناوناوبانگیان هەبوە لەلایەن چەند کەسێکەوە ئیستیغلال بکرێن، کە وەهای لێبێت ناو و ناوبانگی ئەو دەزگایانە بە شێوازێک ناشرین ببن کە خەڵک ئیتر بترسێت لێیان، خەڵک پشتیان پێنەبەستێت، بۆ تەنها لەبەر ئەوەی چەند کەسێک سەیتەرەی بەسەر ئەو دەزگایانەدا کردوە، ئەوە کارێکی ناشایستە بو."

دەقی چاوپێكەوتنەكە كە لەلایەن رۆژنامەنوس جانی دیلانەوە ئەنجامدراوە...

جانی دیلان: شاناز خانم لە سەرەتادا زۆر خۆشهاتن بۆ بەرنامەکانی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا. زۆری بە هیوابون یەکێتی لە پاش کۆنگرە لەو ململانێ و باڵباڵێنە ڕزگاری بێت، بەڵام بەوەی لە نێوان بافڵ و لاهور ڕوی‌دا، زۆری لە ناوەوە و دەرەوەی یەکێتی بێ ئومێد کرد. ئێوە وەکو ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبە ئایا ئەمە کێشەیەکی خانەوادەگییە یان حزبییە یاخود کێشەی نێوان ئامۆزاکانە و بەسەر هەمویاندا دەشکێتەوە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لە ڕاستیدا ئەوەی کە ڕویداوە من ناتوانم بڵێم کە کێشەیەکی خانەوادەییە چونکە ئەو کێشەیە پەیوەندی بە دو کەسایەتی ئەم هەرێمەوە هەیە، کە دو کەسایەتی گشتین وە هەردوکیشیان هاوسەرۆکی حزبێکن کە ئەیخاتە چوارچێوەی کێشەیەکی حزبییەوە، ڕاستە هەر هەمومان ئومێدێکی زۆر زۆرمان هەبو یەکێتی کە دروشمەکەمان نوێبونەوەی یەکێتی بوە، وە لەو کاتەشەوە کە دەستمان کردوە بە ئیش لە دوای کۆنگرەوە بە دەیان لیژان دانراون. من ئەوەندەی لە خەیاڵمدا بێت تاوەکو ئێستا27 لیژنەم حساب کردوە کە ئەم لیژنانە دانراون بۆ ئەو چاکسازییەی کە ئێمە وەکو حزب بڕیارماندابو بیکەین لە ناو حزبەکەدا، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ ئەوەشدا کە لیژنەکان ئیش و کارەکانی خۆیان جێبەجێ دەکرد و پێشنیارەکانی خۆیان بەرز دەکردەوە ئەگەیشتە شوێنێک و ئەچەقی، بۆیە ئەم کێشانەی کە ڕویانداوە بە ڕاستی هەر وەکو وتم کێشەی حزبین. ڕاستە ئەو دو کەسە خزمی یەکتری بونە کە لەو ڕوەوە ئەکرێت تۆ بڵێیت خراوەتە چوارچێوەی عائیلەوییەوە، وە بە ڕەئی من هەر لە سەرەتاوە هەڵەبو کە بە ناوی کێشەی عائیلەوی ناوی لێبنرێت چونکە کێشەکە زیاتر پەیوەندی بە حزبەکەمانەوە هەبو.

جانی دیلان: باشە بڕیاری بافڵ بەرامبەر بە لاهور بەبێ گەڕانەوە بۆ ئۆرگانەکانی یەکێتی، یاسای ناوخۆی یەکێتی، مەکتەبی سیاسی پێشێلی نیـیە لە چوارچێوەی کاری ڕێکخراوەیی و بڕیارێکی تاکە کەسییە بەستراوە بە خودی لاهورەوە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: نەخێر. ئەگەر تۆ وەکو لە چوارچێوەی حزبیدا تەماشای بکەیت، ئەو گۆڕانکارییانەی کە کراون، ئەو هەڵوێستانەی کە وەرگیراون بە ڕاستی بەشێکی پەیوەندی بە حکومەتەوە هەبوە، بەشێکی پەیوەندی بە حزبەوە هەبوە، هەمو ئەو گۆڕانکاریـیانەی کە بەرنامەی بۆ دانراوە و پێشتر باسی لێوەکراوە، هەندێکی وەکو وتم پەیوەندی بە حکومەتەوەیە، حکومەت خۆی. ڕاستە ئەوانە هەندێکی نوێنەری حزبن، بەڵام حزب داوا لە حکومەت دەکات بیگۆڕێت وە هەروەها ئێمە چەند جار لە کۆبونەوەکانی مەکتەبی سیاسیدا باسی ئاڵوگۆڕمان کردوە کە پۆستەکان هەندێکی دەبێت گۆڕانکاری تێدا بێت، هەندێکی زۆر دەمێکە لەو شوێنانە ماوەتەوە، هەندێکی پێویستە خەڵکی بە ئەزمون بێنە پێشەوە، هەندێکی بەو شێوازە مامەڵەی نەکردوە لەگەڵ خەڵکدا، لەبەر ئەوە خەڵک لێی ڕازی نیـیە، تەنانەت لە کۆبونەوەکانی لەگەڵ گۆڕانیشدا باسی ئەوەمان کردوە کە پۆستە خۆجێییەکان و پۆستەکانی کە هەمانە، پێداچونەوە بە هەر هەمویاندا بکرێت و ئەو گۆڕانکارییانە بکرێن.

جانی دیلان: دەتەوێت بڵێیت ئەم بڕیارە بڕیاری سەرجەم سەرکردایەتی یەکێتییە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: بەڵێ، ئەتوانم بڵێم ئەو گۆڕانکارییانەی کە داوامان کردوە گۆڕانکاری هەمو حزبەکە بوە، چونکە پێم وتن لە چەندین مەحزەردا ئێمە داوای گۆڕانکاریمان کردوە، وە بە ڕەئی من گۆڕینی دو پۆست لەناو حزبێکدا بە ڕاستی پێویستی بەم هەمو کێشە و گرفت و ئاڵۆزییە نەدەکرد، چونکە هەر کەسێک دەبێت تەوەقوعی ئەوە بکات کە لە پۆستێکدا لاببرێت بە تایبەتیش ئەو کەسانەی کە چەند سکاڵای خەڵک لەسەر کەسێک کە لە پۆستێکدا دانراوە تۆ وەکو حزب وە وەکو حکومەتیش دەبێت ئیجرائات بەرامبەر بەو هینانە بکەیت.

جانی دیلان: لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژە بە ڕۆڵی ئێوە دەکرێت وەکو ئەندازیاری لادانی لاهور، وەڵامی ئێوە چیـیە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: وەڵاهی من زۆر پێکەنینم بەو مەوزوعە دێت. زۆر کەس باس لەوە دەکات و زۆر کەسیش دەیخاتە چوارچێوەی کودەتاوە و نازانم لەم قسانەی کە دەکرێت لەمبەر و لەوبەردا، من خۆم کارگێری ئەم حزبەم وە لە پلەیەکی زۆر بەرزدام وە هیچ وەختێکیش تموحی ئەوەم نەبوە کە شەخسی یەکەم بم وە ناشمەوێت بەرپرسیارێتی حزبێکی 46 ساڵە بخەمە سەر شانی خۆم وە ئەگەر پلانەکەش یا هەر شتێک کە ئەو خەڵکە باسی لێوە دەکات، ئیتر بە هەر چ ناوێک ناوی دەبات بۆ ئەوە بێت کە پلەی خوشکەزاکانی خۆم بەرز بکەمەوە و بیانکەم بە شەخسی یەکەم بە ڕاستی ئەوان هەردوکیان شەخسی یەکەمن لە حکومەتدا پلەی لەوە بەرزترمان نیـیە هەتاوەکو هەوڵبدەم خوشکەزایەکم پلەکەی لەوە بەرزتربێت، لە حزبیشدا پلەی لەوە بەرزترمان نەبوە کە هەوڵی بەرزکردنەوەی پلەی بافڵی بۆ بدەم، بۆیە زۆر زۆرم پێ سەیرە ئەو خەڵکە بە بێ ئەوەی بیری لێبکاتەوە شوێن کۆمەڵێک قسە و پڕوپاگەندە دەکەوێت. ڕاستە ئەو دو خوشکەزایەی من بەبێ پلەش بە حوکمی دایک و باوکیان گەورەترین پلەیان هەیە. یانی شتەکە زۆر بە نادادپەروەرانە و بەبێ بیرکردنەوە لەناو خەڵکدا ئەو تۆمەتە بڵاودەکرێتەوە کە بەداخەوە شتێکی زۆر ناشرینە نەحزبییانەیە، بۆیە ناتوانم بیخەمە چوارچێوەی هیچ شتێکەوە جگە لە تۆمەتبارکردن و ناشرینکردنی ناوم.

جانی دیلان: هەرچەندە ئەو باسانە دەکرێت، بەڵام زۆر کەس ئەمە بە کودەتا ناودەبن، دەڵێن دەستی دەرەکی لە پشتەوەیە، وە باس لە ڕۆڵی تورکیا و ئێران و بگرە پارتیش دەکرێت، ئەمە تا چەند ڕاستە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لە ڕاستیدا ئەمە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نیـیە و بە هیچ شێوەیەک ڕاستی تێدا نیـیە، وە درۆیەکی شاخدارە، زۆر زۆر بە داخەوە، ئەوە کێشەیەکی حزبیە من هەرگیز لەو بڕوایەدا نیم کە ئەو وڵاتانە، هەر یەکێک لەو وڵاتانە کێشەیەکی زۆر زۆری ناوخۆی خۆی هەیە، کێشەی وڵاتەکانی خۆیان هەیە، ئایا ئەوان هیچ ئیش و کاریان نیـیە دابنیشن دەسیسە دابنێن و داوا لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بکەن بەرپرسی کەرتێک یان بەرپرسی کۆمیتەیەک یان بەرپرسی دائیرەیەکمان لاببرێت! من نازانم بۆ ئەو خەڵکە ئەم گۆڕانکارییەی خستوەتە بابەتێکی ئیقلیمی و دەولی و ئەم شتانەوە، من دوبارەی دەکەمەوە ئەسڵ و ئەساسی نیـیە وە درۆیەکی زۆر گەورەیە.

جانی دیلان: با بێینە سەر ئەو تاوانانەی ئاڕاستەی لاهور کراوە لە گەندەڵی، ژەهراویکردنی هێرۆ خانم و بافڵ، ئایا بە بەڵگە سەلمێنراون؟ وە ئەگەر سەلمێراون بۆچی تا ئێستا بڵاوناکرێنەوە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: هەر وەکو خۆتان دەزانن هەندێک شت هەیە کە زۆر زو دەتوانی ئیسپاتی بکەیت، هەندێکی پێویستی بە لیژان هەیە پـێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە، پێویستی بە کۆکردنەوەی بەڵگەی زۆرتر هەیە، هەندێکی من دەتوانم بڵێم بەڵێ بەڵگە هەیە، بەڵێ بەڵگەکان هەموی ئامادەن، هەندێک لەو بەڵگانە و ئەو هەڵوێستانەی کە دەبێت بەرامبەر بەو تۆمەتە وەکو کە خۆتان دەڵێن ئەو تۆماتانەی خەڵک باسی دەکات، ئەوە دەبێت لە ڕوی یاساییەوە ڕوبەڕوی یاسا بکرێتەوە، چونکە ئێمە حاکم نین و مەحکەمە نین، ئێمە کۆمەڵێک شت هاتۆتە پێشەوە، بە بەڵگەوە هەیە وە هێشتا لیژنەکانیش بەردەوامن لە ئیش و کارەکانی خۆیان، هەر کاتێک ئەو لیژنانە کاروباری خۆیانیان تەواو کرد بۆ مەسەلەی ژەهر خواردنی بافڵ من ناتوانم ئینکاری ئەوە بکەم کە ئەو کارە نەکراوە، بەڵێ کراوە، وە ئەوەش کارێکی زۆر زۆر ناشرین بو، نە ئەبوایە هەرگیز هیچ کەسێک لەم سەدەیەدا لە ساڵی 2021 دا پەنا بەرێتە بەر ئەو شێوازی لەناوبردنی ڕکابەرەکەی یان براکەی یان ئامۆزاکەی یان هاوسەرۆکەکەی خۆی، ئەوە کارێکی زۆر زۆر نا بەجێ بو.

جانی دیلان: شاناز خانم بە نیازن یەکێتی ئەو بەڵگانە بڵاوبکاتەوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: بەڵێ، هەر کاتێک، وەکو وتم ئەوانەی پەیوەندی بە حزبەوە هەیە کە دەبێت حزب ئاگاداری بێت، بەڵێ دڵنیاتان دەکەمەوە کە هەمو ئەو بەڵگانە دەبرێنە بەردەمی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەروەها ئەوانەشی کە پەیوەندی بە خەڵکەوە هەیە، بە بژێوی خەڵکەوە هەیە، بە ئارامی خەڵکەوە هەیە، بە ئەرز و زەوی و موڵک و ماڵ و سەروەت و سامانی ئەم میللەتەوە هەیە، هەمو ئەوانە هی گشتین و دەبێت هەمو ئەوانە ڕوبەڕوی دادگا بکرێنەوە و لە ڕوی یاساییەوە یەکلابکرێنەوە.

جانی دیلان: بەڵام ئەو جۆرە یاسایە هەر لاهور و براکانی دەگرێتەوە، یان هەمو کەسێک لەو هەرێمەی سەوزی سلێمانی - یەکێتی؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: نەخێر ئەوە بەس ئەوان ناگرێتەوە، مرۆڤ ناتوانێت بڵێت وەڵا من یاساییەک دەردەکەم بەس بۆ فڵان و فیسار، نەخێر. ئێمە وەکو حزب کە بەڵێنی ئەوەمان داوە چاکسازی بکەین، چاکسازی دەبێت هەر هەمو کەسێک بگرێتەوە، بەبێ گوێدانە پلە و پایەی حزبی و کۆمەڵایەتی ئەو کەسە.

جانی دیلان: کەسێک کە خاوەنی هەرە هەستیارترین پۆست بوە لە ناو یەکێتی وە لە لوتکەی ئەو حزبەدا بوە، چۆن وەها بە ئاسانی ئەو تاوانانەی ئاڕاستە دەکرێت؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لە ڕاستیدا نازانم مەبەست لەوەی کە چۆن وەها بە ئاسانی ئاڕاستەی دەکرێت، هەندێک شت دێنە پێشەوە کە تۆ بەبێ ئەوەی بزانیت کەسەکە کێیە پیاچونەوە بۆ شتێک دەکەیت، لێکۆڵینەوە لە شتێک دەکەیت، سەیر دەکەیت کەسێکی تری لە پشتەوە دەرئەکەوێت، ئەو بابەتانە شتێک نین شاراوەبن لەو شارەدا، شتێک نین کە کەس بتوانێت ئینکاری بکات، وە بە تایبەتیش کە بەڵگە لەسەر ئەو شتانە بون، بۆیە کە ئێمە وتومانە وەکو حزب باسمان لەوە کردوە چاکسازی دەکەین وە ڕوبەڕوی گەندەڵی دەوەستینەوە، یاخود ڕوبەڕوی نا دادپەروەری دەوەستینەوە لەم حزبەی خۆمان و لەم هەرێمە و لەم شارەدا، بە ڕاستی تۆ ناتوانی بڵێیت فڵان و فڵان بەدەر دەبن لەو بڕیارە یان لەو چاکسازیـیە. جێگەی داخە کە شتەکان بەو ئاقارەدا ڕۆشتن بەڵام ئەوە واقیعێکە کە کەسمان ناتوانین نکوڵی لێبکەین.

جانی دیلان: بەڵام بۆ ئەم بوختان و تاوانانە ساڵێک لەمەوپێش، چەند مانگێک لەمەوپێش، کەس باسی لێوە نەکردون؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لە ڕاستیدا ئەم شتانە هەموی وەکو باسیشم لێوەکرد هەموی مقۆ مقۆ بو، خەڵک باسی دەکرد، لەناو شار باس دەکرا، لەناو حزبدا باس دەکرا، بەڵام ئەوە بو بە ئیجرائاتێکی حزبی بەرامبەر بەم هەمو مقۆ مقۆ و بەم هەمو قسە و بێنە و بەردانە نەئەکرا، وە من نایشارمەوە بەشێک لەوانەش دەگەڕێتەوە بۆ میدیا و ئەم سۆشیاڵ میدیایانە کە شتەکانیان بە شێوازێک تێکەڵ بە یەکتری دەکرد کە وەهای لێدەهات تۆ بڕوا بەم قسانەش نەکەیت، یانی تاوەکو تۆ تەحقیقی تێدا نەکەیت ناتوانێت بڕوا بە مقۆ مقۆ و قسە و دیعایەی خەڵک بکەیت، کە تۆ مەسەلەن جەنابت لێرە ناژیت هیچ پەیوەندیـیەکت نیـیە بۆ نمونە بڵێین بە ئەزمەڕەوە، ئەگەر شتێک بڵاوئەکرێتەوە ئەڵێی فڵان ئەوەی کردوە و فیسار ئەمەی کردوە ئەمە ئەوەی کردوە، جەنابیشت ئەزمەڕت داگیرکردوە کە خۆت لە خۆت مسۆگەر بیت کە هیچ پەیوەندیت بە ئەزمەڕەوە نیـیە، لەبەر ئەوە وەهای لێدەکات ئەم شێوازی دیعایەکردنە کە تۆ بڕوا بە هەواڵەکەی تریش نەکەیت. بەڵێ ئەم ئیجرائاتانە لە ڕاستیدا وەکو پێم وتن، ئێمە 27 لیژنە تاوەکو ئێستا ئیشی کردوە، بەشێک لەو لیژنانەش پەیوەندی بەو چاکسازییانەوە بوە بە ڕاگرتنی ئەم هەمو دیعایە بوە ، ئەو هەمو عەرزە داگیرکراوە ئەو هەمو عەرزە فرۆشراوە، ئەو هەمو تەجاوەزە بوە، هەندێک مەسەلە هەبوە پەیوەندی بە مەتاری سلێمانیەوە هەبوە، هەندێکی پەیوەندی بە سەرانە سەندن هەبوە لە سەرمایەدارەکان، هەمو ئەمانە کێشە بونە هاتونەتە پێشەوە، وە ئەم کێشەیەی کە ئێستا لە فڵان ڕۆژەدا یان لە فڵان دەقە و سانیەدا ڕویانداوە شتێک نەبوە کە بڵێیت لە ناو حزبدا ڕویان‌دابێت. نەخێر پێشتر لێکۆڵینەوە بۆ زۆر بابەتی لەوانە کراون، وە ئەو کاتە هەوڵدرا کە بەبێ توەگلاندنی هەمو شتێک ئەو شتانە چارەسەربکڕێن و ڕێگری بکرێت و ڕابگیرێت، بەڵام بە داخەوە نەکرا، کە نەکرا تۆ ناتوانیت هەر بەردەوام بیت و بهێڵیت ئەو خەڵکە بەو شێوەیە ئازار بکێشێت.

جانی دیلان: ئەگەر باس لە گەندەڵی لاهور دەکرێت، بەس ئەو کەسانەی کە دەستیان بەسەر کۆمپانیاکانی جگەرە هاوردن، دەرمان، یان ئەو کەسانەی دەستیان بەسەر زەوییەکاندا گرتوە چی؟ وە یاخود کەسێک هەیە لەو هەرێمە، لە کاربەدەستێکی بچوکەوە بگرە تا هەرە کاربەدەستە باڵاکان ناویان لە لیستی دز و جەردە و گەندەڵی نەهاتبێت؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: ئەوە شتێکە زۆر زۆر هینە، یەعنی کە تۆ دەڵێیت ئێستا مەسەلەی گەندەڵی کەس نەیوتوە کە لاهور یانی ئیتیهامەکە بیدا بەو، لەوانەیە زۆری ئەم لیژانانە هەندێک لەو شتانە ئەسڵەن پەیوەندی بەوەوە نەبێت. کە ئێمە ئەڵێین لیژان دانراوە، تەحقیق کراوە، پیاداچونەوە کراوە بە مەسەلەی ئەرزەیە، مەسەلەی جگەرەیە، مەسەلەی مەتارە، مەسەلەی نازانم چیـیە، خەڵکێکی تریش دەستی هەیە لەو شتانە، دەرمانە، هەر شتێکە، ئەمە تەنها کەسێک نیـیە کە تۆ ڕوبەڕوی بڵێیت هەمو ئەمانە فڵان کەس کردویەتی، نەخێر وەها نیـیە، لە هەمو کێشەیەکدا کۆمەڵێك خەڵکن، وە هەمو ئەو کەسانە دەبێت ڕوبەڕوی دادگا ببنەوە. ئەم مەسەلەیە تکایە با ناچێتە چوارچێوەی ئەوەی کە هەمو ئەو شتانە ئەو بە تەنیا کردونی، نەخێر هەندێک شت کە کراوە لەوانەیە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بەوەوە نەبێت، پەیوەندی بە کەسێکی نزیکیەوە هەبێت یان پەیوەندی بە هاوڕێیەکمانەوە هەبێت، یان پەیوەندی بە کەسێکی ترەوە هەبێت لەناو حزبەکە یان پێشوتر لە حزبەکەدا بوبێت، ئەوانە هەموی من دڵنیام کە هەمو ئەو کەیسانە هەمو ئەو بابەتانە کە لێکۆڵینەوەی لێکراوە بە ویژدانەوە، بە سدقەوە دەدرێتە دەستی یاسا وە لە ڕێی یاساوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

جانی دیلان: دەوترێت ئەوەی بەرامبەر بە لاهور کرا، تەنیا ترس بو لە فراوانی جەماوەری ئەو کەسە، ئایا وایە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: وەڵاهی نازانم ئەو قسەیە بۆ کراوە، چونکە ئێمە هەمو جارێک دڵخۆشین وەکو یەکێتی لە جەماوەری کولی تاکێکمان، چونکە لە کۆتاییدا جەماوەری کولی تاکێکمان دەبێتە جەماوەری یەکێتی. وە لەوانەیە کۆمەڵێک کەس فڵانی بەدڵ بێت و کۆمەڵێک کەسی دیکە فڵانی بە دڵ بێت، بەڵام کۆی ئەو خەڵکە جەماوەری یەکێتییە، لەبەر ئەوە نازانم مرۆڤ بۆ دەبێت بترسێت لە کەسێک کە جەماوەرەکەی جەماوەری یەکێتی بێت. ئەوانە جەماوەری شەخس نیین کە شوێن ئەحمەد یان مەحمودی ئەم حیزبە کەوتوە، لەبەر یەکێتیبونی شوێنی کەوتوە، لەبەر ئەوەی خوێنی بۆ ئەم حیزبە ڕشتوە، شوێنی کەوتوە لەبەر ئەوەی میژوی لەم حیزبەدا هەیە شوێنی کەوتوە. بۆیە ئەو خەڵکە جەماوەری یەکێتین کەسیش ترسی لە جەماوەری یەکێتی نیـیە.

جانی دیلان: هەتا ئەو ڕادەیەی من بزانم بم چ خۆتان وە چ لاهور دژ بە شەڕی پەکەکەن. ئایا ترسی ئەوە هەیە دوای ئەوەی لاهور لەکارخرا ترسی ئەوە هەیە یەکێتی بچێتە شەڕی پەکەکەوە و هاوکاری تورکیا و پارتی بکات؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: نەخێر بە هیچ شێوەیەک، چونکە ئەو بڕیارە، بڕیاری تەحریمکردن و تەجریمکردنی شەڕی کورد و کورد لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە ئیمزاکراوە، بە لاچونی من یان بە لاچونی لاهور یان بە لاجونی هیچ کەسێک ئەو بڕیارە ناگۆڕێت، ئەوە بڕیارێکی تەواو حزبییە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو بڕیارەی داوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ئەسڵ و ئەساسی نیـیە، ئەو بڕیارانە بڕیاری شەخس نەبون، بەڵکو بڕیاری خودی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.

جانی دیلان: باس لەوە دەکرێت ئەگەر لاهور دوربخرێتەوە لە داهاتودا، ئایا هیچ ترسێک لەسەر ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ هەیە، کوڕانی مام ئەوانیش پەراوێز بخەن؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: وەڵاهی نازانم ئەسڵەن ئەو پـرسە بۆ باسی لێوەدەکرێت، چونکە هیچ هینێک نابینم، هەڤاڵێکیان ئەندامی دەستەی کارگێڕییە، ئەوی تریشیان ئەندامی سەرکردایەتییە، وە هەردوکیشیان زۆر زۆر کەسانی نزیک و ئازیزی ئێمەن، بۆیە نازانم ئەسڵەن ئەو پرسیارە بۆ دروستدەبێت، چیە مەسەلەکە، چونکە ئەوەی کە ڕویداوە بابەتێکی تەواو حزبییە، نە کێشەی تۆڵەسەندنەوەیە، نەدەستبەسەرداگرتنی حزبە، نە لادانی هیچ کەسێکە، بەڵکو کێشەیەکی حزبی سڕف بوە.

جانی دیلان: واتە کەسانێکی دیکە لەناو یەکێتیدا مەترسیان لەسەر نیـیە لە ئایندەدا؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: نابێت مەترسی هەبێت، ئەمە حزبە، نازانم بۆ ئەبێت مەترسی هەبێت لەسەر هیچ ئەندامێکی ئەم حزبە، لەسەر هیچ کەسێکی ئەم حزبە، مەترسی لادان بونی نیـیە. تەنیا ئەگەر وەکو وتم ناوی هەبوبێت لە بەشێک لەو گەندەڵیانەی کە هاتۆتە پێشەوە، ئەگەر مەحکەمە ئیجرائاتی لەسەر بکات، ئەوە پەیوەندی بە حزبەوە نیـیە بەڕاستی.

جانی دیلان: سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی کردبو، یەکێتی تا چەند ئەو جۆرە داواکارییەی لەبەرچاو گرتوە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: ئەو بابەتە دوێنێ لە کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسیدا هەڵسەنگێندراوە و وەڵامیدرایەوە.

جانی دیلان: ئەو کۆبونەوانەی کە لە چەند ڕۆژی رابردودا ئەنجامدران هیچ دەرئەنجامێکی دڵخۆشکەرانەی لیکەوتەوە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: نازانم چی بە دەرئەنجامی دڵخۆشکەر دائەنرێتن، بەڵی دڵخۆشکەر بو، بڕیاری دانانی لیژنە درا، یەک لیژنەی تایبەت داواکرابو، ئەو لیژنەیەش دوێنێ دانرا، وە هەروەها بڕیاریش درا کە هەڤاڵ بافڵ لەگەڵماندا دانیشتبو، وەکو کارگێڕ، وەکو مەکتەبی سیاسی بڕیاری ئەوەمان دا کە بەرنامەی هەڵبژاردن و بەرنامەی ئیش و کارەکانی هەڵبژاردن، هەمو دەستبکەن بە کارکردن و مەکتەب و مەڵبەندەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەر هەموی دەستبکاتەوە بە مەسەلەی هەڵبژاردن و ئیش و کارە حزبییەکان وەک چۆن ڕۆیشتوە زۆر بەهێزتر و بە بەرنامەیەکی نوێیەوە ئیشوکارەکانی خۆیان دەستپـێبکەن، بەلای منەوە ئەوە زۆر دڵخۆشکەرە.

جانی دیلان: ئەوەی لەناو یەکتیدا ڕویداوە هەتا چەند شیانی هەیە زیان بە هەیکەلی یەکیتی بگەیەنێت و ببێتە هۆی لەتلەتبونی؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: من هەرگیز بڕوا بە لەتلەتبونی ناکەم، یەکێتی نیشتمانی کوردستان چەندین جار بەرزی و نزمی بەخۆیەوە بینیوە، وە دڵنیام ئەمەش تێئەپەڕێت، وە خۆشیمان بێت و ترشیمان بێت هەر شتە و بە جۆرێک کاریگەریی دەبێت. بەڵام بە هەوڵ و هیمەتی هەمو لایەک و جەماوەری دڵسۆزی یەکێتی و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و بە هەمومان هەوڵدەدەیەن کە لەم هەڵبژاردنەدا بتوانین پێکەوە کارێکی وەها بکەین کە ناو و ناوبانگ و شکۆی یەکێتی بپارێزین و بەرزی بکەینەوە.

جانی دیلان: باسی هەڵبژادنت کرد، هەتا چەند ئەمە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکاندا هەیە؟ نەدەکرا چاوەڕوانبن هەتا دوای هەڵبژاردن ئەم کارە ئەنجامبدرێت؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لە ڕوی مەنتقەوە دەبوایە وەها بوایە، بەڵام من چی بکەم ئەو برادەرە پێش هەڵبژاردنەکان هەوڵی لەناوبردنی هاوسەرۆکەکەی تری دا، ئەبوایە تۆزێک ڕابوەستایە تا دوای هەڵبژاردن.

جانی دیلان: یەکێتی ساڵەهایە هەرچییەکی کردوە ڕژاوەتە ئاسیاوی نەیارانییەوە، کێ لەم کارە سودمەندە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لە ڕاستیدا ئەم کارەی دەستمان داوەتێ بە هەر هەمومان کارێکە کە بە دەرەجەی یەکەم لە بەرژەوەندی خەڵکی سلێمانی، دەڤەری سلێمانی و هەرێمی کوردستان و کوردستاندایە، لە بەرژەوەندی خەڵکدایە، لە بەرژەوەندی جەماوەری یەکێتیدایە، لە بەرژەوەندی ئەو خەڵکە بەشمەینەتەی ئەم هەرێمەماندایە.

جانی دیلان: لاهور باس لەوە دەکات کە ئەم کێشەیە بباتە دادگا، لە هەمان کاتدا بافڵیش دەیەوێت لاهور بداتە دادگا. بەو شێوەیەی باس لە دادگاکانی هەرێم دەکرێت ، چ ئومێدێک بە ڕەوایی بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە هەیە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: وەڵاهی مەسەلەی دادگاکانی هەرێمیش، بەڵێ دادگا هەیە لێرە، یاساش هەیە لێرە، بەڵام تەدەخولی تیادا کراوە. ئەگەر تەدەخولاتی دادگا ڕابگیرێت، ئێمە حاکمی زۆر زۆر باشمان هەیە، قانونی زۆر زۆر باشمان هەیە، یەکێک لەو ئیشانەی بە جیدی دەستمان داوەتێ ئەوەیە کە تەدەخولاتی ناو دادگا کەمبکرێتەوە، وە هەمو کەسێک دەتوانێت سکاڵا بەرێت بۆ دادگا، بەڵام پێم سەیرە ئەو کەسەی زاڵمە پەنا بباتە بەر دادگا، خۆی عادەتەن ئەو کەسەی زوڵمی لیکراوە پەنا بباتە بەر دادگا، بەڵام نەمبیستوە زاڵم پەنا بەرێتە بەر دادگا.

جانی دیلان: لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە هەڕەشەی لەشکری بۆ سەر لاهور و دەستگیرکردنی دەکرێت، هەتا چەند ڕاستە؟ وە ئەگەر دەستگیربکرێت ترس لەکاردانەوە نیـیە لەلایەن لایەنگرانییەوە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لە ڕاستیدا ئەوەش پڕوپاگەندەیەکی تری ئەو لەشکرە ئیعلامیەیە کە تاکو ئێستا بەداخەوە بەو شێوەیە ئیشیانکردوە لە دژی کولی تاکێکی ئەم حزبە، ئیشکراوە لە دژی کولی کەسایەتییەکی ئەم شارە و کولی کەسایەتییەکی ئەم کوردستانە. وە ئەوانە وەکو حەملەیەک بوە بەردەوامی هەبوە، ئەوە چەند ساڵێکە ئەو حەملانە بەردەوام بوە بۆ چەواشەکردنی خەڵک، بۆ نیگەرانکردنی خەڵک، بۆ تۆقاندنی خەڵک، بۆ ئەوەی وەها لە خەڵک بکەن ئاوڕ لە کێشە گەورەکان نەدەنەوە، هێز نەجوڵاوە، ئەو هێزانە نەئەجوڵێن، نەجوڵاون، نە هیچ کەسێکیش بە تەمایە ئەوەیە هێز بجوڵێنێت. وە ئەوە تەنیا پڕوپاگەندەیەکە بۆ راکێشانی عەتفی خەڵک، بۆ ئەوەی بڵێت من مەترسیم لەسەرە. مەسەلەن دوێنێ شەو لە شاری سلێمانیدا یان پێرێ شەو ئەو بەزم و هەڵایە دروستبو، کە بوە هۆی نیگەرانکردنی خەڵکی ئەم شارە، مەترسییەکی لەلا دروستکردبون، کە وەرن ئەوە هێز هاتۆتە سەرمان، خەڵکەکە هەموی بینی بە چاوی خۆی نەهێز رۆیشتوە، نە کەس رۆیشتوە، نە کەس توخنی کەس کەوتوە، بە پێچەوانەوە سەیردەکەیەت لایەنێکی ترە هێز کۆدەکاتەوە و چەکدار دەهێنتە شارەکەوە کە ئەوەش بە ڕاستی بابەتێکی زۆر زۆر نایاساییە، بابەتێکی زۆر زۆر خەتەری ئەمنییە، ئەو کەسانەی کە کۆئەبنەوە لەو کۆڵان و لە بەردەرکی ئەو ماڵانە، تۆ نازانیت کێن، نازانیت بە چ نیازێک رۆیشتونەتە ئەوێ، ئەوا هەموی ئەڕوات، خەڵک لەوێ ئەژی، خەڵکی تری لێیە، ژنی لێیە، مناڵی لێیە. رۆیشتنی ئەو خەڵکە هەروا بە ئیعازێکی تەلەفونی، ئەمە بە ڕاستی کارێکی زۆر زۆر نەگونجاو و نامەقبولە.

جانی دیلان: گومانی تیادا نیـیە ئەم ڕوداوە کاریگەری لەسەر ئارامی و بارودۆخی هەرێمەکەدا هەیە، ئەمەریکایـیەکان، بەریتانییەکان و فەرەنساویـیەکان، ئەوان چۆن لێی دەڕوانن و کاردانەوەی ئەوان چۆن بوە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: بێگومان ئەوان دانیشتنیان کردوە و ڕای ئەملایان گوێ لێبوە و ڕای خۆشیان وتوە و وە گوێیان لە ڕاستییەکان بوە. من ناتوانم بە ڕاستی بە ناوی ئەوانەوە قسە بکەم، هەر ئەوەندە دەتوانم بڵێم کە ئەوان وەفدی خۆیان ناردوە و بە ڕەسمی دانیشتون و گوێیان گرتوە لە هەمو بابەتەکان و ڕاستی و دروستی شتەکان. لەو باوەڕەدام لەلای خۆیان یەکلایی بوبێتەوە، بەڵام من نازانم هینی ئەوان چیـیە، لە دوای ئەوەوە چیـیە.

جانی دیلان: لە کۆتاییدا ئایا هیچ دەرچەیەک ماوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی یەکێتی تێدایە و رزگارکردنی لە ئایندەیەکی نادیار؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: مەسەلەی دەرچە لەم دۆخە، هەروەکو وتیشم بەشیکی مەسەلەی حزبییە کە لە ڕێی ئەو کێشانەوە کە پەیوەندی بە خودی حزبەوە هەیە لە ڕێی پەیڕەوی حزبەکەمانەوە دەبێت یەکلایی بکرێتەوە، ئەوەشی پەیوەندی بە مەسەلەی یاساییەوە هەیە دەبێت لە ڕێی یاسا و دادگاوە یەکلایی بکرێتەوە، وە ئیتر بەو ئومێدەی کە ئەم شتانە زیاتر درێژە نەکێشن، وە خەڵکیش ئەو شتەی لەلا دروست نەبێت کە ئەمە مەسەلەیەکی خێزانی بوە، نەخێر ئەمە خێزانی نیـیە، ئەمە مەسەلەیەکی ئیقلیمیی نیـیە، ئەمە بابەتێکی سڕف یاسایی بوە، بابەتێکی سڕف حزبییە، حزبەکەی ئێمە حزبێکی سۆشیاڵ دیموکراتە، حزبەکەی ئیمە خەریکبو بە ڕێڕەوێکی زۆر زۆر نادروست و ناشایستەدا ئەڕۆی. حزبەکەی ئیمە خەریکبو ئەبو بە حزبێکی موخابەراتی، حزبێکی گویگر، حزبێکی تۆقینەر، حزبێک کە بە ڕاستی لایدابو لە هەمو ڕێبازێکی کە ئەم حزبەی لەسەر دروستبو بو، لایدابو لە ڕێبازی مام جەلال، لایدابو لەو پەیڕەوە جوانەی کە ئەم حزبەی ئەو خەڵکە و ئەو جەماوەرەی کۆکردبۆوە، لایدابو لە خوێنی شەهیدان، خەریکبو ئەبو بە حزبێک بە ڕاستی دودڵ دەبوی لەمانەوە تیایدا. چونکە بەو شێوەیە نەدەتوانی قبوڵی ئەوە بکەیەت کە حزبەکەی مام حزبی شەهیدان ببێت بە حزبێکی موخابەراتی و حزبێکی تۆقینەر کە جەماوەری خۆی بتۆقێنێت. ئەو دەزگایانەی کە ناوناوبانگیان هەبوە لەلایەن چەند کەسێکەوە ئیستیغلال بکرێن، کە وەهای لێبێت ناو و ناوبانگی ئەو دەزگایانە بە شێوازێک ناشرین ببن کە خەڵک ئیتر بترسێت لێیان، خەڵک پشتیان پێنەبەستێت، بۆ تەنها لەبەر ئەوەی چەند کەسێک سەیتەرەی بەسەر ئەو دەزگایانەدا کردوە، ئەوە کارێکی ناشایستە بو.

جانی دیلان: هەرچەند وتم دوایەمین پرسیار بەڵام بەو شێوەیەی کە باسی یەکێتی دەکەن ببێتە حزبێکی موخابەراتی و تۆقینەر، بەڵام دەبێت چی بوترێت بەرامبەر بە لایەنەکانی تر،بەرهەڵستانی تر، بە تایبەتی بەرامبەر ئەوەی کە بەرامبەر یەکێتی ڕاوەستاون؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لە ڕاستیدا من ئەندامێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانم، کارگێڕی یەکێتی نیشتمانی کوردستانم، من ئەگەر بمەوێت چاکسازی بکەم دەبێت لە ماڵی خۆم و لە حزبی خۆمەوە دەستیپـێبکەم، من هیوادارم ئەو حزبانەی تر چاو لە یەکێتی بکەن و دەستبکەن بەو چاکسازییەی کە ئێمە دەستمانپێکردوە، ئێمە ناتوانین وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوا لەوان بکەین، من ناتوانم ئەو بڕیارەی حیزبەکەی خۆم بەسەر ئەواندا بسەپێنم، بەڵام هەندێکی لە ڕیی حکومەتەوە دەبێت، ئیمە حکومەتی هاوبەشمان هەیە، کە هەندێک گۆڕانکاری ئەکەین، دەبێت ئەوانیش ئەو گۆڕانکاریانە بکەن، ئەو حیزبەی کە بە ڕاشکاوی بیڵێم پارتی، هەمومان ئەزانین پارتی چ جۆرە حزبێکە و کێشەکانی ناو حزبەکەی خۆشی دەزانین، وە هەمو وردەکاریـیەکانیش ئەزانین وە ناڕەزایی خەڵکیش دەزانین، بەڵام ئەوە دەگەڕێتەوە بۆخۆیان کە چۆن ئەو گۆڕانکاریـیانە لە حزبەکانی خۆیاندا بکەن وە چۆن دڵی جەماوەری خۆیان رازیبکەن، چۆن دڵی ئەم خەڵکە رازیبکەن، ئەوەی کە لەسەر ئێمە پێویستە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.

جانی دیلان: شاناز ئیبراهیم، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، زۆر زۆر سوپاس بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە وە هەر بژین و سەرکەوتو بن.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: سوپاس بۆ ئێوەش.

بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە بەرنامەیەدایە ڕاوبۆچونی لایەنی بەرامبەریش بخاتە ڕو.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×