پارتی ڕێگریی لە خانەوادەی گەریلا ڕفێندراوەکە کرد
  2021-08-09       725       

پارتی لە دەروازەی پێشخابوور، ڕێگریی لە سەردانی خانەوادەی یەکێک لەو گەریلایانە کرد، کە لە سنووری خەلیفان لەلایەن پارتیه‌وه‌  گه‌مارۆدران و چاره‌نوسیان نادیاره‌.

ئاوێنه‌: بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار، کاتژمێر ٠٥:٠٠ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، خانەوادەی گەریلا ‘دژوار بەرخۆدان’، کە لە دایک و باوک و دوو برای پێکدێن، لە شاری حەسەکەوە بەرەو دەروازەی سێمێلکا بەڕێکەوتن، تاکو بێنە باشووری کوردستان و چارەنووسی دژوار و دوو گەریلاکەی دیکەیان بۆ ڕوون ببێتەوە، ئایا چۆن ڕفێندراون؟ ئێستا لەکوێن؟.

بە گوێرەی هەواڵەکە، دەسەڵاتی پارتی لە دەروازەی سنووریی پێشخابور ڕێگرییان کردووە لەوەی خانەوادەی ئەو گەریلایە، بێنە ناو باشووری کوردستان بۆ زانینی چارەنووسی ڕۆڵەکەیان و ئەو خانەوادەیە بەناچاری گەڕاونەتەوە دیوی سێمێلکای دەروازە سنوورییەکە.

جێگای ئاماژەیە، دژوار بەرخۆدان و دوو هەڤاڵی دیکەی، ڕۆژی ٢٦ی تەمموز لە گوندێکی خەلیفان لەلایەن هێزێکی پارتی گه‌مارۆدراو، پێشتر هەپەگە ڕایگەیاند”بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە خەڵکی ناوچەکە (خەلیفان) وەرمان گرتووە، هێزەکانی سەربە پارتی گەمارۆی گروپەکەیان داوە و هێرشیان کردوونەتە سەر، لە ئەنجامدا بەشێک لە هەڤاڵانمان شەهیدبوون”، هەرچەندە هەپەگە بە فەرمیی داوای ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکە و ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو گەریلایانەی لە پەدەکە کردووە، بەڵام ئێستا پەدەکە وەڵامی نەداوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×