میدیای یه‌كێتی: لێپرسراوی كۆمیته‌ی خوێندكارانی شیلادزێ له‌لایه‌ن ئاسایشی پارتییه‌وه‌ ڕفێندرا
  2021-08-12       492       
میدیای فه‌رمی یه‌كێتی بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ لەشیلادزێ لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە لێپرسراوی كۆمیتەی خوێندكارانی كوردستان لە قەزای ئامێدی رفێندراوەوو تائێستا چارەنوسی نادیارە، دواتریش هێزێكی ئەمنی چونەتەسەر ماڵەكەی و مۆبایل و كۆمپیوتەرو كەلوپەلە تایبەتەكانیان بردوەو كامێراكانی چاودێری ناوچەكەشیان لەگەڵ خۆیان بردوە.

ئاوێنە: هۆگر سەلیم، جێگری لێپرسراوی كۆمیتەی ئامێدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی دەستگیركردنی لێپرسراوی كۆمیتەی خوێندكارانی قەزای ئامێدی یەكێتییەوە بە میدیای فه‌رمی حزبه‌كه‌ی راگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆی 12ی ئابی 2021، لە شیلادزێ بیرهات مەهدی رێكانی، كە لێپرسراوی كۆمیتەی خوێندكارانی كوردستانە لەقەزای ئامێدی و ئەندام كۆمیتەی شیلادزێیە و كادرێكی چالاكە، لەماوەی رابردووە تائێستا چەندینجار لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی شیلادزێیەوە هەڕەشەی لێكراوە و داوای لێكراوە بچێتە لای هێزە ئەمنیەكان.

وتیشی: "ئەمڕۆ كاتێك چوەتە لای هێزەكانی پۆلیس، لەوێ لەلایەن هێزێكی ئەمنیەوە كە دەستگیركراوە و دواتر هێزە ئەمنییەكان چونەتە سەر ماڵی و ماڵەكەیان پشكنیوە و تائێستا چارەنوسی نادیارە".

ئەوەشی خستەڕوو: ئەمە جاری یەكەم نیە لەو سنورە كە لەلایەن هێزە ئەمنیەكان كادرانی یەكێتی رووبەڕووی هەڕەشەو دەستگیركردن دەبنەوە، بۆیە هەركاتێك بیانەوێت كەسێك دەستگیربكەن تۆمەتێكی سیاسی بێبنەمایی بۆ دروست دەكەن و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە خەڵك بترسێنن.

میدیای یه‌كێتی ئه‌وه‌شی باسكردووه‌: "دوای دەستگیركردنی بیرهات رێكانی، هێزێكی ئەمنی بەژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلەوە داویانە بەسەر ماڵەكەیداو كۆمپیتەرو مۆبایل و هەموو پێداویستیەكی تایبەتی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردوەو سەرجەمی ئەو كامێرا چاودێریانەشی لە نزیك ماڵی بیرهات رێكانی بوون بردویانە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×