2021-08-07   1515     
یه‌كه‌مین حاڵه‌تی توشبوون به‌جۆری كۆرۆنای نوێی لامدا تۆمار ده‌كرێت.
ئاوێنە: وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی یابان یه‌كه‌مین حاڵه‌تی توشبوون به‌كۆرۆنای نوێ له‌جۆری لامدای راگه‌یاند، پێشتر‌و بۆ یه‌كه‌مینجار ڤایرۆسه‌كه له‌وڵاتی پیرۆ ئاشكرا كرابوو، توێژه‌رێكی بواری په‌تای كۆرۆناش ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه جۆری نوێی لامدا جێی نیگه‌رانی و مه‌ترسی نییه.
رۆژنامه‌ی (جایان تایمز)ی یابانی له‌سه‌ر پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی خۆی، ئه‌مڕۆ شه‌ممه 7ی ئابی 2021، كه له‌زاری به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی یابانی وه‌رگرتووه، بڵاویكردۆته‌وه، توشبووه‌كه ژنێكی ته‌مه‌ن 30 ساڵان بوه‌و له‌كاتی گه‌یشتنی له‌وڵاتی پیرۆوه بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی هانیدا له‌ڕۆژی 20ی ته‌مووزی رابردوو، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ره‌نتین ده‌كرێت و پشكنینی بۆ ئه‌نجام ده‌درێت، ده‌رده‌كه‌وێت تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه، هه‌رچه‌نده هیچ نیشانه‌یه‌كی په‌تای كۆرۆنای پێوه دیار نه‌بووه.
راشیانگه‌یاند: له‌دوای ئه‌و شیكارییه‌ی په‌یمانگای نیشتمانیی بۆ نه‌خۆشییه په‌تاییه‌كان ئه‌نجامیدابوو، ده‌ركه‌وت ڤایرۆسه‌كه له‌جۆری نوێی لامدایه، هه‌روه‌ها په‌یمانگاكه له‌دوای به‌راوردكردنی له‌گه‌ڵ جۆره ڤایرۆسه‌كانی پێشوودا، له‌وه دڵنیا بۆته‌وه ڤایرۆسه نوێیه‌كه كوشنده‌تره‌و به‌ره‌نگاری له‌به‌رامبه‌ر ڤاكسینه‌كان به‌هێزتره، هه‌رچه‌نده تا ئێستا وورده‌كاییه‌كان له‌باره‌یه‌وه نه‌زانراوه.
ماكه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له جۆری لامدا هه‌مان نیشانه‌ی كۆڤید-19 و جۆره‌كانی تری ڤایرۆسه‌كانی هه‌یه، ئاماژه‌شیدا كه ڤاكسینه‌كانی (فایزه‌ر، ئه‌سترازینیكا، سینۆفارم) كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌م جۆره ڤایرۆسه نوێیه هه‌یه.