هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن له‌ سه‌رنووسه‌ری رێکخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو دەکرێت
  2021-08-09       388       

باوک و برایەکی ئەرسەلان یارئەحمەدی، یەکێک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بانگ کراون و وێڕای وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو لێیان، هەڕەشەی کوشتنیان لە براکەیان کردووە.

ئاوێنه‌: بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوێنێ یەکشەممە 8ی ئابی 2021، سولەیمان یارئەحمەدی و عومران یارئەحمەدی باوک و برای چووکەی ئەرسەلان یارئەحمەدی کە دانیشتووی شاری روانسەرن، لەلایەن پاراستنی زانیاری گشتی شاری کرماشانەوە بانگ کراون و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی پاراستنی زانیاری کرماشان داوایان لە عومران کردووە کە مۆبایلەکەشی لەگەڵ خۆی ببات و دوای ئەوەی کە هەوڵیان داوە لە رێگای واتس ئەپ و ئیستاگرام پەیوەندی بە ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی و سەرنووسەری ماڵپەڕی هەنگاو بگرن، لە رێگای پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە قسەیان لەگەڵی کردووە.

ئەرسەلان یارئەحمەدی لەوبارەوە وتی: "هێزە ئەمنییەکان بە منیان وتووە کە موسا باباخانی بە هۆی کێشەی نامووسی کوژراوە و هیچ پەیوەندیی بە کۆماری  ئیسلامیی ئێرانەوە نیە و دەبێ ئێوە لە هەنگاو هەواڵێک بڵاو بکەنەوە و بڵێن کە موسا دەستدرێژی کردووەتە سەر سێ ژنی خەڵکی هەولێر و هەر بەو هۆیەوە لەلایەن کەس و کاری ئەو ژنانەوە کوژراوە و دوای ئەو قسانە خێرا تەلەفۆنەکەم داخستووە".

هه‌نگاو بڵاویشی كردووه‌ته‌وه‌، دوای داخستنی تەلەفۆنەکە هێزە ئەمنییەکان فشیاریان خستووەتە سەر باوک و برای ئەرسەلان یارئەحمەدی و عومرانیان ناچار کردووە کە نامەیەک بنووسێت کە لەو نامەیە وەک "دوایی ئاگادار کردنەوە" ناویان بردووە.

لە بەشێکی ئەو نامەیەدا لە باوک و برای ئەرسەڵان یارئەحمەدی بە نووسراوە بەڵێنییان وەرگرتووە کە ناوبراو دەبێ واز لە چالاکی مافی مرۆڤی بهێنێت و هەموو چالاکییەکانی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رابگرێت یان دەیکوژن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×