ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی: دەبێت لیژنەیەکی پسپۆڕ دۆسیەی ژەهرخواردکردنی بافڵ تاڵەبانی یەکلابکاتەوە
  2021-08-09       1484       

شادمان مەلا حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند، لاهور شێخ جەنگی لە ماڵەوە دانیشتوە و دەسەڵاتەکانی ڕادەستکردوە بەڵام بێدەنگ نەبوە، دۆخی یەکێتی خراپە، گەر یەکێتی هەڵبژاردنی بێ لاهور بردەوە، کەواتە ئەو لاوازبوە، دەڵێت"بافڵ تاڵەبانی سەرکردایەتی بێ ئەرزش کردوە."و "دەبێت لیژنەیەکی پسپۆڕ دۆسیەی ژەهر خواردکردنی بافڵ تاڵەبانی یەکلایی بکاتەوە."

ئاوێنە: شادمان مەلا حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتی یەكێتی، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا لەبارەی دوایین پێشهاتی كێشەكانی ناو یەكێتی رایگەیاند"دۆخی ناو یەکێتی تاڕادەیەک جێگیرە، بەڵام پێشکەوتنی تازە نییە بۆ یەکخستنەوە و ڕێککەوتن، هەوڵێکی بەردەوام هەیە لەسەر ئاستی کەسایەتی و جەماوەر و ڕێکخستنەکان و تەنانەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکەش، نێوەنگیری دەکرێت، تا ئەم ساتە پێشکەوتنێکی ئەوتۆ نییە."

شادمان مەلا حەسەن وتوشیەتی"من سەرکردەیەکی نزیک نیم لە کەس، من دیدێکی یەکێتیانەم هەیە، ئەوەی لەنێو یەکێتیدا روی دا، گەر لاهوری شێخ جەنگیش بیکردایە، بەدڵنیاییەوە ئێستا لە بەرەی بافڵ تاڵەبانی دەبوم، جوڵە و ڕوداوەکان، یاخود ئەمەی لە نێو یەکێتی کراوە، لەدەرەوەی پرەنسیپە حزبیەکان رویداوەو هیچ حسابێک بۆ سەرکردایەتی یەکێتی و پەیڕەو و پرۆگرام نەکراوە."

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی جەختی كردۆتەوە كە "کێشەی ئێستا کە ڕویداوە، لەسەر پلە و پۆستە و جۆرێک بەخیلیشی تێدایە، بە تایبەت لاهور شێخ جەنگی لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا بو. ئەو شتەکانی تر کە باسدەکرێن، من زۆر ئاگادار نیم، چونکە ئەوان خزمن، شارەزایم نیە لەسروشتی خێزانیان."

هەروەها سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی دەكرێن وتویەتی"ئەو هەڤاڵەی هاوسەرۆک کە هێزی جوڵاندوە، ئەم کارەی لەدەرەوەی پەیڕەو و پرۆگرام کردوە، بۆیە دەستی بۆ دروستکردنی چیرۆک بردوە، دەبێت لیژنەیەکی پسپۆڕی بێ لایەن، مەسەلەی ژەهر خواردکردنەکە یەکلایی بکاتەوە."

لەبارەی ئەوەی كە شاناز ئبیراهیم ئەحمەد پێشتر وتبوی، یەكێتی خەریك بو دەبوە حزبێكی موخابەراتی تۆقێنەر، شادمان مەلا حەسەن وتویەتی"ئەمانە بە حیکایەت دەزانم، ئینجا پێویست ناکات حیزب دەزگای هەبێت، گەر یەکێتی بە موخابەراتی کراوە، بۆ تا ئێستا لە پەنای حیزبی موخابەراتی شانازی کردوە، خۆ مەرکەزی موخابەراتەکە لە کن ماڵەکەی ئەوانە، ئێستاش موخابەراتەکە لای ئەوانە و ڕۆژانە خەڵکی پێ موحاسەبە دەکەن."

لەبارەی ئەوەی دەنگی هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز بۆ چونە سەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی، وتویەتی"بەڕاشکاوی قسەدەکەم، مەسەلەی هەرەشەی هێز، خۆ دیارە، هێز نمایش دەکرێت و ئەم پەیامانە دەگات. لاهور دەسەڵاتەکانی پێداون و لەماڵ دانیشتوە، با بڕۆن هەڵبژاردن بەرنەوە، گەر بردیانەوە، کەواتە لاهور کەسایەتیەکی لاواز بوە، ئەوکات یان لەگەڵیان ئاشت دەبێتەوە، یاخود سەری خۆی هەڵدەگرێت و دەڕوات. دۆخی یەکێتی خراپە، 60 ڕۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردن، گەر عیلاجی کێشەکان نەکەن، وەکچۆن بارزانی لە ڕیفراندۆم دارو بەرد داوایلێکرد نەیکات، بەڵام هەر کردی و ئەنجامەکەیمان بینی، بۆ یەکێتیش ئەنجامەکە وادەبێت."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا كە بۆچی لاهور شێخ جەنگی رازی بوە بە رادەستكردنی دەسەڵاتەكانی، شادمان وتویەتی"من یەکێک بوم لەوانەی ڕۆڵم هەبو لەو مەسەلەیەدا و نایشارمەوە، پێمانباشبو ئەم خوێنبەربونە ڕابوەستێ، ئەوان نیازیان خراپبو، پێشنیارمان کرد، دەسەڵات ڕادەست بکات، تا لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنرێت."

لەگەڵ ئەوەش وتویەتی"لاهور بیدەنگ نەبوە، ڕۆژانە خەڵک دەبینێت و قسە دەکات، پەیامەکانی جەژن و چەند ڕۆژی ڕابردوی، دو پەیامی گرنگ بون، ڕۆژانە خەڵک دەبینێت و دەڵێ، پابەندم بەپەیڕەو پرۆگرام، ئەوە کاک بافڵە، دۆسیەکان ناهێنێتە سەرکردایەتی و سەرکردایەتی بێ ئەرزشکردوە."


دەقی چاوپێكەوتنەكە...

کاک شادمان ئەم کاتەت باش، دەمەوێت لەو پرسیارەوە دەست پێبکەم، دوا زانیاری لەبارەی کێشە نیوخۆییەکانی یەکێتی و بە تایبەت کێشەی نێوان هاوسەرۆکان بە کوێ گەیشت؟

شادمان مەلا حەسەن: دۆخی ناو یەکێتی تاڕادەیەک جێگیرە، بەڵام پێشکەوتنی تازە نیـیە بۆ یەکخستنەوە و ڕێککەوتن، هەوڵێکی بەردەوام هەیە لەسەر ئاستی کەسایەتی و جەماوەر و ڕێکخستنەکان و تەنانەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکەش، نێوەنگیری دەکرێت، تا ئەم ساتە پێشکەوتنێکی ئەوتۆ نیە.

دڵشاد ئەنوەر: زۆر شت وتراو دەوترێت لەبارەی کێشەی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی، دەمەوێت وەکو کەسایەتیەکی نزیک لەلاهور شێخ جەنگی ئەو پرسیارەت ئاراستە بکەم، هۆکاری تەقینەوەی کێشەکان لەم کاتەدا چی بون؟

شادمان مەلا حەسەن: من سەرکردەیەکی نزیک نیم لە کەس، من دیدێکی یەکێتیانەم هەیە، ئەوەی لەنێو یەکێتیدا روی دا، گەر لاهوری شێخ جەنگیش بیکردایە، بەدڵنیاییەوە ئێستا لە بەرەی بافڵ تاڵەبانی دەبوم، جوڵە و ڕوداوەکان، یاخود ئەمەی لە نێو یەکێتی کراوە، لەدەرەوەی پرەنسیپە حزبیەکان رویداوە و هیچ حسابێک بۆ سەرکردایەتی یەکێتی و پەیڕەو و پرۆگرام نەکراوە.

ئەو ڕۆژەی هاوسەرۆک هەڵبژێردرا، من لەگەڵ سستمی هاوسەرۆکی نەبوم، پێموابو کێشەکان زیاتر دەکات و سیستەمی هاوسەرۆکیم بە خراپ زانی، دواتریش پێشنیاری ئەوەم کرد، فایلەکان دابەشبکرێن، بەڵام نەکرا. کێشەی ئێستا کە ڕویداوە، لەسەر پلە و پۆستە و جۆرێک بەخیلیشی تێدایە، بە تایبەت لاهور شێخ جەنگی لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا بو. ئەو شتەکانی تر کە باسدەکرێن، من زۆر ئاگادار نیم، چونکە ئەوان خزمن، شارەزایم نیە لەسروشتی خێزانیان.

دڵشاد ئەنوەر: کێشەی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی گەیشتوەتە ئاستی تۆمەت و تۆمەت بەخشین لە ڕێگەی میدیا و سۆشیال میدیاوە، ئایا دوای ئەم کێشانە، هیچ دەرفەتێک ماوە بۆ پێکهاتنەوە و پێکەوە کارکردنیان؟

شادمان مەلا حەسەن: هیچ شتێک ئەستەم نیە، ئینجا هەر کارێک کە دەکرێت چیرۆکێکی بۆ دروست دەکرێت، ئەو هەڤاڵەی هاوسەرۆک کە هێزی جوڵاندوە، ئەم کارەی لەدەرەوەی پەیڕەو و پرۆگرام کردوە، بۆیە دەستی بۆ دروستکردنی چیرۆک بردوە، دەبێت لیژنەیەکی پسپۆڕی بێ لایەن، مەسەلەی ژەهر خواردکردنەکە یەکلایی بکاتەوە.

کاک لاهور هیچ تۆمەتێکی نەداوەتە پاڵ ئەوان، دوای دروستبونی کێشەکان، ئینجا لە سۆشیال میدیا شەڕێک بەڕێوەبرا و ناو ناتۆرە بەیەکتر وترا، بەڵێ ڕاستە، ناوناتۆرە هەیە.

دڵشاد ئەنوەر: بەڵام لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جەختیکردەوە، بافڵ تاڵەبانی ژەهر خوارد کراوە و بەڵگە و تەقریری پزیشکیش هەیە؟

شادمان مەلا حەسەن: قسەکانی شاناز جیاوازی تێدایە، لەلایەک دەڵێ: پێشتر پلانی کەنارخستنی لاهورمان هەبوە، لەلاکەی تریش شتێکی تر دەڵێت. وادیارە ئەوان پلانیان بو دوای هەڵبژاردن ئەمە بکەن، بەڵام پێشیانخست، دەبێت لیژنەیەکی پسپۆڕ مەسەلەی ژەهرخواردنەکە یەکلایی بکاتەوە، لاهور ئامادەیی نیشانداوە بۆ چونە دادگا. من چیرۆکەکە بەسادە دەبینم، لاهوری شێخ جەنگی 15 ساڵە بەرپرسی دەزگایەکی هەستیاربوە و جێگەی متمانەی وڵاتانی ناوچەکە بوە.

دڵشاد ئەنوەر: ئاماژەت بەوەکرد لاهور شێخ جەنگی 15 ساڵە بەرپرسی هەستیارترین دەزگای یەکێتییە، بەڵام جۆرێک لە شۆک بون لای هەندێک خەڵک دروستبوە، چۆن لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا و لەنێو ئەو دەزگایانەدا، هاوکێشەکان لەدژی لاهور شێخ جەنگی یەکلایی کرانەوە؟

شادمان مەلا حەسەن: ئەو لەوەتەی بوەتە هاوسەرۆک، لەوێ نەمابو، دەمێکە هەوڵدەدات پۆستەکە بدرێتە خەڵکی تر و بڕیاری بۆ دەربکرێت، ئەمە دەستی دەرەوەی یەکێتی تێدابو، یەکێتی هاوپەیمانێتی بەست و خۆی ڕێکخستبویەوە بۆ هەڵبژاردن، ئەمەی کرا، شکستهێنان بو بە خۆڕێکخستنەوەکەی.

دڵشاد ئەنوەر: دەستی دەرەکی بەیەکلایی کردنەوەی کێشە نێوخۆییەکان تۆمەتبار دەکەیت، بەڵام گۆڕینی هاوکێشەکان لە شەوی 8 ی تەموز، هەموی بەهێزی یەکێتی ئەنجامدران و باڤڵ تاڵەبانی هیچ هێزێکی دەرەکی نەهێنایە سلێمانی، جوڵەکانی بە دژە تیرۆر و کۆماندۆی یەکێتی ئەنجامدا، ئیتر ڕۆڵی دەستی دەرەکی چی بو؟

شادمان مەلا حەسەن: هەمان کێشە لە هەولێریش هەیە و پاراستنیش کەسێکی بۆ دانراوە و فەرمانی بۆ دەرنەکراوە، کێشەکەی نێو یەکێتیش هەمان سروشتی هەیە، سەرۆکی هەرێم کە مۆری لێداوە، خۆی شارەزای ململانێی نێو یەکێتی بوە، بۆیە لێرەوە دەڵێین: دەستی هەولێری تێدابوە.

دڵشاد ئەنوەر: لەدوای قوڵبونەوەی کێشەی نێوان هاوسەرۆکان، سەرمایەدارێک هێنرایە سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و چیرۆکی ڕفاندن و پارە لێوەرگرتنی گێڕایەوە لەلایەن براکانی لاهور شێخ جەنگیەوە، بەپێی زانیاریەکان خەڵکی تریش لەخەتن بۆ سکاڵا تۆمار کردن، گوایە لەژێر سێبەری دژە تیرۆردا پارە و سەرانەیان لێوەرگیراوە؟

شادمان مەلا حەسەن: هێنانی بازرگانەکە دەرئەنجامە و بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی کەتنەکەیە، ئینجا تۆ کە هەڕەشە دەکەیت تا لاهور شێخ جەنگی وڵات جێ بهێڵێت و لەولاشەوە دادگای لێدەگری، شتەکان تەناقوزن. چارەسەری کێشەکان بەم شێوە ناکرێت، سروشتی یەکێتی جیاوازە، باڤڵ تاڵەبانی و براکەی موعجیبن بە تەقلیدکردنی پارتی، لەکۆبونەوەیەکدا بە خۆیانم وت: بیر لەوە مەکەنەوە، ئێوە ماڵی بارزانی بن و ئێمەش پارتیـیەکان، ئێمە و پارتی دو قوتابخانە و دو بیرکردنەوەی جیاوازین.

دڵشاد ئەنوەر: وەڵامی پرسیارەکەم وەرنەگرتەوە، دەوترێت لەسێبەری دەسەڵاتی شێخ لاهوردا و بەسود وەرگرتن لە هێزی دەزگا ئەمنیەکان، قاچاخچێتی کراوە و سەرانە لەخەڵک سەنراوە، بۆ نمونە ئەو کەسەی هێنرایە سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، کۆپیەکی دۆسیەکەیمان لایە هی ساڵی 2016 یە و تازە نیە، ئەوکات شکاتی کردوە، ڕات لەسەر ئەم تۆمەتانە چی یە؟

شادمان مەلا حەسەن: سروشتی هەمو جۆرە دەسەڵاتێک وایە، هەمو جۆرە خەڵکێکی لێ کۆدەبێتەوە، من ئاگاداری ئەو شتانە نیم، ناشتوانم ڕەتیبکەمەوە و دیفاعی لێبکەم، ئێستا خۆ دۆخەکە گۆڕاوە، لەوانەیە خەڵکی تریش هەبێت، بیەوێ لە ژێر سێبەری ئەماندا سود ببینێت. کاری جێگری حکومەت و دادگا چی بوە، بۆ ئەوکات ئیجرائاتیان نەکردوە، بۆ ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم دۆسیانەیان لە سەرکردایەتی باسنەکرد.

دڵشاد ئەنوەر: ڕەنگە پاساوی ئەوان ئەوە بێت، کاتی خۆی لایەنی بەرامبەر هێزی لابوە و نەیانتوانیوە ئیجرائات بکەن، ئێستا دەرفەتیان بۆ ئیجرائات کردن بۆ ڕەخساوە، جەنابت بێ ئاگایی خۆتت دەربڕی لەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی هەستیارترین دەزگای ئەمنی حیزبەکەت کراون لەمەسەلەی قاچاخچێتی و سەرانەدا، خۆ تۆمەتەکان تازە نین، چۆن پێشتر لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی داوای لێکۆڵینەوەتان نەکرد؟

شادمان مەلا حەسەن: کەس نەیهێنا بۆ سەرکردایەتی.

دڵشاد ئەنوەر: بەڵام خۆ هەموی لە میدیا و سۆشیال میدیا باسکرابون؟

شادمان مەلا حەسەن: ڕاستە لە میدیا قسەکراوە، لەکۆبونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی باس لە کێشەکان و تەجاوزات کراوە، ئێمە فشارمان کرد تا لامەرکەزیەت بچەسپێ و حکومەت دەسەڵاتی زیاتری هەبێت، تەنانەت جێگری حکومەت تورەبو، بۆچی قسە لەسەر حکومەت دەکەین و باسی کەم و کوڕی دەکەین. گەر لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبار بێت، بافڵ تاڵەبانیش تۆمەتبارە، هەردوکیان ئامۆزان، لەسلێمانی دانیشتون و پێکەوە بون، با کاتی خۆی، قوباد تاڵەبانی سەرکردایەتی بانگ بکردایە، بیگوتبا، ئەم کێشانە هەن، بزان ئێمە لەسەرکردایەتی قسەمان دەکرد یاخود نە.


دڵشاد ئەنوەر: ئەو ڕوداوانەی کە ڕویاندا، ئێوە بەکودەتا و ئەوان بە گۆڕانکاری ناوی دەبەن، شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیش هۆکاری گۆڕانکاریەکان بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، کە یەکێتی براوە بەرەو حزبێکی موخابەراتی و ئەوان ڕێگریان لێکردوە؟

شادمان مەلا حەسەن: ئەمانە بە حیکایەت دەزانم، ئینجا پێویست ناکات حیزب دەزگای هەبێت، گەر یەکێتی بە موخابەراتی کراوە، بۆ تا ئێستا لە پەنای حیزبی موخابەراتی شانازی کردوە، خۆ مەرکەزی موخابەراتەکە لە کن ماڵەکەی ئەوانە، ئێستاش موخابەراتەکە لای ئەوانە و ڕۆژانە خەڵکی پێ موحاسەبە دەکەن.

دڵشاد ئەنوەر: شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەشڵێت: دەمانەوێت یەکێتی بگەڕێنینەوە بۆ دۆخی جاران و بیبەینەوە سەر ڕێچکە تەندروستەکەی خۆی، ڕای تۆ چی یە؟

شادمان مەلا حەسەن: ئاخر کام یەکێتی، یەکێتی ساڵی 76 ، یان یەکێتی هەشتاکان، یاخود یەکێتی پێش 2006.

دڵشاد ئەنوەر: ئەوان دەڵێن، یەکێتی دەبەینەوە سەر ڕێبازی مام جەلال؟

شادمان مەلا حەسەن: مام جەلال کەسایەتیەکی سیاسی بوە، شتێک نیە بەناوی ڕێبازی مام جەلال، ڕێباز لای بیریارەکانە، مام جەلال سەرکردەیەکی سیاسی کاریزمی بو. گەر ڕێبازی مام جەلالە، کاتێک مام جەلال لە ساڵی 2004 ئیمزای لە دژ کرا، بەو پەڕی پێکەنینەوە ئیمزاکەی وەرگرت و ڕێگەی لە پەرتەوازە بون گرت.

ئێستا چاکسازی بوەتە وشەیەکی قێزەون، لە ژێر ئەم ناوەدا، شادمان لادەبرێت و دڵشاد دادەنرێت، چاکسازی پرۆسەیەکی گشتگیرە بۆ بەرژەوەندی خەڵک، نەک بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵێک کەس. ئەوەشت پێدەڵێم، لەم ڕوداوانەدا لاهور شێخ جەنگی هەواداری زیادیکرد، ئیسلامی و علمانی و سەربەخۆش هاوسۆزن لەگەڵی، ئەوەی زەرەری کرد، ئەوانبو.

دڵشاد ئەنوەر: کێشەی نێوان هاوسەرۆکان گەیشتوەتە ترۆپک، لاهور شێخ جەنگی باس لەبەکارهێنانی هێز لەدژی دەکات و ئەوانیش ڕەتیدەکەنەوە، کێشەکان بەرەو کوێ هەنگاو دەنێن؟

شادمان مەلا حەسەن، بەڕاشکاوی قسەدەکەم، مەسەلەی هەرەشەی هێز، خۆ دیارە، هێز نمایش دەکرێت و ئەم پەیامانە دەگات. لاهور دەسەڵاتەکانی پێداون و لەماڵ دانیشتوە، با بڕۆن هەڵبژاردن بەرنەوە، گەر بردیانەوە، کەواتە لاهور کەسایەتیەکی لاواز بوە، ئەوکات یان لەگەڵیان ئاشت دەبێتەوە، یاخود سەری خۆی هەڵدەگرێت و دەڕوات. دۆخی یەکێتی خراپە، 60 ڕۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردن، گەر عیلاجی کێشەکان نەکەن، وەکچۆن بارزانی لە ڕیفراندۆم دارو بەرد داوایلێکرد نەیکات، بەڵام هەر کردی و ئەنجامەکەیمان بینی، بۆ یەکێتیش ئەنجامەکە وادەبێت.

دڵشاد ئەنوەر: دەمەوێت ئەمە بکەمە کۆتا پرسیارم، لاهور شێخ جەنگی ڕۆیشتوەتە ماڵەوە و دەسەڵاتە حزبیەکانی ڕادەستکردوە، گەر تۆمەتەکانی سەری ڕاست نین، بۆ دەسەڵاتەکانی ڕادەستکرد و بێدەنگ چوە ماڵ؟

شادمان مەلا حەسەن: من یەکێک بوم لەوانەی ڕۆڵم هەبو لەو مەسەلەیەدا و نایشارمەوە، پێمانباشبو ئەم خوێنبەربونە ڕابوەستێ، ئەوان نیازیان خراپبو، پێشنیارمان کرد، دەسەڵات ڕادەست بکات، تا لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنرێت.

لاهور بیدەنگ نەبوە، ڕۆژانە خەڵک دەبینێت و قسە دەکات، پەیامەکانی جەژن و چەند ڕۆژی ڕابردوی، دو پەیامی گرنگ بون، ڕۆژانە خەڵک دەبینێت و دەڵێ، پابەندم بەپەیڕەو پرۆگرام، ئەوە کاک بافڵە، دۆسیەکان ناهێنێتە سەرکردایەتی و سەرکردایەتی بێ ئەرزشکردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×