ئومێد خۆشناو: هەولێر لە قەیرانێکی گەورەی ئاودایە
  2021-08-10       1095       

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە ئێستادا هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت روبەڕوی بێئاوی و وشکە ساڵی بونەتەوە و لە چوارچێوەی بەرنامەکانی ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر ئاوی ئیفرازی 1، 2 و 3 کەوتونەتەوە کار، هەروەها ئاوی قەندیل کەوتەوە کار دوای بوژانەوەیەک بەهۆی ئەو بارانەی کە لە تورکیا باری و ئاوی روبارەکانی ژیانەوە.

ئاوێنه‌: ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەداخەوە ئەمساڵ هەولێر و هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی گەورەی ئاودان، سەرچاوەی ئاوی هەولێر کە دو جۆر سەرچاوەیە و سەرەتاکانی لە مانگی (ئایار/5)ەوە هێماکانی دەرکەوتوە کە وشکبونی بیرەکانە و سەرچاوەی دوەمیش سەرچاوەی ئاوی سەرزەوی گرفتی هەبوە، بەڵام لە ماوەی رابردو لە چوارچێوەی بەرنامەکانی ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر ئاوی ئیفرازی 1، 2 و 3 کەوتونەتەوە کار، هەروەها ئاوی قەندیل کەوتەوە کار دوای بوژانەوەیەک بەهۆی ئەو بارانەی کە لە تورکیا باری و ئاوی روبارەکانی ژیانەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا هەندێک گەڕەک کێشەی ئاویان ماوە بەهۆی ئەوەی هەندێک شەبەکەی ئاو بەتەواوی پڕ نەبون و ئاو دەگاتە ئەو گەڕە و شوێنانەی دیکەش، پێشتر لە چوارچێوەی ژوری ئۆپراسیۆنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نزیکەی 32 بیری نوێ لێدراون و 150 بیریش چ بە شۆڕکردنەوەی بۆڕی و چ بە چاککردنی ماتۆڕەکانیان کەوتونەتەوە کار و زیاتر لە 180 بیر چاککراون.

پارێزگاری هەولێر باسی لەوەشکرد، سەرۆکی حکومەت بە دابینکردنی بڕە پارەیەک هاوکاری کردون بۆ دەربازبون لەو قەیرانە، لەگەڵ ئەوەشدا داوایان لە خێرخوازان و کونسوڵی وڵاتان کردوە هاوکاریان بکەن، بۆیە کونسوڵی وڵاتی ئیمارات بەشداری کردوە و ئەمڕۆ لە یەکەم هەنگاویاندا لە سنوری قوشتەپە بە لێدانی بیرێک هەڵمەتی هاوکاریان بۆ پارێزگای هەولێر دەستپێدەکات.

ئومێد خۆشناو وتیشی، داوا لە هاوڵاتیان دەکەن دەست بەئاوەوە بگرن و هاوکاریان بکە لەوەی ئاو بە خەسار نەدەن، هەرکەسێکیش ئاو خەسار بکات رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×