باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا: پێویستمان به‌ نێوه‌ندگیریی عێراق نییه‌ له‌باره‌ی ئێرانه‌وه‌
  2019-05-22       1162       

جۆی هود، هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباره‌كانی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌به‌غدا رایگه‌یاند، نازانن له‌و موشه‌كه‌ كاتیوشایه‌ی چه‌ند رۆژی رابردو له‌ ناوچه‌ی سه‌وز كه‌وتۆته‌ خواره‌وه‌، كێ كراوه‌ته‌ ئامانج. ده‌شڵێت، ئه‌مریكا پێویستی به‌ نێوه‌ندگیری عێراق نییه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئێران.

ئاوێنه‌: جۆی هود، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌به‌غدا رایگه‌یاند"تا ئێستا هیچ لایه‌نێك به‌رپرسیارێتی خۆی له‌باره‌ی روداوی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی موشه‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ی سه‌وز رانه‌گه‌یاندوه‌، هه‌روه‌ك ئێمه‌ش نازانین له‌و روداوه‌دا كێ كراوه‌ته‌ ئامانج."

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ئێستادا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بزانن كێ ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی ئه‌نجامداوه‌.

شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منیی عێراق رایگه‌یاندبو كه‌ ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ موشه‌كێكی كاتیۆشا له‌ ناو جه‌رگه‌ی ناوچه‌ی سه‌وز له‌به‌غدا كه‌وتۆته‌ خواره‌وه‌ به‌ڵام زیانی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه‌.

له‌باره‌ی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مریكاو ئێرانه‌وه‌، جۆی هود ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ وڵاته‌كه‌ی پێویستی به‌ نێوه‌ندگیری عێراق نییه‌و وتیشی"ده‌توانن به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئێران به‌رده‌وام بین بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كه‌مان كه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی رایبكێشینه‌ سه‌ر مێزی دانوستان له‌گه‌ڵماندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش پێشوازی له‌ راوێژده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بۆ ئاڵوگۆڕكردنی بۆچونه‌كان."

دوێنێ سێشه‌ممه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاندبو كه‌ عێراق وه‌فد بۆ واشنتۆن و تاران ده‌نێرێت بۆ ئه‌وه‌ی هاوكار بێت له‌ هێوركردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌و دو وڵاته‌ له‌ناوچه‌كه‌.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×