سەرپەرشتیاری "لیواكانی كۆسرەت رەسوڵ" وەك "سەرۆكی یەكێتی" ناوی بافڵ تاڵەبانی دەهێنێت
  2021-08-12       2455       

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی سەردانی بارەگای لیواكانی 3 و 7ی كرد كە بە "لیوا تایبەتەكانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی" ناسراون و لەچوارچێوەی هێزەكانی حەفتای یەكێتیدان و دەمانچەیەكی وەك دیاری پێشكەش بە لیوا ئەیوب، سەرپەرشتیاری هەردو لیواكە كردو ناوبراویش، وەك "سەرۆكی یەكێتی" ناوی بافڵ تاڵەبانی دەهێنێت.

ئاوێنە: لیوا ئەیوب یوسف، سەرپەرشتیاری لیواكانی 3 و 7 لە لاپەڕەی رەسمی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە بارەگای لیواکانی 3و 7ی تایبەت بە یاوەری هەمو هەڤاڵانم لە هەردو لیوای ناوبراو پێشوازیمان لە هەریەک لە بەڕێزان جەنابی کاک (بافڵ تاڵەبانی) سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هەڤاڵ کاک (مستەفا چاوڕەش) فەرماندەی گشتی هێزەکانی 70 و هەڤاڵان کاک شێخ جەلال شێخ ناجی و لیوا سەڵاح و کاک وەهاب هەڵەبجەیی فەرماندەی گشتی هێزەکانی دژە تیرۆر و کاک ئاکام فەرماندەی لیوای کۆماندۆ و وەفدی یاوەریان کرد کە بە خۆشحاڵییەوە تەشریفیان هێنابو بۆ لامان."

وتوشیەتی"هەردو لا سوربوین لەسەر یەکڕیزی و تەبایی برایانی پێشمەرگە و پاراستنی ناوخۆی هێزەکانمان و سەرخستنی لیستی مام لە هەلبژاردنەکانی داهاتودا بە هەمان نەفەسی پێشو."

 لیوا ئەیوب هەروەها لەگەڵ دانانی وێنەی پێشكەشكردنی دیارییەكدا كە لە دەمانچەیەك پێكهاتوە لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە پێی نوسیویەتی"زۆر سوپاس و پێزانینم ئاڕاستەی برای بەڕیزم جەنابی کاک (بافڵ تاڵەبانی) سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەکەم کە لەپای ئەرک و ماندوبون و هەوڵی بەردەوامم بۆ خزمەتی خاکی پیرۆزی کوردستان و چاو کراوەیمدا لە بەرامبەر هەمو برایانی پێشمەرگەدا بێ جیاوازی ئەو دیارییە جوان و بەنرخەی پێشکەش کردم."

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×