بەپێی قسەی ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەسەر بنەمای رێككەوتنی نێوان هەردو سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێم ناردنی 200 ملیارەكە لە بەغداوە بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی یاسای بودجە جێبەجێ دەكرێت و دەشڵێت: لە ئایندەیەكی نزیكدا هەرێم و بەغدا لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 11ی یاسای بودجە دەگەنە رێككەوتن.
ئاوێنە: ئەحمەد سەفار، ئەمڕۆ شەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی وتوە"ناردنی 200 ملیار دینار لە لایەن بەغداوە بە گوێرەی رێککەوتنی نێوان ھەردو سەرۆک وەزیرانی ھەرێم و فیدراڵە، رێککەوتنەکە تا ئەوکاتە جێبەجێ دەکرێت کە یاسای بودجەی ساڵی 2021ی بودجەی عێراق دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردن، بە تایبەتی مادەی 11ی نێو یاسای بودجە."
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی وتیشی"لە ئێستادا کار لەسەر وردەکارییەکان دەکرێ بۆ جێبەجێکردنی مادەی 11ی یاسای بودجەی عێراق، کە تایبەتە بە ھەرێمی کوردستان، ئەگەر بێت و مادەکە جێبەجێ کرا، ئەوە شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بە گوێرەی رێککەوتن و یاسای بودجە رەوانە دەکرێت، ئەگەر پشکی ھەرێم زیاترە لەو 200 ملیارەی مانگانە بەغدا دەينێرێ، ئەوە زیاد دەکرێ، ئەگەریش کەمترە ئەوە بە گوێرەی مافی ھەرێمی کوردستان پارە دەنێرن."
د. ئەحمەد سەفار ئاماژەی بۆ ئەوەکرد"ئەو کێشانەی ئێستا لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە لە بارەی داھاتی نانەوتییە، واتە ھیچ کێشەیەک لەسەر داھاتی نەوت نییە، بەپێی زانیاریەکانم ھەوڵێکی زۆر ھەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا ھەردولا بگەنە ئەنجامێک و ئەو ماددەیەی یاسای بودجە، کە تایبەتە بە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت."