حاكم قادر حەمەجان: دەبێت كێشە ناوخۆییەكانی یەکێتی بەكراوەیی نەهێڵێرێنەوە
  2021-08-10       935       
حاكم قادر حەمەجان ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ یەكێتی لەهەموو كەسێك و گروپ و دەستەیەك گەورەترەو نابێت كێشەكان ببنە هۆی زیان گەیاندن بە بەرژەوەندییە باڵاكانی ئەو حزبە. به‌پێویستیشی‌ ده‌زانێت، "كێشەكان بەزویی چارەسەر بكرێن، بۆ ئەوەی یەكێتی وەك هێزێكی كاریگەر بتوانێت ڕوبەڕوی هەموو ئاڵانگاریی‌و بارودۆخێك ببێتەوە."

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ سێشەممە، حاكم قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسیی‌و به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له‌میانی به‌شدارییكردنی له‌سیمینارێكدا باسی‌ لەكێشەكانی ئەم دواییەی یەكێتی كردو ڕایگەیاند، یەكێتی لەهەموو كەسێك و گروپ و دەستەیەك گەورەترەو نابێت كێشەكان ببنە هۆی زیان گەیاندن بە بەرژەوەندییە باڵاكانی ئەو حزبە.

وتیشی، "دەبێت كێشە ناوخۆییەكان بەكراوەیی نەهێڵێرێنەوەو هەموو هەوڵێك بخریتەگەڕ بۆ چارەسەكردنیان، ئەوەش لەپێناو بەهێزبوونی یەكێتی و گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێبازەی یەكێتی و پڕانسپە جێگیرەكان كە (ی.ن.ك) دایڕشتوەو خەباتی بۆ كردووە و قوربانی زۆریشی لەو پێناوەدا داوە."

جەختیشی كردەوە كە "ئێستا هەرێمی كوردستان و ناوچەكە لە بەردەم تەحەدیاتی گەورەی سیاسی و ئابوریدایە و بەهیزبوونی یەكێتی بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی كوردستانە و لاوازبوونیشی دەبێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی هەرێم و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە باڵاكان، بۆیە خەڵك چاوەڕوانی تێپەڕاندنی دۆخەكەیە لەپێناو پاراستنی یەكێتی و یەكڕیزی یەكێتیدا."

حاكم قادر ئاماژەی بەوەشكرد، "دەبێت كێشەكان بە زوویی چارەسەر بكرێن، بۆ ئەوەی یەكێتی وەك هێزێكی كاریگەر بتوانێت ڕووبەڕووی هەموو ئاڵانگاریی و  بارودۆخێك ببێتەوە."

هەروەك هێمای بۆ ئەوەكرد، "نابێت كێشە و ناكۆكی و ململانێكان، دورمان بخەنەوە لە ئامانجە سەرەكییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بریتیین لە كاركردن بۆ باشكردنی بژێوی خەڵك، ئاوەدانی، خزمەتگوزاری، ئازادی بیروڕا، ئارامی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری و دەستكەوتە باڵا نەتەوەییەكان."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×