عومەر سەید عەلی: كۆتایی بە رۆڵی حزب لە بازاڕو قۆرخکردنیدا بهێنرێت
  2021-08-08       569       

عومەر سەید عەلی، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی گشتگیر و هەمەلایەن دەکاتەوە لە سەرجەم سێکتەرەکان و بە گرنگیەوە دەڕوانینە ئەوەی رۆڵی حیزب لە بازاڕو قۆرخکردنی کۆتایی پێبهێنرێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە، کلیمەنس زێمتنەر، کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد لە شاری سلێمانی و لەلایەن عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی و رێکخەر و ئەندامانی ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە پێشوازی لێکرا.

بەپێی راگەیەندراوێكی بزوتنەوەی گۆڕان، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەوە، شوناس شێرکۆ رایگەیاند: گفتوگۆ کرا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و بارودۆخی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بزوتنەوەی گۆڕان و کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا هاوڕابون لەسەر ئەوەی پێویستە هەڵبژاردنەکە بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد و دور لە ساختەکاری بەڕێوە بچێت.

وتیشی: لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستانەوە، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دوپاتی کردەوە کە پێویستە شەفافیەتی زیاتر لە هەمو بوارەکان لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو و بەرجەستە بکرێت و داهاتی نەوتی و نانەوتی بۆ پەرلەمان و خەڵکی کوردستان رون بکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی گشتگیر و هەمەلایەن دەکاتەوە لە سەرجەم سێکتەرەکان و بە گرنگیەوە دەڕوانینە ئەوەی رۆڵی حیزب لە بازاڕ و قۆرخکردنیدا کۆتایی پێبهێنرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×