حکومەت و کۆمسیۆنی عێراق جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا دەکەنەوە
  2021-08-07       270       
کۆبونەوەی حکومەت، ئەنجومەنی دادوەریی و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەئامادەبونی سەرۆکی پەرلەمان و بەسەرپەرشتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران ئەنجامدرا و تێیدا جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەوادەی خۆیدا درا.

ئاوێنە: بەگوێرەی راگەیەنراوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ شەممە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی لەگەڵ هێزە نیشتیمانییەکان ئەنجامداوە و تێیدا هەریەک لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان، فایەق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێراق بەشداری تێدا دەکەن.

بەپێی زانیارییەکان، لەو کۆبونەوەیەدا، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردەکان وردەکاری ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە رونکردەوە و ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی نیشاندا.

لای خۆشییەوە، مستەفا کازمی جەختی لەسەر پابەندبونی حکومەتی بەوادەی دیاریکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمان دوپاتکردەوە و رایگەیاند، لەتوانایاندایە ژینگەیەک بۆ هەڵبژاردنەکان سازبکەن کە بەشی زۆری هاوڵاتیان بەشداری تێدا بکەن.



بەپێی بڕیاری ئیدارەی حکومەتەکەی کازمی، رۆژی 10-ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و تائێستاش چەند لایەنێکی عێراقی لەوانە رەوتی سەدر بڕیاری کشانەوەیان لەهەڵبژاردنەکان داوە، حکومەتیش داوایان لێدەکات بەبڕیارەکانیاندا بچنەوە و بەشداری کارای هەڵبژاردنەکە بکەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×