پارتی: بەم نزیكانە بارەگایەكمان لە موسڵ دەكەینەوە
  2021-08-07       310       

بەرپرسى لقى 14ى پارتى رایگەیاند، بڕیارە بەم نزیکانە بارەگاکانیان لە شارى موسڵ بکەنەوە و سەرەتاش بارەگاى ناوچەیەک دەکەنەوە، پاشان بارەگاى لق و ناوچەکانى دیکە لەو شارە دەکەنەوە.

ئاوێنە: عەلى خەلیل، بەرپرسى لقى 14ى پارتى دیموکراتى کوردستان بە میدیاكانی حزبەكەی راگەیاند "دواى سەردانى وەفدێكی پارتى بۆ شارى موسڵ و گفتوگۆکردن لەبارەى کردنەوەى بارەگاکانى پارتى لەو شارە، بڕیارە بەم نزیکانە بارەگایەک لە سەنتەرى شارى موسڵ بکەینەوە، کە بارەگاى لیژنەى ناوچەیەکى سەر بە لقى 14یە لەو شارە، بەڵام بارەگاکانمان لەو شارە بەهۆى شەڕى داعشەوە وێران بون و ئێستا بەدواى باڵاخانەى دیکەدا دەگەڕێین."

هەروەها راشیگەیاند "ئەگەر بارودۆخى عێراق لە روى سیاسى و ئەمنییەوە لەبار و گونجاو بێت، دواى هەڵبژاردنەکانى داهاتوى عێراق بارەگاى لقى 14ەش لە موسڵ دەکەینەوە، کە ئێستا لە ناحیەى فایدەیە لە سنورى پارێزگاى نەینەوا."

عەلی خەلیل ئاماژەى بەوەش کرد "پارتى خاوەنى پێگەیەکى جەماوەرى بەهێزە لە سنورى پارێزگاى موسڵ و خاوەنى مۆڵەتى فەرمییە لە عێراق بۆیە مافى خۆمانە بارەگامان هەبێت و موماسەرەسەى مافە سیاسییەکانى خۆمان بکەین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×