لیژنەی دارایی پەرلەمان نرخێکی نوێ بۆ نەوت پێشنیاز دەکات
  2021-08-12       380       
لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق پێشنیاز دەکات بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، لە پرۆژە یاسای بودجەی 2022 نرخی یەک بەرمیل نەوت بە 55 دۆلار بخەمڵێنرێت.

ئاوێنە: جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی فەرمی راگەیاند، دانانی نرخی یەک بەرمیل نەوت بە 50 دۆلار لە بودجەی ساڵی 2022 نرخێکی گونجاوە.

دەشڵێت، ''ئەگەر نرخی هەر بەرمیلێکیش بە 55 دۆلار دابنرێت باشترە، چونکە ناتوانرێت پێشبینی نرخی نەوت بکرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی نرخەکەی بەرزبووەوە و پاشان بەشێوەیەکی بەرچاو جارێکی دیکە دابەزییەوە.''

ئەندامەکەی لیژنەیی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی بەردەست بوونی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا، دەکرێت پێشبینی ئەوە بکەین کە نرخی نەوت زیاتر بەرزدەبێتەوە، چونکە بەردەستبوونی ڤاکسین واتە هەنگاونان بەرەو کۆنتڕۆڵکردنی پەتاکە.

جەمال کۆچەر باسی لەوەشکرد، نرخی نەوت لە ئێستادا زۆر زیاترە لەو نرخەی لە یاسای بودجەی 2022دا دانراوە، ئەو نرخەش بۆیە وادانرا چونکە ترسی ئەوە هەبوو کە نرخی نەوت دەکرێت بەگوێرەی بازاڕە جیهانییەکان دابەزێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×