فازڵ نەبی،
بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق كۆبونەوەكەی دوێنێی نێوان وەزیری نەوتی عێراق
و وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە "زۆر گرنگ" ناودەبات و دەشڵێت: ئەو
کۆبونەوەیە دەرفەتێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و رێککەوتنیش لە نێوان ھەردولا
ھەیە لەبارەی نەوت و تەنھا لەسەر داھاتە سیادییەکان ھەندێک کێشە هەیە.
ئاوێنە: فازڵ نەبی، ئەمڕۆ دوشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی وتوە "کۆبونەوەی
ھەردو وەزیری سامانە سروشتییەکان و وەزیری نەوتی عێراق گرنگیی زۆری ھەیەو دەبێتە ھۆی
ئەوەی کە بەشێک لە کێشەکان چارەسەر بکرێن، چونکە کۆمەڵێک کێشە لە نێوان ھەرێم و بەغدا
ھەیە، بەتایبەت کێشەی دارایی، بۆیە گرنگە سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن.''
فازڵ نەبی وتیشی"داھاتی
سەرەکیی ھەرێم و بەغدا داھاتی نەوتە، بۆیە ئەگەر لەسەر نەوت بگەنە رێککەوتن و ھەماھەنگی
ھەبێت کێشەکان زوتر چارەسەر دەکرێن، ئەو کۆبونەوەیە دەرفەتێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی
کێشەکان و ڕێککەوتنیش لە نێوان ھەردولا ھەیە لەبارەی نەوت و تەنھا لەسەر داھاتە سیادییەکان
ھەندێک کێشە هەیە."
فازڵ نەبی باسی
لەوەش کرد"ئەگەر پەیوەندیی ھەرێم و بەغدا باش بێت، وڵاتانیش زیاتر دان بە نەوتی
ھەرێمدا دەنێن و کۆمپانیای زیاتر دێنە ھەرێمی کوردستان و ڕێککەوتن لە نێوان ھەرێم
و بەغدا لەبارەی نەوتەوە زۆر گرنگ و ئیجابییە و پێویستە ڕێککەوتن لە ھەمو بوارەکاندا
ھەبێت، بەتایبەت لە بواری نەوت."
وتیشی"ئەو
کەشە خۆشەی لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە، زیاتر کۆمپانیاکان ھان دەدات بێنە ھەرێمی
کوردستان و لە بواری نەوت کاری وەبەرھێنان بکەن، بۆیە ھیوادارین پەیوەندییەکان بەردەوام
بن و ھەرچیی کێشە ھەیە چارەسەری بکەن.''