2021-08-11   600     
کردنەوەی نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆسەر لەژنێڤی پایتەختی سویسرا بۆتە جێگای نیگەرانی قوڵی تورکیا، هەربۆیە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لەڕێگای بانگهێشتکردنی هەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی سویسرا لەئەنکەرە ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بەو کارە دەربڕیوەو داوایکردوە سویسرا دەستبەجێ نوێنەرایەتییەکەی ڕۆژئاوای کوردستان دابخات.
ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبەیاننامەیەدا ڕایگەیاندوە، وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر بەکردنەوەی نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان لەشاری ژنێڤی سویسرا، هەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی سویسرا لەئەنکەرە بانگهێشتی بارەگای وەزارەتی دەرەوە کراوەو تێیدا داوای ڕونکردنەوەی بابەتەکەی لێکراوە.
لەبەشێکی تری بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتوە، ئیدارەی خۆبەڕیوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان بەهەموو ڕێگاو ڕێبازێک هەوڵی بەدەستهێنانی شەرعیەتو بانگەشەکردن بۆخۆی دەدات، بۆئەوەش زۆرجار خۆی لەپەنای ناوی وەک کۆمەڵەو ڕێکخراوی ناحکومیی دەناسێنێت.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت:"بەهەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی سویسرا لەئەنکەرە ڕاگەیەندراوە کە نابێت ڕێگە بەبەباگەشەکردن بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بدرێت، بەوپێیەی ئەو دامەزراوەیە سەر بەپارتی کرێکارانی کوردستانەو داواشکراوە دەستبەجێ نوێنەرایەتییەکەیان لەژنێڤ دابخرێت.
جەختیشیکردۆتەوە، تورکیا بەهەموو توانایەوە بەردەوامدەبێت لەدژایەتیکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەڕۆژئاوای کوردستانو هەموو لقو بەشەکانی لەهەر جێگایەک بێت.
ڕۆژی دوشەممە بەفەرمی نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان لەشاری ژنێڤی پایتەختی سویسرا کرایەوە، کەبەپێی بەیاننامەیەکی ئیدارەکە، ئامانج لەکردنەوەی ئەو جۆرە نوێنەرایەتیانە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی کوردانی ڕۆژئاوایە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کاریگەریان لەسەر دۆسیەی سوریا هەیە.