پۆلیسی هەڵەبجە: ئەو منداڵەی تەرمەكەی لەناو بیریكێدا دۆزرایەوە، لەلایەن باوكییەوە كوژراوە
  2021-08-15       645       

دوای چەند رۆژێک لە دۆزینەوەی تەرمی منداڵیکی نۆ ساڵان لەناو بیرێکدا لە مزگەوتێکی هەڵەبجە، پۆلیسی هەڵەبجە رایده‌گه‌یه‌نێت، تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنی منداڵەکە باوکێتی و بۆ شاردنەوەی تاوانەکە تەرمەکەی فڕێداوەتە نێو بیرەکە.

ئاوێنە: بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند، ئەو منداڵە لە ئێوارەی رۆژی سێشەممە لە ماڵ چوەتەدەرەوە و نەگەڕاوەتەوە، هەر ئەو ئێوارەیە چوەتە مزگەوتێکی گەڕەکی سەرا بۆ ئەوەی نوێژ بکات، بەڵام دوای نوێژکردن نەچوبوەوە ماڵەوە بۆیە گەڕان بە دوایدا دەستیپێکرد.

هەر ئەو شەوە لە کاتژمێر 11:00 تەرمی منداڵەکە دۆزرایەوە، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە باسی لەوە کرد، دوای لێکۆڵینەوە سێ کەس دەستگیرکراون کە یەکێکیان تۆمەتباری سەرەکییە و "باوکی منداڵەکەیە."

وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە وتی، دو کەسەکەی دیکەش نزیکن لە منداڵەکەوە. تۆمەتباری سەرەکیش ناوی (ق. س.) و تەمەنی 38 ساڵانە.

بە وتەی بەرزان عوسمان، باوکەکە لەکاتی دۆزینەوەی منداڵەکەی "شیشێکی هەڵگرتوە و ویستویەتی بیترسێنێت، شیشەکەی بۆ وەشاندوە و بەر سەری منداڵەکەی کەوتوە، بەوهۆیەشەوە هەر لەوێ گیانی لەدەستداوە."

وتیشی"باوکەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە."

رۆژی 11ى ئابى 2021، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەڵەبجە پرسەنامەیه‌کی بڵاوکردوەتەوە، بەپێی ئەو پرسەنامەیە بێت، ق. س.، کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجەیە لە بەشی ژمێریاری.

وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە راشیگەیاند، دەستگیرکردنی ئەو دو کەسە پەیوەندی بە لێکۆڵینەوەوە بوە، وتیشی"لەبەر ئەوەی نێو مزگەوتەکە تاریک بوە، باوکەکە کوڕەکەی بەباشی نەبینیوە و شیشەکە بەر سەری کەوتوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×