مەلا بەختیار: یەكێتی دەبێت بەزویی كۆتایی بەم كێشەیە بهێنێت
  2021-08-09       1224       

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی لەبارەی كێشەكانی ناو حزبەكەی رایگەیاند، یەكێتی دەبێت ئەم بابەتە بەزویی بە لیژنەی حزبی یان حكومی ساغ بكاتەوەو كۆتایی پێبهێنرێت، ئەو كات بڕیاری لێخۆشبون یان سزا بدرێت. دەشڵێت: نەدەبو ئەم یەكێتییە گەورەو گرانە خۆی بخاتە بەردەم لۆمەی خەڵك.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەو وتانەی مەلا بەختیار، ئەمڕۆ دوشەممە، لەمیانی پێشوازیكردنیدا هاتون لە ژمارەیەک لە خزمان و کەسایەتییەکانی میکائیلی.

مەلا بەختیار لە دیدارەكەدا وتویەتی"ئێمەو مانانیش ھەمو پەرۆشی ئەم دۆخەین، کە نەدەبو ئەم یەکێتییە گەورەو گرانە، خۆی بخاتە بەردەم لۆمەی خەڵک."

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە کە "ئەم روداوانە بونەتە مایەی نیگەرانی خەڵک، ھەربۆیە یەکێتی دەبێت ئەم بابەتە بەزویی چ بە لیژنەی لێکۆڵینەوەی حزبی یان حکومی ساغبکاتەوەو کۆتایی پێبھێنرێت، ئەوکات بڕیاری لێخۆشبون یان سزابدرێت و کۆتایی بەم دۆخە بھێنرێت."

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی جەختی كردۆتەوە كە "ئێستا دڵسۆزیی و پەرۆشی لەوەدایە چەندە دەبیت بە بەشێک لەچارەسەر، بۆ کورد و کوردستان، نەک تەرەفگیری و خۆ ھەڵواسین بەم لێپرسراو و ئەو لێپرسراودا."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×