لەماوەیەکی نزیکدا گۆڕانکاریی بەسەر بەهای دیناردا دێت
  2021-08-12       1238       
هەرچەندە بەرزبوونەوەی بەهای نەوتی خاو بۆ سەروو 70 دۆلاری ئەمریکی کورتهێنانی لەبودجەی گشتیی عێراق کەمکردۆتەوەو داهاتێکی زۆری خستۆتە بەردەستی حکومەت، بەڵام پسپۆڕانی ئابوریی‌و بەشێک لەبەرپرسانی حکومەت بەدوریدەزانن لەماوەیەکی نزیکی ئایندەدا گۆڕانکاریی بەسەر بەهای دیناردا بهێنرێت‌و بۆ نرخەکەی پێشوتری بگێڕدرێتەوە.

ئاوێنە: باسم جەمیل ئەنتوان پسپۆڕی ئابوویی عێراقیی بەدوریدەزانێت حکومەت لەماوەی دوو ساڵی داهاتودا هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر بەهای ئێستای دیناردا بهێنرێت‌و بۆ نرخەکەی پێشوتری بگێڕێتەوە.

ئەنتوان بەکەناڵی فوڕات نیوزی وتوه‌، "لەهەردوو بودجەی ساڵی 2022و 2023 حکومەتی گۆرانکاری لەبەهای دیناردا ناکات، هەرچەندە ئەو گۆڕانکارییە توانای کڕینی تاکی عێراقی کەمکردۆتەوەو ژمارەی هەژارەکانیشی بەرزکردۆتەوە".

هەروەک لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق بەدوریزانی بوو لەماوەیەکی نزیکی داهاتوودا گۆڕانکاریی لەنرخی گۆڕینەوەی دینار بەرامبەر بەدۆلاردا بکرێت.

جەختیشیکردبۆوە، بانکی ناوەندی توانای ئەوەی هەیە کۆنترۆڵی بازاڕ بکات‌و ڕێگە لەیاریکردن بەنرخەکان بگرێت.

مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بانکی ناوەندیی بەهای دیناری بەرامبەر دۆلار دابەزاند، بەشێوەیەک هەر دۆلارێک بە1450 دینار لەوەزارەتی دارایی دەکڕدرێت‌و بە1460 دینار بەبانکەکانی دەفرۆشرێتەوەو بۆ هاوڵاتییان بە1470 دینار بەردەست دەبێت، بەڵام لەوکاتەوە بەردەوام بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار هەڵبەزو دابەزیکردووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×