سه‌ركرده‌یه‌كی په‌كه‌كه‌: چەقۆ گەیشتووەتە سەر ئێسقان و ئارامگرتن کۆتایی هات
  2021-08-10       1907       
سه‌ركرده‌یه‌كی په‌كه‌كه‌، لە پارتی دەپرسێت، بۆچی هێرشت کردە سەر گەریلا لە خەلیفان؟، ئایا ئەمە هۆکارێک نییە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ؟، دەشڵێت: بەهۆی خەمخۆریی گەریلاوە شەڕ نەهاتووەتە ئاراوە، بەڵام ئیتر ئەو ئارامگرتنەش کۆتایی هاتووە و چەقۆ گەیشتووەتە سەر ئێسقان.

ئاوێنه‌: شەوی ڕابردوو، مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، بەشداری بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی مەدیا هەبەر بوو و تیایدا بەبەرفراوانی قسەی لەسەر ١٥ی ئابی و دۆخی ئێستا کوردستان و ناوچەکە کرد.

قەرەسوو لەبارەی قەڵەمبازیی ١٥ی ئاب، کە بەڕۆژی ژیانەوە ناسراوە وتی، ئەندازیاری ئەو مێژوو ڕێبەر ئاپۆیە، وتیشی: لە هەربەشێکی کوردستان ناوبەناو بەرخۆدان هەبووە، بەڵام ئەوەی هەرە زیاتر کاریگەریی هەبوو و ڕاستینەی کۆمەڵگای کوردیی دەرخست، قەڵەمبازیی ١٥ی ئاب بوو.

وتیشی: دەوڵەتی تورک هەموو ساڵێک دەڵێن پەکەکە لەناودەبەین، بەڵام بەپێچەوانەوە گەریلا و سیاسەت مەزتر دەبن.

بابەتێکی دیکە، کە مستەفا قەرەسوو قسەی لەبارەوە کرد، هاوکارییەکانی پارتی بوو بۆ دەوڵەتی تورک و وتی:”گەمارۆدانی هەرێمەکانی گەریلا کارێکی نائەخلاقییە و دەیانەوێت بەم هەڵوێستەیان ڕۆڵەی گەلی کورد بەکوشت بدەن”.

قەرەسوو، ڕایگەیاند”چەند ڕۆژێک پێش ئێستا پارتی لەگەڵ کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک کۆبوونەتەوە، دوای ئەو دیدارە ویستیان لە شیلادزێوە لەشکرکێشیی بکەن، بەڵام بەهۆی هەڵوێستی خەمخۆری گەریلاوە، ڕێگریی لە ڕوودانی شەڕ کرا، بەڵام ئیتر ئەو ئارامگرتنەش کۆتایی هاتووە چەقۆ گەیشتووەتە سەر ئێسقان”.

لەسەر ڕووداوەکەی خەلیفان و بێسەرشوێنبوونی گروپێک گەریلا، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەریی کەجەکە ‘مستەفا قەرەسوو’ وتی: هێشتا چارەنووسی ئەو گروپە گەریلایە نازانین، هەپەگە داوای ڕوونکردنەوە کردووە بەڵام پەدەکە وەڵام ناداتەوە، ئێمە لە پەدەکە دەپرسین بۆچی هێرشت کردە سەر گەریلاکان؟، ئایا ئەمە هۆکارێک نییە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ؟

جەختیشیکردەوە، دەبێت پەدەکە ڕوونکردنەوە بدات چی بەسەر سێ گەریلاماندا لە خەلیفان هاتووە؟.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×