باڵیۆزی ئەمەریكا: هیچكات كشانەوەی یەكجاریی لەعێراق ئێمەدا نیە
  2021-08-11       343       
باڵیۆزی ئەمەریكا لەعێراق ڕایدەگەیەنێت: جۆ بایدن لەگرنگی عێراق تیدەگات‌و هیچكات كشانەوەی یەكجاریی سوپای‌ ئەمەریكا لەعێراق لەستراتیژیدا نیەو هەبونی حكومەتێكی بەهێز لەهەرێمی كوردستان‌و حكومەتێكی فێدراڵی بەهێز لەبەغدا نمویەكی سەركەوتو دەبێت بۆ ناوچەكە بەگشتی‌و لەبەرژوەندی هەرێم‌و بەغدایە.

ئاوێنە: ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمەریكا لەعێراق لەمیانەی‌ چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ژمارەیەك میدیای هەرێمی كوردستان، باسی چەندین بابەتی گرنگ‌و پەیوەست بەسیاسەتی وڵاتەكەی لەهەرێمی كوردستان‌و عێراق كرد و ڕایگەیاند: نامانەوێت عێراق ببێتە شوێنێك لێیەوە هەڕەشە لەناوچەكەو وڵاتانی دیكەش بكرێت و ژمارەیەكی كەم سەربازمان لەبنكەی سەربازی هەریر هەیەو ئەركیان پشتیوانی هێزی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەكانە لەدژی داعش، قسە كردن لەسەر گواستنەوە یان جێگۆركێی پێیان، ئەرك و بەرپرسیارێتی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریكایە.

لەبارەی دروستكردنی گەورەترین كونسوڵخانەی وڵاتەكەیان لەهەرێمی كوردستان باڵیۆزی ئەمەریكا لەعێراق ڕونیكردەوە كە "پێمانوایە هەبوونی حكومەتێكی بەهێز لەهەرێمی كوردستان‌و حكومەتێكی فێدراڵی بەهێز لەبەغدا نمویەكی سەركەوتو دەبێت بۆ ناوچەكە بەگشتی‌و لەبەرژوەندی هەرێم‌و بەغدایە."

دوپاتیشیكردەوە:"كورد هاوپەیمانی گرنگی ئێمەن و ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهێز بێت و لەناوەندیش كار بكەین، بۆ ئەوەی رێگە بگرین لەو هێزانەی كە سەر بەمیلیشیاكانن بێنە ناو پەرلەمان و حكومەت، بەدڵنیاییەوە ئەمەش لەبەرژەوەندی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵیش دەبێت."

تولەر راشیگەیاند:"لەدوای‌ 31ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ ئەمەریكا هیچ هێزێكی شەڕكەری لەعێراق نامێنیت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە ئێمە هیچ سەربازێكمان لێرە نابێت، بەڵكو راوێژكار و راهێنەرمان دەمێننەوە، راوێژ و راهێنان بەپێشمەرگەو هێزەكانی عێراق دەدەن."

جەختی‌ لەوەش كرد:"لەرۆژانی داهاتودا دەبینن كە هەندێك هێزمان لەعێراق دەچنە دەرەوە. داواكاری حكومەتی عێراقیش زۆر رونە بەئاشكرا وتویەتی دەمانەوێت پەیوەندی ستراتیژیمان لەگەڵ ئەمەریكا بمێنێتەوە، ئەم پەیوەندییە سەربازیش دەگرێتەوە."

باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ئەوەشی‌ وت، "ئامانج‌و بونمان لەسەر بانگهێشتی فەرمی حكومەتی عێراقەو ئەركمان لەناوبردنی داعشە، بەڵام رۆڵی خۆمان دەگۆرین بۆ راوێژكاری."

تایبەت بەهەڵبژاردنی داهاتوی عێراق، باڵیۆزی ئەمەریكا پێیوایە هەڵبژاردنەكان بەرێوەدەچن، لەو ڕوەوە وتی‌، "هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكرێن، ئامادەكاری كراوەو نەتەوەیەكگرتوەكان‌و یەكێتی ئەوروپاش چاودێری خۆیان دەنێرن."

هیواشیخواست كە هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەر پاك‌و بێ كێشە بن‌و متمانەی خەڵك بۆ پرسەی هەڵبژاردن‌و حكومەت بگەڕێتەوەو هاوكێشەی سیاسیش لەعێراق بگۆڕن‌و پارتەكانی سەر بەمیلیشیاكان بچوك بكرێنەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×