وەزیری دەرەوەى عیراق گەیشتە تاران
  2021-08-10       373       
وەزیری دەرەوەى عیراق گەیشتە تاران بۆ گەیاندنی بانگهێشتنامه‌ى مسته‌فا كازمى، سه‌رۆكوه‌زیرانى عیراق بۆ بەشداری کردنى ئیبراهیم ره‌شیسى سه‌رۆكى نوێى ئێران لە کۆنگرەی بەغدا.

ئاوێنە: میدیاى عیراقى بڵاویكردۆته‌وه‌ فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەى عیراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 10ى ئابى 2021، گەیشتە تارانى پایته‌ختى ئێران.

ئامانج له‌ سه‌ردانه‌كه‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عیراق بۆ ئێران بۆ گەیاندنی بانگهێشتنامه‌ى مسته‌فا كازمى، سه‌رۆكوه‌زیرانى عیراق بۆ بەشداری کردنى ئیبراهیم ره‌شیسى سه‌رۆكى نوێى ئێران لە کۆنگرەی بەغدا.

به‌ پێى زانیارییه‌كان هه‌روه‌ها ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئەم مانگە سەردانی بەغدا دەکات، ئەوەش دەبێتە دووەم سەردانی ماکرۆن بۆ عێراق لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا.

هاوكات نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی دووشەممە رایگەیاندبوو، لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆنفرانسێکی هەرێمی لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەدەچێت، کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنساش بەشداری تێدا دەکات.

نووسینگەی مستەفا کازمی وتوشیه‌تى، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شا سەلمان، شای سعودیەش بانگهێشتکراون، بەڵام دیارنییە کۆنفرانسەکە بە دیاریکراوی لە چ رۆژێکدا دەکرێت.

هەروەها ئەوەش ئاشکرانەکراوە کە ئایا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، وڵاتە نەیارەکەی سعودیە و ئەمریکا بەشداری کۆنفرانسەکە دەبێت یان نا.

عێراق هەوڵدەدات وەک ناوەندگیر لە نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبیدا رۆڵ بگێڕێت مانگی نیسان، ئاشکرابوو کە تاران و ریاز لە بەغدا دانوستاندنیان کردووە.

هاوكات نووسینگەی کازمی باس لەوە دەکات، ماکرۆن لە پەیوەندی تەلەفۆنیدا بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی وتووە، پلانی وایە سەردانی عێراق بکات و لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار بێت.

عێراق کە بووەتە گۆڕەپانی ناکۆکیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، لە دوای تێکشانی داعش لە ساڵی 2017، هەوڵیداوە وەک ناوەندگیرێکی هەرێمی رۆڵ بگێڕێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×