لاهور شێخ جەنگی: هەمو ئەو تۆمەتانەی روبەڕومان كراونەتەوە بێ بنەمان
  2021-08-09       2075       

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی دوپاتیدەكاتەوە، پابەندی هەر بڕیارێك دەبێت كە حزبەكەی بیدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە مەرجێك پێچەوانەی پەیڕەو و پڕۆگرامی یەكێتی نەبێت. دەشڵێت" هەمو ئەو تۆمەتانەی ڕوبەڕومان کراونەتەوە بێ بنەمان و دەبێت لە دادگا و بە ڕێکاری یاسایی یەکلابکرێنەوە."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەو وتانەی لاهور شێخ جەنگی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لەمیانی پێشوازیكردنیدا هاتون لە زەید عومەر ئاغا، سەرۆکی عەشیرەتی سورچی و جەوهەر محێدین ئاغا، سەرۆکی عەشیرەتی هەرکی.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە دیدارێکدا گفتوگۆ کرا لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتیی و چارەسەرکردنی کێشەکان بە ئاشتی و بە ڕێگەچارەی حزبی و لەناو کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی.

لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند"ئەمەی ڕویداوە کارەساتێکە بەسەر یەکێتییدا هاتوە، دەبێت بە هەمومان کار بۆ پاراستنی یەکێتیی بکەین و نابێت یەکێتییەکان و میللەتەکەمان لەوە زیاتر نیگەران بکەین بە تایبەت کە بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنوسساز هەنگاو دەنێین."

وتیشی "پابەندی هەر بڕیارێک دەبم کە یەکێتیی بیدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە مەرجێک پێچەوانەی پەیڕەو و پرۆگرامی یەکێتیی نەبێت."

دوپاتیشی کردەوە کە "هەمو ئەو تۆمەتانەی ڕوبەڕومان کراونەتەوە بێبنەمان و دەبێت لە دادگا و بە ڕێکاری یاسایی  یەکلابکرێنەوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×