لەسەر كێشەیەكی خێزانی سوپای عێراق دەیان خێزانی گوندێك لە پارێزگای سەڵاحەدین رادەگوێزێت
  2021-08-12       779       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، لەسەر كێشەیەكی خێزانی كە پێدەچێت وەزیرێكی حكومەتی تێدا بێت، لە مانگی رابردوەوە سوپای عێراق بەشێوەیەكی نایاسایی 91 خێزانیان لە گوندی "عیسە" لە پارێزگای سەڵاحەدین راگواستون بۆ نێو كەمپێكی ئاوارەكان بەبێ ئەوەی رێگە بدەن هیچ شتێك لەگەڵ خۆیاندا بەرن.

ئاوێنە: بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوەكە، چەندین خێزانی ئەو گوندە پێشترو لەسەردەمی شەڕی داعشدا ناچاربون ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن و روبكەنە كەمپی ئاوارەكان بەڵام دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەزۆر لە كەمپی ئاوارەكانەوە هێنراونەتەوە بۆ گوندەكەیان.

بەشێك لە ئەندامانی ئەو خێزانانەی كە لە گوندەكەیان بۆ كەمپێكی ئاوارەكان راگوێزراون قسەیان بۆ هیومان رایتس ۆوچ كردوەو باسیان لەوە كردوە كە ئەوان لە ئەنجامی كێشەیەكی خێزانی نێوان وەزیرێكی حكومەتی عێراق كە خەڵكی گوندەكەیە لەگەڵ برایەكیدا راگوێزراون بەهۆی ئەوەی براكەی ژنێكی خەڵكی گوندەكەی هێناوە كە بانگەشەی ئەوە دەكرێت پێشتر پەیوەندی بە داعشەوە هەبوە.

حەوت كەس لە دانیشتوانی ئەو گوندەی پارێزگای سەڵاحەدین بە رێكخراوەكەیان وتوە، رۆژی 14ی مانگی رابردو، چەند یەكەیەكی سوپای عێراق هاتونەتە گوندەكەیان و 19 خێزانیان بە زۆرو بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت و بێ هیچ بڕیارێكی یاسایی بۆ كەمپێكی ئاوارەكان لە پارێزگای نەینەوا گواستونەتەوەو پاشان لە 31ی تەمموز تاوەكو 4ی ئاب، یەكەكانی سوپای عێراق 72 خێزانی دیكەیان لە گوندەكەوە بەزۆر بۆ ئەو كەمپەی ئاوارەكان لە نەینەوا راگواستون و رێگەیشییان نەداوە هیچ شتێك لەگەڵ خۆیان بەرن.

رێكخراوەكە داوای لە دەسەڵاتداران كردوە كە دەستبەجێ ئەو راگواستنانە بوەستێنن و سەرجەم ئەو بەرپرسانەش سزا بدەن كە بەو شێوە خراپە دەسەڵاتی خۆیان بەكارهێناوە.

هیومان رایتس ۆوچ پەیوەندی بە نوێنەرێكەوە كردوە لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، بەڵام هیچ پاساوێكی نەخستۆتەڕو بۆ ئەو راگواستنانە.

بەر لە كۆنترۆڵكردنی لەلایەن داعشەوە لەساڵی 2014، 370 خێزان لەو گوندە ژیاون كە نزیكەی 14 هەزار كەس بون. لە ساڵی 2016 لەگەڵ گەرمبونی شەڕی داعش و حكومەتی عێراق سەرجەم دانیشتوانی گوندەكە هەڵهاتون بەرەو كەمپەكانی پەنابەران. لە ساڵی 2019، 330 خێزانیان گەڕانەتەوە گوندەكەو لە مانگی 1ی 2021یش 40 خێزانەكەی دیكە گەڕاونەتەوە، ئەوەش بەپێی قسەی دانیشتوانی گوندەكە.

لەگەڵ ئەوەی ئێستا 270 خێزان لەگوندەكە ماون، بەڵام بەقسەی رێكخراوەكە، رۆژی 12ی تەمموز، كوڕێكی وەزیرەكەی حكومەتی عێراق، كە دەوترێت راگواستنەكان بەهۆی كێشەی ئەون لەگەڵ براكەی، لە فەیسبوك نوسیویەتی، سەرجەم خێزانەكانی گوندی "عیسە" رادەگوازرێن.

بەپێی وتەی سێ لەوانەی قسەیان بۆ هیومان رایتس ۆوچ كردوە، ئەو ژنەی كە برای وەزیرەكە لەمانگی تەمموزدا هێناویەتی، پێشتر ژنی ئەندامێكی رێكخراوی داعش بوەو ریشسپیانی گوندەكە وتویانە، وەزیرەكە بڕیاریداوە بە دەركردنی دانیشتوانی گوندەكە تۆڵە لە براكەی بكاتەوە.









زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×