هۆشیار زێباری: پەیامی خۆمان بە ئێران گەیاند
  2021-08-07       936       

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند:"پەیامێکیان بە ئێران گەیاندووە کە هەڵدانی ئەو موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی سەر هەولێر لە توانای گروپە چەکدارییەکاندا نییە".

ئاوێنه‌: هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "الرشید" ڕایگەیاند:" ئێمە پەیاممان بە ئێران گەیاند، جەختمان کردەوە کە تەکنەلۆژیای هەڵدان و کارپێکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە وزە و هێز و توانای ئەو گروپە چەکدارییانەدا نییە کە چەند ساڵێکە سەریان هەڵداوە، بە دڵنیاییەوە لایەنێکی دیکە هەیە کە ئەوانەیان بۆ دابیندەکات".

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی وتیشی: "فەرماندە و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەدوای هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نازانن کێ کاتیۆشا بە بارەگا و بنکە سەربازییەکان و فڕۆکەخانەی هەولێر دەنێت، ئەمەش ڕێی تێناچێت".  

هۆشیار زێباری جەخت دەکاتەوە کە "لایەنی ئێرانیمان ئاگادارکردووەتەوە لە هەڵوێستی خۆمان بەرامبەر مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و تارانیش لەوە تێگەیشتووە".  

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دەشڵێت: "ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی کە جار جارە هێرش دەکەن سەر فڕۆکەخانەی هەولێر هەڕەشە لە سەلامەتی سەرنشینەکان و خەڵک بە گشتی دەکەن، ئامانجی ڕاگەیاندراویش لە هێرشەکان بوونی ئەمریکایە، بەڵام ئەوە دەبێتە هۆی ناسەقامگیرکردن و بەئامانجگرتنی ئاسایشی هەرێم".  

ئەوەشیخستەڕوو، "لایەنی ئەمریکی بێدەنگ نابێت لە بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە بەغدا و هەولێر".

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×