لاهور شێخ جەنگی: پابەندی هەر بڕیارێك دەبین كە لە رێگەی ئەنجومەنی سەركردایەتییەوە بێت
  2021-08-08       1532       

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لەبارەی روداوە نێوخۆییەكانی حزبەكە رایگەیاند،"ئەوەی ڕودەدات و ئەوەی بەرامبەرمان ئەنجام دراوە باجی هەڵوێستەکانمانە... هەرگیز بڕوام نەدەکرد ئەمە ڕوبدات." دەشڵێت: "پابەندی هەر بڕیارێک دەبین کە بڕیاری یەکێتی بێت و ...لەڕێگەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی"یەوە بێت و "رێگە بە لێکترازاندن نادەین."

ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، كەمێك لەمەوبەر لەلاپەڕەی رەسمی خۆی لە فەیسبوك، وتویەتی"ئەمڕۆ پێشوازیم کرد لە ژمارەیەک پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی سەردانیان کردین."

وتوشیەتی"لە دیدارێکدا ئاماژەمان بە روداوەکانی ناوخۆی یەکێتی کردو جەختمان کردەوە کە ئەوەی ڕودەدات و ئەوەی بەرامبەرمان ئەنجام دراوە باجی هەڵوێستەکانمانە، چونکە ڕێبازی یەکێتیی فێریکردوین کە خیانەت لە میللەتەکەمان نەکەین."

ئەوەشی خستۆتەڕو"رونم کردەوە کە هەرگیز بڕوام نەدەکرد ئەمە ڕوبدات، چونکە ڕوداوەکان لە کاتێکدا بو کە سەرقاڵی هاوپەیمانی بوم لەگەڵ هێز و لایەنە کوردستانییەکان لە پێناو سەرکەوتنی یەکێتیی و دەنگی کورد لە هەڵبژاردنەکانی داهاتو."

لاهور شێخ جەنگی جەختی كردۆتەوە كە "پابەندی هەر بڕیارێک دەبین کە بڕیاری یەکێتیی بێت...رێگە بە لێکترازاندن نادەین و بە ئارامی و بە ئاشتی و برایەتی کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەین بە رێکاری حزبی و بەپێی یاسا و پەیڕەو و پرۆگرامی حزبەکەم و لە ڕێگەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی."

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×