خانەنشینی هەرێم: چاكسازی لە خانەنشینی پلە باڵاكان كۆتایی هات
  2021-08-12       384       

بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، چاکسازی لە خانەنشینی پلە باڵاکان کۆتایی هات، تەنها پەرلەمانتارەکان مابون، چاکسازی ئەوانیش تەواو بوەو موچەی سەرجەمیان هەمواركراوەتەوە.

ئاوێنە: حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی وت''لە بەردەوامی چاکسازی لە خانەنشینی پلە باڵاکاندا تەنها پەرلەمانتاران مابون، ئەوانیش ئەم هەفتەیە تەواو کران و ئێستا چاکسازی لە خانەنشینی پلە باڵاکان تەواو بوەو موچەی سەرجەمیان هەموار کراوەتەوە."

حازم ئیسماعیل وتیشی"تەنها هەندێک کێشەو گرفت هەیە، کە پێویستە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر بدات، بۆیە پێویستە چاوەڕێ بین تا حکومەت بڕیار دەدات، ئەوکات دیاری دەکەین چەند کەس لە خانەنشینیی پلە باڵاکان یاسایین و چەندیش نایاسایین، ئەوەی گرنگیشە چاکسازی لە خانەنشینیی پلە باڵاکان تەواو بوەو کۆتایی بە کارەکانیان هاتوە."

سەرەتای ئەم هەفتەیەش سەباح موخلیس، بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینی هەرێم، رایگەیاندبو"لە چاکسازیکردن و پێداچونەوە بە دۆسیەی خانەنشینی پلە باڵاکان، تەنیا پەرلەمانتاران ماون، ئەوانیش ئەم ھەفتەیە تەواو دەبن، کە 420 پەرلەمانتار دەبن، بەمەش کۆتایی بە چاکسازی لە خانەنشینی پلە باڵاکان دێت و دواتر ھەنگاوی دیکەی بەدواوە دێت، ئەوانیش خانەنشینی مەدەنی دەبێت."

وتبوشی"ئەوانەی پلە باڵان، لەم مانگەوە موچەیان بە ھەموارکراوی وەردەگرن بەپێی لیستی نوێ، چونکە یاسای چاکسازی چۆنی داناوە، ئێمە بەو شێوەیە ھەموارمان کردۆتەوە."

ئەوەشی خستبوەڕو"بە چاکسازیکردن لە موچەی پلە باڵاکان، نزیکەی دو ملیار دینار بۆ خەزینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×