محەمەد وەتمان: سەرکردە کۆنەکانی یەکێتی بەڕێگەی شەرعی حیزبی هیچیان پێ ناکرێت
  2021-08-06       1025       

سەرکردەیەکی دێرین و دیاری یەکێتی نیشتمانی ڕایدەگەیەنێت، مانەوەی سێبەری حیزبەکەی بۆ تێکۆشەرە دێرینەکان و کەسوکاری شەهیدان گرنگە، بۆیە دەبێت بەهەمویانەوە حیزبەکەیان لەو گرفتانە بپارێزن، کە بەهۆی کێشەی نێوان هاوسەرۆکانەوە، دوچاریان بوە.

ئاوێنە: محەمەد وەتمان، ئەندامی پێشوی سەرکردایەتی و کەسایەتی دیاری نێو یەکێتی، ئەمڕۆ هەینی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، وتویەتی"تێکۆشەرە دێرینەکان و کەسوکاری شەهیدان و ڕێکخستنەکان، بەخوێن یەکێتیان گەیاندوەتە ئەمڕۆ، حەقە پارێزگاری لێبکەن، تا سێبەری یەکێتی بەسەریانەوە بمێنێت، سەنگ و قورسایی لەدەست نەدات."

جەختیشیکردەوە"نە پارتی بەتەنها هەرێمی پێ بەڕێوەدەبرێت، نە یەکێتی، هەردوکیان، دو هێزی سیاسی خاوەن چەکداری ڕابردون، بەرامبەر بەعس خەباتیان کردوە."

دەربارەی هۆکاری چارەسەرنەبونی کێشەکانی یەکێتی لەدوای کۆنگرە، محەمەد وەتمان وتی"من بەشداری کۆنگرەم نەکرد، ڕای جیاوازم هەبو، باوەڕم بە هاتنە پێشەوەی گەنج و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات هەبو، لەتەمەنی خۆمدا ناوبانگم پەیداکرد، با خەڵکی تر بێنە پێشەوە."

ئەو سەرکردەیەی یەکێتی، نیگەرانی خۆی نیشاندا لەوەی خەبات و تێکۆشانەکەیان نەبوە هۆی گۆڕانکاری لە ژیانی خەڵکدا، وتی"راستە ئازادی هەیە، بەڵام ژیانی خەڵکمان پێ نەگۆڕا."

محەمەد وەتمان حیزبەکانی تۆمەتبارکرد بە نەهێشتنی متمانە لای خەڵک، ئاماژەی بەوەکرد حیزبەکەیان متمانەیان لای خەڵک، لەنێوان تێکۆشەرەکاندا نەهێشت، خەڵک لەزیندان نەترسا، لەبرسان نەترسا، لە ئەنفال نەترسا، ملی بۆ بەعس شۆڕنەکرد، کەچی حیزبەکان متمانەیان لا کوشتن.

لەبەشێکی تری گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەد وەتمان هاتە سەر باسی جوڵەی سەرکردە کۆنەکان و هەوڵدان بۆ ڕۆڵ پەیدا کردنەوە، لەدوای لاوازبونی لاهور شێخ جەنگ هاوسەرۆکی یەکێتی وتی"من لەگەڵ برادەرانی کۆنیش هاودەنگیم نەماوە، دو ساڵە تێکەڵاوی هیچیان نیم، نە تازەکان، نە کۆنەکان، بەڵام کۆنگرە شەرعی بوبێت، یان نە، 124 ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردراوە، خەڵک هاتوەتە مەیدان، تازە ئەوان بەڕێگای شەرعی حیزبایەتی هیچیان پێناکرێت، مەگەر خۆیان بۆ کۆنگرەیەکی تر ئامادە بکەن."

جەختیشیکردەوە "گرنگە یەکێتی کۆمیتەیەکی بەڕێوەبردن دروست بکات، تا حیزب بەڕێوە ببات، تا ئەوکاتەی کێشەی نێوان هاوسەرۆکان کۆتایی دێت و چارەسەر دەکرێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×