"لەهیچ پرۆژەیەکی نیشته‌جێبونی‌ شوقەو ڤێلا له‌هه‌ولێر پاره‌ی‌ ئاو وەرناگیرێت"
  2021-08-13       896       

بەپێی هەواڵێكی سایتی بوار نیوز لەهیچ پرۆژەیەکی شوقەو ڤێلا له‌هه‌ولێر پاره‌ی‌ ئاو ئاو وەرناگیرێت كه‌ ژمارەیان 100 هەزار هاوبەشە. بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش ده‌ڵێت، "هیچ پێوەرێكمان بۆ نەبەستون‌و پارەشیان لێ وەرناگرین". په‌رله‌مانتارێكیش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ لەسەر حسابی ئاوی گشتی ھەولێر، بەمامەڵەی ئاوی بەردەوام یەکەی نیشتەجێبون دەفرۆشن.

ئاوێنه‌: لەهیچ پرۆژەیەکی شوقەو ڤێلا لەشاری هەولێر یەک دیناری ئاو وەرناگیرێت، هیچ کاتێکیش ئه‌و پرۆژانه‌ بێ ئاو نابن. پێوەری ئاویشیان نیە. به‌ڵام بەشی زۆری دانیشتوانی شاری هەولێر به‌ده‌ست بێ ئاوییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

سەردار ئازاد، خاوەنی کۆمپانیای کڕین‌و فرۆشتنی شوقەو ڤێلا لەشاری هەولێر بە سایتی‌ بوار نیوزی ڕاگەیاندووه‌، "بەشی زۆری پرۆژەکانی هەولێر بیری ئاویان لەژێر پڕۆژەکانیان لێداوە بۆ دابینکردنی ئاو بۆ بەشداربوانی پرۆژەکانیان".

ناوبراو ده‌ڵێت، "142 پرۆژەی شوقەو ڤێلا لەهەولێر هەیە، هیچ پرۆژەیەکیش لەو پرۆژانە پێوەری ئاویان نییە، پارەی ئاویش بەحکومەت نادەن، بەکارهێنانی ئاویش لەپڕۆژەکاندا کراوەیەو بەبەردەوامی ئاویان هەیە". 

سەبارەت بەنەبەستنی پێوەری ئاو بۆ ئەو پرۆژانە، زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەری ئاوو ئاوەڕۆی هەولێر به‌سایته‌كه‌ی‌ ڕایگه‌یاندووه‌، "تائێستا حکومەت ئاوی پرۆژەکانی ڕادەستی ئێمە نەکردوە، لەلایەن خاوەنی پرۆژەکان بیر لێدراوەو سەرپەرشتی دەکرێت، بۆیە ئێمە هیچ پێوەرێکمان بۆ نەبەستون، پارەشیان لێ وەرناگرین، بۆیە تا ئەمرۆش ئاوی پڕۆژەکان سەر بەحکومەت نین".

لەشاری هەولێر 250 هەزار هاوبەشی ئاو هەیە، لەم ڕێژەیەدا تەنها لە 81% پێوەری ئاویان بەستوە، بەڵام لەکۆی 142 پرۆژەی وەبەرهێنان‌و 100 هەزار یەکەی نیشتەجێبونی ئەم پرۆژانە، هیچ کام لەهاوبەشانی پرۆژەکانی وەبەرهێنان پێوەری ئاویان نییە، پارەی هاوبەشی ئاویش بەحکومەت نادەن.

لای‌ خۆیه‌وه‌ عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ڕونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ ھۆکارێکی سەرەکی کەمبونەوەی ئاوی ژێر زەوی ھەولێرو وشکبونی سەدان بیر، ئەم پرۆژانەن، قوڵایی بەشێک لەبیرەکان ٦٠٠ مەتر زیاترە! 

به‌وته‌ی‌ ئه‌و، ئەمانە بەناوی خزمەتگوزاری پارەیەکی ئێجگار زۆر وەردەگرن بەشێکی ھی ئاوەو بۆ خۆیان دەبەن! 

ئه‌وه‌شی‌ خستۆته‌ڕو كه‌ لەسەر حسابی ئاوی گشتی ھەولێر، بەمامەڵەی ئاوی بەردەوام یەکەی نیشتەجێبون دەفرۆشن‌و نرخی یەکەکانیش زۆر بەرز بوە. ئەمە جگە لەوەی ئاوو خاکی ھەولێریان بردوە! کەمترین ڕۆڵیان لەچارەسەری گرفتی نیشتەجێبون کردوە.. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×