ئومێد خۆشناو: رێگە نادەین ھیچ ماڵێکی ھەولێر بێ ئاوبێت
  2021-08-14       485       


پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە ٥٢٠ بیری ئاو لە ھەولێر چاککراون و بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز٤ کێشەی ئاو بە تەواوی لە ھەولێر چارەسەر دەکرێت. ئێستا سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کودستان خۆی چاودێری دۆخەکە دەکات.

ئاوێنه‌: ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند : "ئەوەی ئێستا دەیکەین چارەسەری بنەڕەتی نییە، بەڵکو چارەسەری کاتییە بۆ ئەو قەیرانەی کە بەھۆی کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و شێلوبوونی ئاوی ئیفراز دروست بووە، بە خۆشحاڵییەوە ئێستا ھەرسێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی ھەولێر و قەندیل کار دەکەن، دەست بە چاککردنی بیرەکانیش کراوە و لەم دوو رۆژەدا ٥٢٣ بیر لە ھەولێر چاککراون و پرۆسەکەش بەردەوامە".

جەخیشیکردەوە: "رێگە نادەین ھیچ ماڵێکی ھەولێر بێ ئاوبێت، لە رێگەی ھەر شەش شارەوانی ھەولێر ئاو دابەش دەکرێت و گرفتە ھونەرییەکانیش چارەسەر دەکرێن".

پارێزگاری ھەولێر، وتیشی: "چارەسەر بنەڕەتی کێشەی ئاو لە ھەولێر پەیوەستە بە راکێشانی بۆری ئیفراز٤، خودی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات، ئێمەی راسپاردووە ئەوەی لە تواناماندا بێت بیکەین. چارەسەری یەکجاری لە پلانی حکومەت دایە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و راکێشانی بۆری ئیفراز چوارە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×