عومەر گوڵپی: حكومەت راسته‌وخۆ بەشدارە لە بەرزبونەوەى نرخى بەنزین
  2021-08-14       439       

عومەر گوڵپی‌، ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان، رایگەیاند، حكومه‌تی هەرێم‌و وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان، ڕاسته‌وخۆ بەشدارن لە بەرزبوونەوەى نرخى بەنزین و دەشڵێت: ئەو وەزارەتە نەك رۆڵی نییە لە كەمكردنەوەی نرخ، بەڵكو خۆی گەورەترین گەندەڵی دەكات لەڕێگەی قۆرخكاری لە پاڵاوتن و دابەشكردنی بەنزیندا.

ئاوێنە: عومەر گوڵپی‌، ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"رۆژ بە رۆژ نرخی‌ بەنزین گران دەبێت، بەجۆرێک نزیکبوەتەوە لە هەزار دینار بۆ لیترێک، شۆفێری‌ زیاتر لە یەک ملیۆن‌و شەش سەد هەزار ئۆتۆمبێل، ناچارن ڕۆژانە باجی‌ ئەم گرانییە بدەن، حکومەتیش لە ڕێگەی‌ وەزارەتی‌ سامانە سروشتیەکانیەوە، نەوەک ڕۆڵی‌ نییە لە کەمکردنەوەی‌ نرخ، بەڵکو خۆی‌ گەورەترین گەندەڵی‌ دەکات بە قۆرخکاریی‌ لە پاڵاوتن‌و دابەشکردنی‌ بەنزین، دیاریش نییە چەند لەو بەنزینە لە بازاڕو بەنایاسایی‌ بە نرخی‌ زۆر گران دەفرۆشرێتەوە."

لەبارەی "سەرپێچی و قورخاكاری و هەڵەكان"ی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە، عومەر گوڵپی وتویەتی"وەزارەتی‌ سامانە سروشتیەکان بە قۆرخکاریی‌ بڕی‌ 20 هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە تەنها لە پاڵاوگەی‌ (کار) دەپاڵێوێت‌و نایداتە هیچ پاڵاوگەیەکی‌ تر، کە ئەمە بۆ خۆی‌ قۆرخکارییەکی‌ گەورەی‌ ئاشکرایەو پێچەوانەی‌ بەرژەوەندی‌ گشتی‌‌و هەمو یاسا بەرکارەکانە."

ئەوەشی وتوە"ئەو بڕە بەنزینەی‌ بەرهەمی‌ دەهێنێت، کە بڕەکەی‌ یەک ملیۆن لیتری‌ رۆژانەیە، دەیدات بە دو کۆمپانیای‌ (سەن ئۆیڵ) و (کورد نەفت)، کە ئەمەش پێچەوانەی‌ هەمو یاسا بەرکارەکانەو گەندەڵیەکی‌ ئاشکرای‌ وەزارەت‌و بێبەشکردنی‌ کۆمپانیاکانی‌ ترە، هاوکات شارەکانی‌ تری‌ هەرێمیش."

هەروەها ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەداوە كە "ئەو یەک ملیۆن لیتر بەنزینەی‌ کە وەزارەتی‌ سامانە سروشتیەکان بەرهەمی‌ دەهێنێت‌و دەدرێتە ئەو دو کۆمپانیایە بۆ دابەشکردن، بە دو ڕێگە دەبێتە هۆی‌ بەرزبونەوەی‌ نرخی‌ بەنزینی‌ نۆرمەڵ."

بە بڕوای عومەر گوڵپی "بونی‌ یەک ملیۆن لیتر بەنزین کە بەنرخی‌ کەمتر لە نرخەکەی‌ بازاڕ دەدرێتە دو کۆمپانیا، دەبێتە هۆی‌ ئەوەی‌ بازرگانان نەتوانن بەهەمان نرخ بەنزین لە دەرەوە هاوردە بکەن، بەمەش ئەو بڕە بەنزینە نۆرمەڵەی‌ دەخرێتە بازاڕ کەمترە لەو بەنزینە نۆرمەڵەی‌ بازاڕ پێویستیەتی‌، بۆیە دەبێتە هۆی‌ تێکچونی‌ هاوسەنگی‌ هاوکێشەی‌ بازاڕ، ئەمەش واتە بەرزبونەوەی‌ نرخی‌ بەنزینی‌ نۆرمەڵ، وەک دەبینین لە (٥٠٠ دینار)ەوە نرخی‌ بەنزینی‌ نۆرمەڵ گەیشتوەتە سەرو (٨٠٠ دینار)."

هەروەك وتوشیەتی"ئەو بەنزینەی‌ بە نرخی‌ پشتیوانیکراوی‌ حکومی‌، کە (٦٢٠ دینار)ە، دەچێتە بازاڕ هیچ چاودێرییەکی‌ لەسەر نییە تا هەموی‌ بەسەر شۆفێراندا دابەش بکرێت‌، دیار نییە ئەو ملیۆن لیترە چەندی‌ بە (٦٦٠ دینار) دەفرۆشرێت‌و چەندی‌ بە قاچاخ بە نرخی‌ بازاڕ دەفرۆشرێتەوە کە زیاترە لە (٨٠٠ دینار)."

لە بەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەداوە كە "وڵاتان کاتێک ڕوبەڕوی‌ گرانی‌‌و خراپی‌ دۆخی‌ ئابوری‌ دەبنەوە، حکومەتەکانیان دەست بۆ کەمکردنەوەی‌ بڕی‌ باج‌و ڕسومات دەبەن، بۆ ئەوەی‌ جوڵەی‌ بازاڕ زیاد بێت‌و ئابوری‌ بگەشێتەوە، بە پێچەوانەوە، حکومەتی‌ هەرێم نەوەک باج کەم ناکاتەوە، بگرە باج‌و ڕسوماتی‌ لەسەر سوتەمەنی‌ زیاد کردوە، ئەمەش بوەتە هۆی‌ ئەوەی‌ بازاڕ بە پێچەوانەوە جوڵە بکات، باجی‌ هەمو ئەم سیاسەتە چەوتەش هاوڵاتی‌ دەیدات."

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەو بابەتەیان بە رێكاری پەرلەمانی ئاڕاستەی حكومەت كردوەو لە رۆژانی ئایندەشدا هەنگاوی زیاتر هەڵدەگرن بە ئاراستەی‌ "راگرتنی‌ وەزارەتی‌ سامانە سروشتییەکان لە قۆرخکاری‌." و وتوشیەتی" چونکە کوردستان ڕۆژانە زیاتر لە (٤٧٠ هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، ناکرێت نرخى بەنزین تیایدا وەک وڵاتێکى هاوردەکارى بەنزین بێت، ئەگەر تەنها (٤٠ هەزار) بەرمیل لە نەوتى بەرهەم هاتو لە ناوخۆ دور لە قۆرخکاریى بپاڵێوێت، ئەوە هەرگیز نرخی‌ بەنزین بەم ئاستەی‌ ئێستە بەرز نابێتەوە، بگرە ڕێگەچارەیەکی‌ گونجاویشە بۆ قازانجی‌ زیاتری‌ خەڵک‌و هەرێمی‌ کوردستان لە ڕوی‌ ئابورییەوە."

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×