ئاژانسی ئیرنا: نێچیرڤان بارزانی وتی‌، خۆمان بەبەشێک لەئێران‌و شۆرشه‌كه‌ی‌ دەزانین
  2021-08-06       1293       

به‌گوێره‌ی‌ هه‌واڵی‌ ئاژانسی ڕه‌سمی‌ هەواڵی‌ ئێران -ئیرنا، له‌میانه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری‌ نوێی‌ ئێران، نێچیرڤان بارزانی‌ ڕایگه‌یاندووه‌، خۆیان بەبەشێک لەئێران‌و شۆرشی ئیسلامی ئێران دەزانن.

ئاوێنه‌: له‌دوه‌م ڕۆژی‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ تاران، به‌یانیی‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌، نێچیرڤان بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ ئیبراهیم ڕه‌ئیسی‌، سه‌رۆكی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران كۆبوه‌وه‌.

ئاژانسی ڕه‌سمی‌ هەواڵی‌ ئێران -ئیرنا، ناوه‌ڕۆكی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ نێوان نێچیرڤان بارزانی‌‌و ئیبراهیم ڕه‌ئیسی‌ بڵاویكردۆتەوەو له‌به‌شێكیدا ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كردووه‌ كه‌ لەكۆبونەوەكەدا سەرۆكی هەرێم رایگەیاندووە، "وەك كورد خۆمان بەبەشێك لەئێران‌و شۆرشی ئیسلامی ئێران دادەنێین، بۆیە هیواخوازین پەیوەندییەكان لەهەموو بوارەكاندا پێشبكەوێت لەسەردەمی حكومەتی نوێی ئێران".

پێشتریش سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ڕاگه‌یه‌ندراوێكی‌ له‌باره‌ی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و عێراق له‌گه‌ڵ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران‌و ئارامیی‌‌و سه‌قامگیریی‌‌و بواره‌كانی‌ هاریكاریی‌ هاوبه‌شی‌ نێوان هه‌ردولا تاوتوێكراون.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هه‌ردولا ئاماژه‌یان به‌په‌یوه‌ندییه‌ مێژویییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران كردوه‌و جه‌ختیان له‌سه‌ر پته‌وكردنی‌ بواره‌كانی‌ په‌یوندیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و عێراق له‌گه‌ڵ كۆماری‌ ئیسلامی‌ كردۆتوه‌ به‌تایبه‌تی‌ بره‌ودان به‌بواری‌ ئاڵوگۆڕی‌ بارزگانی‌‌و پاراستنی‌ ئارامیی‌‌و سه‌قامگیریی‌ سنوره‌كان‌و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی‌.

ئێوارەی ئەمڕۆش سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند، دوای سەردانێکی دو رۆژە بۆ تارانی پایتەختی ئێران، سەرۆکی هەرێم گەڕایەوە هه‌ولێر.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×