وەزارەتی پێشمەرگە: چەند تانكەرێكی سەربازیمان خستۆتە خزمەت گەڕەكە بێ ئاوەكانی هەولێر
  2021-08-13       312       

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لە دوێنێ پێنجشەممەوە،  چەند تانكەرێكی سەربازییان خستۆتە خزمەت ئەو گەڕەكانەی هەولێر كە كێشەی ئاویان هەیەو دەشڵێت: بە هیواین ئەو كێشەیە بە زوترین كات چارەسەر بكرێت.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمڕۆ هەینی،  لەراگەیەندراوێكدا وتی"ماوەیەکە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر روبەڕوی کێشەی کەم ئاوی بونەتەوە، بۆ ئەم مەبەستە، وەک هەست کردن بە بەرپرسیارێتی هێزەکانی پێشمەرگە لەڕێگەی چەند تەنکەرێکی ئاوی سەربازیەوە هاوکاری ئەو گەڕەکانە دەکەن، کە توشی کێشەی کەم ئاوی بون."

عەمید روکن هۆشمند رەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوەكەدا وتویەتی"لە سەر داوای پارێزگاری هەولێر بەرێز ئۆمێد خۆشناو، بەپشت بەستن بە پرەنسیپە سەربازییەکان و وەک کاری هەمیشەیی و لەمێژینەی پێشمەرگە، هەر لە سەرەتای دروستبونییەوە هەیبوە، هەمیشە لەکاتی جەنگ، کارەساتی مرۆیی، لافاو هاوکاری خەڵکی سڤیل بوە و دەبێ، لەو روانگەوە لە دوێنێوە، وەک وەزارەتی پێشمەرگە ژمارەیەک تانکەری  سەربازیمان  خستۆتە خزمەت ئەو گەڕەکانەی، کە روبەڕوی کێشەی کەم ئاوی بونەتەوە لەشاری هەولێر، تا ئەو کاتەی ئەو گەرەکانە پێویستییان پێمان دەبێت، بەردەوام دەبین لە هاوکاری کردنیان تا کێشەکەیان چارەسەر دەبێت."

وتیشی: بەهیواین ئەو کێشەیە درێژە نەکێشێ و بەزوترین کات چارەسەر بێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×