بکوژى میدیا دەرکەوت کەسى نزیکى هاوسه‌ره‌كه‌یه‌تی
  2021-08-12       3832       
 
تۆمەتبارێکى سەرەکى کوژرانى میدیا فەیزوڵا ژنە پاڵەوانى بەرزکردنەوەى قورسایی لەکەرکوک دەرکەوت کەسى نزیکى هاوسەرەکەیەتى و لەکاتى پرسەکەیدا شینى بۆ گێڕاوە بۆ ئەوەى تاوانەکەى بشارێتەوە. 
  
ئاوێنه‌: میدیا فەیزوڵا لە 27ى تەموزدا لەگەڵ کچە 10 ساڵانەکەى لەماڵەکى خۆیاندا لەگەڕەکى فەیلەقى کەرکوک بەسەختى برینداربوو، دواى ئەوەى چەند کەسێک هێرشیان کردە سەریان، بەڵام حەوتى ئاب بەهۆى سەختى برینەکەیەوە میدیا گیانی لەدەستدا.  

میدیاى تەمەن 42 ساڵ و مێردەکەى پاڵەوانى بەرزکردنەوەى قورسایی و لەشجوانى بوون و لەسەر رووداوەکە پۆلیس چوار کەسى دەستگیرکرد، کە دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوە.  

تۆمەتبارى سەرەکى دۆسیەکە کەسى نزیکى مێردەکەیەتى سیانەکەى و دیکەش هاوکارى بوون و پۆلیس دۆسیەکەى رەوانەى دادگا کردووە بۆ دادگایی کردنیان.  

عامر نورى وتەبێژى پۆلیسى کەرکوک بۆ "ناس کورد" باسى لەوەکرد، تۆمەتبارى سەرەکى لەپرسەى میدیادا شینى گێڕاوە بۆ ئەوەى تاوانەکەى بشارێتەوە، بەڵام دواتر دەستگیرکراوە.  

جەختیشیکردەوە، رووداوەکە پەیوەندى بە تیرۆرەوە نەبووە.  

بەپێی راگەیەنراوێکى پۆلیسى کەرکوک، تۆمەتبارەکان کە بەپێی ماددەى 406 ى کوشتن دەستگیرکراون هۆکارى رووداوەکەیان بۆ "کێشەى کۆمەڵایەتى" گەڕاندووەتەوە.  

میدیا خاوەنى حەوت مەدالیا بوو لەپاڵەوانێتییە ئاسیاییەکان و هەشت مەدالیا لەسەر ئاستى عێراق و هەرێم و یەکێک بوو لە دیارترین وەرزشکارى بەرزکردنەوەى قورسایی لەسەر ئاستى عێراق.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×