2021-08-14   653     
شارەکانی شەرەنە، ئەسەد ئاباد و گاردیز ناوەندی ویلایەتەکانی پاکتیکا، کونار و پاکتیا رۆژھەڵاتی ئەفغانستان، کەوتە ژێر کۆنترۆڵی بزووتنەوەی تاڵیبانەوە.
ئاوێنه: بەرپرسانی ئەمنی رایانگەیاند کە چەکدارانی تاڵیبان ھێرشەکانیان بۆسەر شارەکانی شەرەنە، ئەسەد ئاباد و گاردیز چڕکردووەتەوە.
ئەو بەرپرسە ئەمنیانە راشیانگەیاند کە ئەو شارانە کەوتوونەتە دەست تاڵیبانەوە و ھێزەکانی ئەمنییش تێدا کشاونەتەوە.
لەلایەکی دیکەش دوێنێ بەیانی، ناوەندی ویلایەتەکانی لۆگار، زابول و ئوروزگان کەوتبووە دەستی چەکدارانی تاڵیبانەوە.
دوای بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و شکستھێنانی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان حکوومەتی کابوڵ و بزووتنەوەی تاڵیبان، پەلامارەکانی تاڵیبان پێشڕەوییان بەخۆوە بینی و لە مانگی حوزەیرانەوە دوای کۆنترۆڵ کردنی دەیان شارۆچکە ئاڕاستەی ھێرشەکان رووی کردە ناوەندی پارێزگاکان.
ناوەندی پارێزگای نیمروز لەسەر سنووری نێوان ئەفغانستان-ئێران ناوەندی یەکەم ناوەندی پارێزگا بوو کە کەوتە دەست تاڵیبان. بەدوایدا بزووتنەوەکە ناوەندی ٢١ پارێزگای دیکەیشی کۆنترۆڵ کرد و لە ئێستادا تەنھا ناوەندی ١٣ پارێزگا لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی کابوڵدایە.