بەرهەم ساڵح و سەرۆكی لیتوانیا پرسی هاوڵاتییە عێراقییە گیرخواردوەكان تاوتوێ دەكەن
  2021-08-12       433       

دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و گیتاناس نەوسێدا، سەرۆکی لیتوانیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پرسی ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەیان تاوتوێ كرد كە لەسنوری بیلاڕوسیا-لیتوانیا گیریان خواردوەو ئاماژە بەو رێوشوێنانە درا كە حكومەتی عێراق ئەنجامیداون بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتیانە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرهەم ساڵح پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە گیتاناس نەوسێدا، سەرۆکی لیتوانیاوە پێگەیشت.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بەگرنگییەوە باس لە هەماهەنگی ھاوبەش و پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردو وڵات کرا، بەتایبەتی بابەتی ئەو هاوڵاتییە عیراقییانەی کە لە سنوری بیلاروسیا - لیتوانیا گیریان خواردوە، ھەروەھا ئاماژەکرا بەو رێوشێنانەی کە حکومەتی عێراق لەرێگەی وەزارەتی دەرەوە ئەنجامیداون بۆ گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتییانەی گیریان خواردوە لەرێگەی گەشتە ئاسمانییەکان و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.

بەرهەم ساڵح رایگەیاند، کە یاساکانی عێراق مافەکانی مرۆڤ و ئازادی گەشت و هاتوچۆی بۆ هاوڵاتیانی عێراق فەراھەم کردوە، بەڵام کەوتنە داوی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە کارێکی مەترسیدارە، ھەروەھا جەختیکردەوە کە حکومەت رێوشوێنی گرنگ و بەپەلەی بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی عێراق گرتوەبەرو لێکۆڵینەوەی بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە دەستپێکردوە کە هاوڵاتیانی لەو بابەتە تێوەگلاندوە.

ھەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق دوپاتیکردەوە لەگرنگی پاراستنی ماف و مسۆگەرکردنی ژیان و ئاسایشی کۆچبەران وەک بنەمایەکی بنەڕەتی پاراستنی مافەکانی مرۆڤە، ھاوکات ئاماژەیدا بەوەی کە جێی داخە هاوڵاتییەکی عێراقی لەسەر سنوری بیلاروسیاو لیتوانیا کوژراوە، بۆیە لەرێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەوارشۆ لایەنی لیتوانیمان ئاگادارکردوەتەوە تاوەکو زانیاری و رونکردنەوەمان پێشکەش بکەن سەبارەت بەو روداوە دڵتەزێنە.

بەرهەم ساڵخ ئاماژەی بەوەشکرد کە عێراق پابەندە بەرێزگرتن لە سەروەری وڵاتان، دوپاتیشیکردەوە لە پێویستی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەردو وڵات و زیادکردنی هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و لیتوانیا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×