حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەری کێشەی ئاو 11 بڕیاری دەرکرد
  2021-08-13       867       
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا 11 بڕیاری  بۆ چارسەرکردنی کێشەی ئاو ده‌ركرد كه‌ وەزارەتی شارەوانی  ڕاسپێردراوه‌ بۆ  داڕشتن‌و دانانی بەرنامەیەک بۆ ستراتیژی ڕوبەڕوبونەوەی کەمی ئاو لەگەڵ تەرخانکردنی 1.2 ملیار دیناری مانگانە بۆ مانگەکانی ئاب، ئەیلول‌و تشرینی یەکەم‌و دەسەڵاتی خەرجکردنیش دەدرێت بەپارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان.

ئاوێنه‌: ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

رۆژی پێنجشه‌ممه،‌ 12ی ئابی 2021، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە، له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و به‌ ده‌ستپێشخه‌ری سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا كه‌ وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کارەبا، دەستەی وەبەرهێنان، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، پارێزگارەکان، سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان و راوێژکاران و بۆردی پڕۆژەکان تیایدا ئاماده‌بوون، ئه‌م بڕیار و راسپاردانه‌ی خواره‌وه‌ دران:

1-  وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار راسپێردرا هەفتەی داهاتوو سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەک بكات لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی کارەبا و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و دەستەی وەبەرهێنان و پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و ناوەندی یاسایی و راوێژی ستراتیژی و بۆردی پڕۆژەکان، بە مەبەستی داڕشتن و دانانی بەرنامەیەک بۆ ستراتیژی رووبەڕووبونەوەی کەمی ئاو و بەردەوامیدان بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە بەشێوەیەکی خولی و مانگانی جارێک.

2-  تەرخانکردنی گوژمەی 1 ملیار و 250 ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار مانگانە، بۆ مانگەکانی 8-9-10 و پێدانی دەستەڵاتی خەرجکردن بە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار.

3- پابەندکردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بۆ ئەوەی لە ماوەی هەفتەیەکدا بە هەماهەنگی لەگەڵ بۆردی پڕۆژەکانی ئەنجومەنی وەزیران، دیراسەیەک و راپۆرتێک ئامادە بکات لەسەر هەردوو پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی 4 و پڕۆژەی ئاوی بارزان و دڵنیابوون لە توانای کۆمپانیاکان لە جێبەجێکردن و تەواوکردنی ئەو پرۆژانە و دۆزینەوەی سەرچاوەی پارەدارکردن (تمویل).

4-  پابەندکردنی وەزارەتی کارەبا لەماوەی دوو رۆژدا بۆ ئه‌وه‌ی دیراسەیەک ئامادە بکات بە مه‌به‌ستی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ بیرەکانی ئاوی خواردنەوە.

5-  پابەندکردنی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت بە سەربازی و شارستانیی، بە ئامادەکردن و دابینکردنی ئالیات و تانکەر و هەماهەنگی کردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بۆ گەیاندن و گواستنەوەی ئاو بە ئاسانی بۆ ئەو گەڕەکانەی كێشه‌ی کەمی ئاویان هەیە.

6-  پابەندکردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بە ئامادەکردنی راپۆرتێک کە تیایدا دیراسەیەکی ورد لەسەر هێڵی گواستنەوەی ئاو و پاڵاوتنی و پێوەرەکانی ئاو و پێداویستییەکانی چاککردنەوەی پڕۆژەکانی ئاو و خەزانەکانی ئاو و کۆکردنەوەی داهاتی ئاو (جیبایە) چۆن ئەنجام دەدرێت و لە چ ئاستێک دایە و ئاستەنگەکانی چین، لە ماوەی 15 رۆژ بۆ سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بەرزی بکەنەوە. 

7-  راسپاردنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ناردنی دۆسیەی پڕۆژەکانی دروستکردنی بەنداو لەسەر شێوازی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت (PPP) بۆ دیوانی ئەنجومەنی وەزیران.

8-  راسپاردنی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی کارەبا، بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بۆ دیراسەکردنی ئه‌وه‌ی تا چەند سوود لە بەنداوەکان وەردەگرین بۆ کارەبا.

9-  راسپاردنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئەنجامدانی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا و ئێران لەسەر شێلوبوون و گرتنەوەی ئاو.

10-  پابەندکردنی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانیان لە بەفیڕۆنەدانی ئاو و کارەبا بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ وەزارەتەکانی شارەوانی و گەشت و گوزار و کارەبا و ئەوقاف و کاروباری ئایینی و  پەروەردە و خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی.

11-  راسپاردنی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، بە مەبەستی کارکردن و هەماهەنگی کردن لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان بۆ دەرچوواندنی یاسای پاراستنی ئاو.


فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان
13/ 8/ 2021
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×